بۆ مەکتەبی سیاسی و سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
عەیبەیەکی گەورەیە لەو ئاستە باڵایەی بەرپرسیارێتیدا و بەو تەمەنە زۆرەتان لە ئەزموون و خەبات ئێستا لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی بوختان بکەن و بکەونە داوی ئەو فەوزا و مناڵبازاڕیەوە کە لە سیاسەت و سۆشیال میدیا دەگوزەرێ.
لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا چەندین سەرکردەی یەکێتی وەکو شێخ جەعفەر، جەمیل ھەورامی، حەسیبە عەبدوڵلا لە تەلەفیزۆنی حزبەکەیانەوە و لە ڕوونکردنەوەی فەرمی مەکتەبی سیاسی یەکێتیشدا باسی ئێمە و ئەو ڕووداوەیان کرد کە لە چەمچەماڵ ڕوویدا و ئێمەی پێ تۆمەتبار کراین و سکاڵامان لێکرا، ھەمویان زۆر بە موسەیتەری وا باسیانکرد کە ڕووداوەکە بە ڕۆژی ڕووناک و بە ئاشکرا بووە، وەکو تاوانبار و تیرۆریست باسی ئێمەیان کردووە نەک تۆمەتبار، باسی ئەوەیان کرد کە ئێمە نەچوینەتە دادگا، پارتی دیموکراتیان بەوە تۆمەتبار کرد کە داڵدەی ئێمەی دابێت لە ھەولێر و بەو ھۆیەوە فەوجی بۆمان کردبێتەوە، من لە خوارەوە بەم چەند خاڵە بەرچاو ڕوونی ئەدەمە خەڵکی کوردستان و وەڵامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەو سەرکردانەی یەکێتی ئەدەمەوە:
١-ئەو ڕووداوە بە ڕۆژی ڕووناک نەبووە و کاتژمێر دەی شەو بووە لە گەڕەکێکی تا ڕادەیە چۆڵ و بێ کامێرا، بچوکترین بەڵگە و دەلیل نیە کە چۆن و کێ ئەو کارمەندەی ئاسایشی کوشتووە.
٢-ئێمە لە دادگا یاخی نەبووین و ھەموو ئەوانەی کە سکاڵامان لێکراوە بە زووی چوینەتە دادگا و بەھۆی نەبوونی ھیچ بەڵگە و دەلیلێک لەسەرمان لە ١٤/٦/٢٠٢٢ ئازاد کراوین.
٣-ئێمە لە چەمچەماڵ نەڕۆیشتوین تا پارتی داڵدەمانی دابێت لە ھەولێر.
٤-باسی ئەوە دەکەن لە دوای ئەو ڕووداوە پارتی فەوجی دابێت بە من، یەکەم من تا ئێستا ھیچ پلە و پۆستێکی سیاسی و سەربازی و حکومیم وەرنەگرتووە و بە نیازی پلە و پۆستیش نیم، دووەم ئەو فەوجە نۆ مانگ پێش ئەو ڕووداوە دروستکرا نەک دوای ڕووداوەکە، ئەو فەوجە بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ دامەزراندنەوەی ئەو گەنجانە بوو کە ئێوە لە ئەنجامی ململانێی سیاسی نێوان خۆتان و بزوتنەوەی گۆڕاندا سزایانتان دا و نانبڕاویانتان کرد، توانیمان ٦٠٠ گەنجی سنوری چەمچەماڵ لەسەر میلاک و لەسەر دەستی پارتی دابمەزرێنین.
٥-ئەو کارمەندەی ئاسایش ھەرچۆنێک کوژرابێت کەسوکاری وەکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی سکاڵایان تۆمار کردووە، نەک وەکو کێشەی سیاسی و ئەمنی و تیرۆر تا ئێوە بێن تێکەڵ بە ململانێی سیاسی و کارە تیرۆریستیەکانی گروپەکانی ناو حزبەکەی خۆتانی بکەن، بەم ڕەفتارەتان ئەم ڕووداوەش ئەبێتە گومانێکی تر لەسەر ئێوە و گروپە تیرۆریستەکانی ناو حزبەکەتان.
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک