هاوپەیمانی نیشتمانی: پێمان باشە یەک لیستی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەبێت

هاوپەیمانی نیشتمانی: پێمان باشە یەک لیستی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەبێت
سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی رای دەگەیەنێت، کە ئەوان بە باشی دەزانن کورد، عەرەب، تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە یەک لیست بەشداری بکەن، ئەگەر ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا کورد خۆی یەک لیستی هەبێت، نەک بە جیا جیا بەشداربن.
ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی بە (بازمیدیا)ی راگەیاند: لە کەرکووک، دیالە، سەلاحەدین و مووسڵ، ئێمە پێمان باشە کورد و عەرەب و تورکمان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن، ئەمەش بۆ دروستکردنی پێکەوە ژیانە لەو شوێنانە، بۆ ئەوەی لایەنی مەزهەبی و دینی و پاشخانی سیاسی تێبپەڕێنین، بۆ ئەمەش بەشێوەیەکی فەرمی داوامان لە پارتی و یەکێتی کردووە تا هەوڵێکی لەو جۆرە بدەن، بەڵام ئەگەر ئەمەش نەکرا، پێمان باشە یەک لیستی کوردستانی لە ناوچە جێناکۆکەکان هەبێت، بۆ ئەوەش لە گفتوگۆداین نازانین تا چ رادەیەک دەگەین بە ئەنجامێک.
هاوکات گوتیشی؛ ئێمە لەگەڵ پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش کۆبوونەوەمان کردووە، تا بتوانین یەک لیستی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان پێکبهێنین.
سەبارەت بە دەنگۆی داواکاری هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو ئەو حزبە، ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی دەڵێ: ئێمە داوای لەو جۆرەی لە د.بەرهەم ناکەین، ئەوەی باس لە گەڕاندنەوەی ئەو کەسە دەکات زیاتر پڕوپاگەندەی چەند کەسێکە کە چاویان بە چالاکییەکانی هاوپەیمانی نایەت، واتە نە داوای گەڕانەوەمان کردووە، نە داوای هاتنەوەی وەک سەرۆکی حزبەکە کراوە، ئەو سەرکردەیەکی یەکێتییە و لەنێو حزبەکەی کار دەکات.