ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانییەوە
ئەوە بۆ جاری چەندەمە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پەلاماری مووشەكی و بۆردومانی هێزەكانی ئێران. ئیدانەی ئەو پەلامار و بۆردومانانە دەكەین چونكە بووەتە هۆی كوشتن و برینداربوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و ژن و منداڵی بێتاوان و ئەوە لە ڕاستیدا تاوانكارییە. لە هەمانكاتیشدا ئەو پەلامار و بوردومانانە پێشێلكردنی بنەماكانی دراوسێتی و دۆستایەتی و سەروەرییە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و لە دژی بەرژەوەندی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە.
ڕاشیدەگەیێنین كە مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناکات و پێویستە چیتر پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت كە جگە لە تاوانكاری و ناسەقامگیری هیچی لێ بەرهەم ناهێت. داوا دەكەین دەستبەجێ ئەو پەلامار و بوردومانانە ڕابگیرێن و هەرێمی كوردستانیش چیتر نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ.
بارەگای بارزانی
28ی ئەیلوولی 2022