فەرماندەیی هێزەكانی 70ی یەكێتی بە یەك جار 18 کەس بە نایاسایی 9 پلە بەرز دەكاتەوە
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری خولی پێنجەی پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك دوو نووسراوی فەرمیی هێزەكانی (70)ی یەكێتی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بە ئەوە داوە كە بە یەك بڕیاری فەرماندەیی هێزەكانی (70)ی یەكێتی (18) كەس لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسەوانییەكان بە یەك جار (9) پلە بەرز كراونەتەوە و دەڵێت، ئەوە بە یەكێك لە پێشێلكارییە زەقەكانی سەربازی دادەنرێت.
عەلی حەمەساڵح نووسیویەتی كە بەپێی فەرمانێكی فەرماندەیی هێزەكانی (70)ی یەكێتی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ژمارە (108) كە لە رۆژی (6/1/2020) دەرچووە، ئاماژە بە بەرزكردنەوەی پلەی (18) ناو دەكات لەسەر میلاكی بەرێوەبەرایەتیی پاسەوانییەكان، ئەو كەسانە لە بەرێوەبەرێتی پاسەوانیین، بەڵام بە یەك جار پلەكانیان (9) جار بەرز كراونەتەوە.
بەپێی ئەو نووسراوەی هێزەكانی (70)ی یەكێتی كە واژووی یاریدەدەری فەرماندەیی لەسەرە، هەندێكیان لە پلەی (نائیب عەریف)ەوە بەرز كراوەتەوە بۆ (نائیب زابتی پلە یەك) واتا بە یەك جار (9) پلە بەرز كراوەتەوە، واتا لە پلەی (نائیب عەریف) تا (نائیب زابتی پلە یەك) زیاتر لە (9) پلە لەنێوانیاندایە (نائیب عەریف دەبێتە عەریف، عەریف دەبێتە، رەئیس عورەفا، رەئیس عورەفا دەبێتەوە، نائیب زابتی نمرە 8، دواتر نائیب زابتی نمرە 7، دواتر، نائیب زابتی نمرە ، دواتر، نائیب زابتی نمرە 5، دواتر، نائیب زابتی نمرە4 ، دواتر، نائیب زابتی نمرە3 ، دواتر، نائیب زابتی نمرە2 ، دواتر، نائیب زابتی نمرە 1) واتا بە یەك بڕیار زیاتر لە (9) پلە پلەكەی بەرز كراوەتەوە.
عەلی حەمە ساڵح روونیشی كردووەتەوە، ئەو كەسانە بەشێكیان لە (نائیب زابتی نمرە پێنج)ەوە كراوە بە (نائیب زابتی نمرە دوو) ئەوە سێ پلە بەرز كراوەتەوە، تەنیا ئەو سێ پلەیە لانی كەم (3) ساڵی دەوێت، هەیانە لەناو خشتەكە لە (نائیب زابتی نمرە هەشت)ەوە كراوە بە (نائیب زابتی نمرە یەك) واتا شەش پلەی دراوەتێ.
عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت ، كێشەكە تەنیا ئەو 18 كەسە نییە و نزیكەی 1800 كەسی دیکە لەم 4 مانگەدا خراونەتە سەر یەكەی 70 بە لەجێدانان و سەرجەمیشیان پلەیان لە سفرەوە كراوە بە نائب زابت ئیتر لە دەرەجە 8ەوە بۆ مومتاز