بەرگی پێنجەمی پەرتووکی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، و چەند سەرنجێک

بەرگی پێنجەمی پەرتووکی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، و چەند سەرنجێک

قەهرەمان عوسمان ، ماستەر لە یاسای گشتی:

بەرگی پێنجەمی پەرتووکی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد لە نووسینی ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی، دیکۆمێنتێکی مێژوویی گرنگە، کە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارەنەی تێدایە کە لامان گەڵالە بوونە، لەسەر ئەو مێژووەی کە بەشێکی تەمەنمان پێک دێنێت و شاهیدی ڕووداو بینراوەکانی بووین.
ئەم پەرتووکە؛ پەردە لەسەر دیوە شاراوەکانی ڕووداوەکانی کوردستان، لە نێوان ساڵانی 1991 و 2003، و یاری دەزگا هەوڵگەرییە ئیقلیمی و دەوڵییەکان و ڕۆڵیان لە خوڵقاندنی هەندێ پێشهاتی ناخۆش و چاندنی تۆی دووبەرەکی لە نێوخۆی کوردستان، ڕادەماڵێت.
ئەوەندە بە شەفافی باس لە ڕووداوەکان و هۆکارەکان کراوە، کە هیچ ناڕوونییەکی بەجێ نەهێشتووە، و تیایدا ئەو لایەنەی کە بووەتە دەستکەڵای دەزگا هەوڵگەرییە ئیقلیمییەکان ئاشکرا کراوە، و ئەوەشی تێدا ڕوونکراوەتەوە کە چۆن تەسلیمی ئیرادەی دەرەوە بووە، و چۆن بە فیتی دەوڵەتێکی ئیقلیمی دەستی لە شەڕی خۆکوژی نە پاراستووە و تەنانەت بۆ رازی کردنی دەوڵەتێکی تری ئیقلیمی دەستی لەو پارتە کوردیەش نە پاراستووە، کە پێشتر لە چەند جەولەیەکی شەڕی ناوخۆ شان بە شانی ئەو دژی پارتی شەڕی کردووە.
ئەوەی ئێستاش دەبینرێت لە ڕشانەوەی هەندێ لایەن و کەسی بەکرێگیراوە بەم پەرتووکە، هۆکارەکەی: هەر ئەم لایەنەی پەرتووکەکەیە، كه ڕووی ڕاستەقینەی جاش و خۆفرۆشە نێوخۆییەکان و ئاغاکانیان پیشان دەدات.

ئەو ڕاستییانەی لەم پەرتووکەدا دەستمان دەکەوەن ئەوانەن:

1. راپەرینی گەلی کوردستان لە بەهاری 1991 هەوێنی یەکریزی و هاوکاری نێو لایەنە کوردستانییەکان بوو، تیایدا پێشمەرگە و هاووڵاتییان و هەندێ فەوجی خەفیفەی جاشیش ڕۆڵیان تێدا بینی و بووە بناغەیەک، بۆ ئەم هەرێمەی کە ئێستا لە سایەیدا بە ئازادی دەژین و خاوەن پەرلەمان و حکومەت و کیانی خۆمانین.
2. شەڕی داسەپاوی ناوخۆ پیلانێکی ئیقلیمی سێ قۆڵی و نێودەوڵەتی بووە، بۆ تێکدانی نێوماڵی کوردی، و لایەنێکیش کەوێ سووری بەر لەشکر بووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پیلانە، کە بە داخەوە بە هەزاران ڕۆڵەی ئەم وڵاتە تیایدا بوونە قوربانی. ئەوەی کە زۆر سەیرە! ئەوەیە کە؛ ئەو کەوا سوورە ڤیتۆی لەسەر هیچ دەوڵەتێکی ئیقلیمی نەبووە بۆ ڕێکەوتن لەگەڵی و لێدان لە پارتێکی کوردی و ئاستەنگ دروست کردن بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.
3. شەڕی ناخۆ؛ ماڵوێرانییە و هەگیز چارەسەر نییە بۆ ناکۆکییە نێوخۆییەکان، مێزی گفتوگۆ تاکە ڕێگەی لێکتێگەیشتن و پاراستنی یەکریزی کوردە، کە فاکتەرەی سەرەکی بەهێزی کورد و پاراستنیەتی.
4. ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەر دابەشکراوە ئەگەر لە هیچ هاوڕا نەبن، لەسەر لێدان لە کورد لەگەڵ یەکدا کۆکن، و هیچ جیاوازییەکیش لە نێوان حیزبە کوردستانییەکان ناکەن، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە لێدانە لە کورد.
5. پەکەکە حیزبێکە کە بە تەواوەتی تەسلیمی ئیرادەی دەوڵەتێکی ئیقلیمی بووە، و وەک داشی دامە بەکار دەهێندرێت بۆ لێدان لە دۆزی کورد، و ڕێگری کردن لە بە دەستهێنانی مافەکانی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان.
6. لێخۆشبوون لە جاش و ئامر مەفرەزە و موستەشارەکان، بۆ پاراستنی یەکریزی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بووە لە کوردستان، کاتێک زۆربەییان هاوشان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە بەشدار بوونە لە ڕاپەرینی ساڵی 1991.
7. پارتی دیموکراتی کوردستان، هەرگیز لەگەڵ شەڕی کورد کوژی نەبووە، و زۆر هەوڵیشی داون کە نەچێە شەڕەوە، بەڵام بە ناچاری بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆی دەستی داوەتە چەک و بەرگری لە خۆی کردووە، و هیچ کاتێکیش نەبووەتە دەستکەڵای هیچ دەوڵەتێکی ئیقلیمی و دەوڵی، کە ئەمە خاڵە بەهێزەکەی پارتییە، کە تاکە پارتی ڕەسەنی کوردییە و بۆ کورد و لە پێناو کورستان تێدەکۆشێت. هەر کاتێکیش دەوڵەتێکی ڕاکێشابێتە نێو ململانێ نێوخۆییەکان تنها پەرچە کردار بووە و بۆ ڕووبەرووبوونەوەی دەوڵەتێکی تری ئیقلیمی ئەو کارەی کردووە.
8. کورد بە یەکریزی دەتوانێت دەستکەوتەکانی ئێستا بپارێزێت و هەنگاو بۆ هەرمان و دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆ نووسی کورد بهاوێژێت، ئەمە وانەیەکی گرنگی ئەم پەرتووکەیە کە دەبێت هەموومان بیکەینە ئەلقە و لە گوێمانی بکەین.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button