بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیاری ئەنجوومەنى وەزیران بۆ بابەتی نوێنەرانی کارمەندانى گرێبەست و وانەبێژان خاوەن بڕوانامە باڵاکان، ئەنجومەنى گشتى ڕاژە کۆبونەوەیەکی کرد.
بەپێی ڕاگەیانداوێک، ئەمرۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١١/٩، سەرۆکى ئەنجومەنى گشتى ڕاژە بە ئامادەبوونى بەرێوەبەرى گشتى هەماهەنگى و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى گشتى پەرەپێدانى کاڕگێرى لە ئەنجوومەنى گشتى ڕاژە لەگەڵ نوێنەرانى وانەبێژان، کارمەندانى گرێبەست و خاوەن بڕوانامە باڵاکان کۆبوویەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “لەم کۆبوونەوەیە سەرۆکى ئەنجوومەنى راژە بەرچاوروونى پێویستى بە ئامادەبوواندا لە سەر ناوەرۆکى بڕیارى (١٧٨)ى ئەنجوومەنى وەزیران لە ٢٠٢٢/١٠/٢٦و بە تێروتەسەلى وردەکاری دید و ستراتیجى ئەنجومەنى گشتى راژەى لە سەر شێوازى جێبەجێکردنى ئەم بڕیارە بۆ ئامادە بووان خستەروو”.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە کۆتاییدا وەڵامى تێکراى پرسیارەکان کە لە لایەن ئامادەبووان خرایەروو کە لە سەر بابەتەکانى پێوەست بە دامەزراندنى هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکان و بە هەمیشەیى کردنى کارمەندانى گرێبەست و بە گرێبەست کردنى شێوازى وانەبێژیی ماموستایانى سەر بە وەزارەتى پەروەردە، درایەوە.
مانگی پێشوو لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان،دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، دیدگا و ستراتیجی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی پەسەند کرد، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی ڕاسپێردرا، بە تاووتوێکردنی بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و کارمەندانی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێم، لەبەر ڕۆشنایی دیدگا و ستراتيجی پەسەندکراوی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی.