کەیسی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان هێندە بەهێزە کە دەتوانن سکاڵاکانیان دژی حکومەتی عێراق ببەنەوە

کۆمپانیای گیبسن دان، کە کۆمپانیایەکی یاسایی نێودەوڵەتی ئەمریکییە، لە شرۆڤەیەکدا کە ئەنجامیداوە بۆ کێشەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکانی نێو هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر حکومەتی عێراق سووربێت لەسەر هەوڵەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئەوا کۆمپانیا نەوتییانە دەتوانن سكاڵا لە دادگە نێودەوڵەتییەکان تۆماربکەن و داوای قەرەبووی دەیان ملیار دۆلار لە حکومەتی عێراق بکەن.

بەپێی ئەو کۆمپانیایە، بە لەبەرچاوگرتنی خاڵ و بڕگەکانی نێو دەستووری عێراق و یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، کەیسی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان هێندە بەهێزە کە دەتوانن سکاڵاکانیان دژی حکومەتی عێراق ببەنەوە و بەوهۆیەشەوە حکومەتی عێراق رووبەرووی کێشەی گەورەی یاسایی دەبێتەوە و ناچار دەبێت ملیارەها دۆلار وەک قەرەبوو ببژێرێت.

گیبسن دان لە شرۆڤەکەیدا دەڵێت: ” لە هەموو دۆخێکدا هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و دەبێت عێراقیش پابەندی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان بێت، بەتایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراق کە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی مەترسی بۆ ژینگەی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دروستبێت و ئەو هەنگاوەش دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا و رێساکانی رێکخراوی کۆنفرانسی ئیسلامییە کە عێراق تێیدا ئەندامە. هەربۆیە دەبێت حکومەتی عێراق پابەند بێت بە گەرەنتیکردنی مافی وەبەرهێنەرە بیانییەکان.” 

کۆمپانیای گیبسن دان لە ساڵی 1890 لە ئەمریکا دامەزراوە، 1400 پارێزەری هەیە و لە 20 وڵاتی جیهاندا لقی هەیە.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *