مەسرور بارزانی لە زاخۆ بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی دانا

ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئەیلوولی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی دانا و تێیدا گوتارێکی پێشکەش کرد.

پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

• لە ماوەی ساڵی ڕابردوو پرۆژەی زۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجام دراوە لە ڕیگەوبان، کەرتی پەروەردە، کەرتی تەندروستی و کەرتی گەشتوگوزار، چونکە بەداخەوە پێشتر وەک پێویست خزمەتی زاخۆ نەکرابوو.
• هیوادارم ئەم پڕۆژانە ببێتە هۆی باشتركردنی ژیانی خەڵكی زاخۆ و شێوازی باژێڕڤانی لە زاخۆ، كەمتەرخەمی ناكەین و بەردەوام دەبین.
• زاخۆ بۆ ئێمە شارێكی گرنگە، دەڤەری زاخۆ بە شێوەیەكی گشتی دەڤەرێكی زۆر گرنگە، قوربانییەكی زۆری داوە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان، لە شۆڕشە یەک لە دوای یەكەکان کە لە كوردستان كراون قوربانییەکی زۆری داوە.
• من لێرە باوك و كەسوكاری چەندان شەهید دەبینم، لێرە راوەستاون و ئامادەن، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئێوە دەچەمێنین، ئومێدەوارین خوا دەرفەت بداتە ئێوە تەمەنی ئێوە درێژ بكات و پشتیوان بن بۆ ئیدارەی خۆتان كە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە، تا ئەویش لە خزمەتتاندا بێت.
• خەڵكێكی زۆر هەیە لە زاخۆ كە خاوەن شەهیدە و زەحمەتێكی زۆریان كێشاوە، وەك زۆربەی ناوچەكانی تری كوردستانیش كەمتەرخەمییان نەكردووە لە پارێزگاریکردنی دەستكەوتەكانی كوردستان.

• هەر خزمەتێك بۆ ئەم دەڤەرە بکرێت، مافی ئەوانە و شایانی ئەوانە و پێویستە ڕۆژ بە ڕۆژ دەڤەری زاخۆ پێش بخەین.
• جگە لەوەی زاخۆ لە ڕێگەی كوردایەتی و بەرەڤانی و بەرخۆداندا لە هەرێمی كوردستان چەند زەحمەتی كێشاوە، زاخۆ دەڤەرێكی گرنگی بازرگانییشە، دەڤەرێكە كە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی توركیاوە بە ئەوروپا گرێ دەدات.
• پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرین، ئێمە چۆن دەتوانین باشترین سوود لە ڕووی بازرگانی وەربگرین و خەڵكی زاخۆش لێی بێبەش نەبێت.
• بڕیاری جووتسایدكردنی شەقام و جادەكانی زاخۆ بۆ ئاسانكاریی بازرگانیی نێوان زاخۆ و شارەكانی دیكەی كوردستان و گرێدانی هەرێمی كوردستان بە دەرەوەی كوردستان، ئەمە دەكرێ هەنگاوێكی باش بێت بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان.

• بەر لە ساڵێك وەك ئەوەی من تێگەیشتم، گوتیان ٦٠٪ی شەقام و كۆڵانە ناوخۆییەكانی زاخۆ هێشتا قیرتاو نەكراون، ئێمە سەربەرزین ئەمڕۆ دەڵێین ئەو هەڵمەتەی بۆ قیرتاوكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی زاخۆ كراوە، زیاتر لە ٣٠٪ی ئەو ٦٠٪ە ئەنجام دراوە.
• لە ڕووی گەشتوگوزاریشەوە زاخۆ شارێكی زۆر جوانە و دەڤەری زاخۆ زۆر دڵڕفێنە، بەڵام بەداخەوە ئەو شەڕ و پێكدادانەی ئێستا بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان هەیە، لە گوند و دەوروبەری زاخۆ هەیە، بووەتە هۆكاری ئەوەی ئێمە نەتوانین زۆر گوندی خۆمان ئاوەدان بكەینەوە.
• هیوادارین ئەو شەڕە كۆتایی بێت و ڕێز لە سەروەری و خاكی ئێمە بگیرێت. تا بتوانین خزمەتێكی زیاتری خەڵكی خۆمان بكەین و خەڵكەكەشمان بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوەدانیی خۆیان.
• پردی دەلال كە دەزانم چەند گرنگیی بۆ خەڵكی زاخۆ و هەموو كوردستان هەیە، دڵخۆشم كە ئەو پرۆژەیەش دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن، هیوادارین لە كاتێكی نزیكدا هەم خەڵكی كوردستان و هەم خەڵكی دەرەوەی كوردستانیش بێن سەردانی پردی دەلال بكەن.
• لە بەرنامەماندایە بەنداوێكیش لەم دەڤەرە دروست بكەین كە یەكێكە لەو پرۆژانەی لە بەرنامەی كابینەی حكومەتدا هەیە بۆ دروستكردنی چەند بەنداوێك لە سەرانسەری كوردستان.