سەرۆک بارزانی لە کتێبی بۆ مێژوو لە باسی داستانی پردێ نووسیوویەتی :
لە ڕۆژی ١٧ی ئوکتۆبەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، دۆگڵاس سلێمان پەیامێکی بۆ ئێمە ناردبوو بەو دەقە کە “دنیا گۆڕاوە، ئیمڕۆ دوێنێ نییە، پێویستە بە خۆتاندا بچنەوە”.
لە دوای داگیرکردنی کەرکووک و ناوچەکانی تر و ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاوڵاتی. تاوان و پێشێلکاریی بەرفراوان لەلایەن هێزەکانی حەشدەوە بەرانبەر خەڵک لە کەرکووک و دوز ئەنجام دران.
لە کتێبەکەدا سەرۆک بارزانی باسی غروری سەرۆک وەزیرانی ئەوکات و حەشد و ناپاکەکان دەکات و نووسیوویەتی : عەبادی و سەرکردەکانی حەشد تووشی غروورێکی وا ببون دۆخەکەیان بە دەرفەت زانی بۆ ئەوەی پەلاماری هەرێم بدەن و بە حیسابی خۆیان هەولێر و دهۆکیش بگرن و بە قسەی خۆیان سەرانی ڕیفراندۆم لەدار بدەن و خەڵکی ناپاکیش بکەنە دەمڕاست و نوێنەری کورد.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە درێژەی بابەتەکەدا باس لە ئیرادەی گەلی کوردستان و بەرگری هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و ئاماژەی بەوەداوە کەوا ئێمە لەگەڵ شەڕکردن نین بەڵام دەبووایە بەرگری لە ئیرادەی گەلەکەمان بکەین و فەرموویەتی :
من لە بنەڕەتدا دژی شەڕکردن بووم، بەڵام کە کار بگاتە ئەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بشکێنن. دەبوایە بەرگری لە ئیرادەی گەلەکەمان بکرێت. ئەوە بوو لە ڕۆژی ٢٠ی ئوکتۆبەری ٢٠١٧ هێزەکانی حەشد و عەبادی چانسی خۆیان تاقیکردەوە و ویستیان بەرەو هەولێر پێشڕەوی بکەن، کە ئێمە زانیمان ئەوان پیلانی لە ناوبردن و داگیرکردنی هەرێمیان لەسەر دایە، ئیدی بڕیاری مقاوەمەی سەرتاسەریمان دا و لە ڕۆژی ٢٠ی ئوکتۆبەر و لە پردێ، پێشمەرگە قارەمانێتی مەزنی تۆمارکرد و هێرشی حەشد و هێزەکانی عێراقی تێکشکاند، بۆ یەکەمین جاریش لە مێژوودا تانکی ئابرامزی ئەمریکایی کە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەکارهێنرا، بە دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان تێکشکێنرا.
سەرۆک بارزانی ئاماژە بە سەرکەوتنە گەورەکە و وەڵامدانەوەی باڵیۆزی ئەمریکا دەکات کە لە 17ـی ئۆکتۆبەر نامەیەکی بۆ سەرۆک ناردبوو و نووسیوویەتی:
پاش ئەو سەرکەوتنە گەورەیە، وەڵامی پەیامەکەی دۆگڵاس سلێمانی باڵیۆزی ئەمریکاییم ناردەوە و گوتم، کە بە جەنابی باڵیۆز بڵێن: ئەمڕۆ دوێنێ نییە و سبەینێش وەک ئەمڕۆ نابێ.