لە میانەی بەشداریکردنی لە پانێلێکی دیداری مێری، بەرێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەوەی ئایا ئامۆژگاریی بۆ سەرۆکوەزیرانی تازەی عێراق چییە؟ گوتی: “هەر سەرۆکوەزیرانێک بیەوێت سەرکەوتوو بێ، پێویستە خزمەتگوزارییەکان زیاتر بکا.
پانێڵەكە كە لەلایەن د.دلاوەر عەلادین بەرێوە دەچوو، سەرەتا پرسیاری لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی عێراق لە مەسروور بارزانی كرد و گوتی، كە دەڵێین سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركێكی قورسمان دێتە بەرچاو، بەڵام ئامۆژگاریت بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق چییە؟. مەسروور بارزانی گوتی، دۆخی عێراق ناخۆشە و قسەم لەگەڵ سوودانی كردووە كە راستكردنەوەی ئەو هەڵانە ئاسان نییە، بەڵام رام وایە خەڵكی عێراق پێویستی بە خزمەتگوزاری و ئاوی خواردنەوە و بنكەی تەندروستی و ژیانێكی بەختەوەرە، بۆیە هەر كەسێك بیەوێ سەركەوتوو بێ دەبێت كارە خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵك زیاد بكات، چونكە عێراق لە ئاستێك وەستاوە هەر پێشكەوتنێك زۆر گەورە دەێتە بەرچاو.
مەسروور بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە حكوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی ئەجێندای خۆیدا كاری كردووە و ئەو ئەزموونەی لەو سێ ساڵە دەستمان كەوتووە دەیخەنە خزمەتی عێراقیش، ” ئێمە لێرە چاكسازیمان كرد، دروستكردن و بنیادنان بووە، چونكە پێشتر ئەو كارانە نەكراوە، ئێستە پرسی بەدیجیتاڵیكردن كەوتووەتە كار كە تا ساڵی ٢٠٢٥ مامەڵەی كاغەز لە كوردستاندا نامێنێ.