مه‌سرور بارزانی: تەندروستی ڕۆژنامه‌نووسان له هه‌موو شتێك گرنگترە

سه‌رۆكی حكومه‌ت په‌رۆشی خۆی بۆ ڕەوشی ته‌ندروستی بریندارانی پەلامارەکەی پردێ دووپات دەکاتەوە
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (18ـی 10ـی 2022) مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به مه‌به‌ستی ئاگاداربوون و دەربڕینی په‌رۆشی خۆی بۆ رەوشی ته‌ندروستیی بریندارانی پهلامارەكهی پردێ، سۆران كامه‌ران، په‌یامنێری كوردستان24 دەبینێت.
له دیدارێکەدا سه‌رۆكی حكومه‌ت په‌رۆشی خۆی بۆ رەوشی ته‌ندروستی سۆران كامه‌ران دووپات كردەوە و ڕایگه‌یاند، له سه‌رەتاوە به بایهخهوە چاودێری رەوشی ته‌ندروستیی سۆران كامه‌ران و سه‌رجه‌م بریندارانی پهلامارەكانی سه‌ر كۆیه و پردێ و زڕگوێزی كردووەو دامه‌زراوە پهیوەندیدارەكانی راسپاردووە هه‌رچی پێویست بێت بیكه‌ن بۆ رزگاركردنی ژیانی بریندارەكان.
مەسرور بارزانی ئەوەشی دووپاتکردەوە ، كه ژیان و تەندروستی ڕۆژنامه‌نووسان له هه‌موو شتێك گرنگترە.
سەرۆکی حکومەت بە سۆران کامەرانی گوت: سه‌رەتا زۆر خه‌مبار بووم به بڵاوبوونه‌وەی هه‌واڵی شه‌هیدبوونت و سووپاس بۆ خودا، كه ههواڵهكە ڕاست نه‌بوو.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هه‌وڵ و كۆششی هێمن دەلۆ، په‌یامنێری كوردستان24 دەربڕی، كه له یه‌كه‌م چركه‌ساتی رووداوەكه، هه‌وڵی ڕزگاركردنی سۆران كامه‌رانی دا و سه‌رئەنجام توانی له شوێنی بۆردوومانه‌كه ڕزگاری بكات و بگوازرێتهوە بۆ نه‌خۆشخانه.
له به‌رامبه‌ردا سۆران کامەران په‌یامنێری كوردستان24، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و دووپاتیكردەوە، كه له یه‌كه‌م چركه‌ساتی رووداوەكهوە، هه‌ستی به‌و چاودێری و بایەخدانەی سه‌رۆكی حكومه‌ت كردووە و سوپاسی خه‌ڵكی كوردستانیشی کرد بۆ پەرۆشیان.
رۆژی (28ـی 9ـی 2022) له ئاكامی بۆردوومان و مووشه‌كبارانی چه‌ند ناوچه‌یەکی هه‌رێمی كوردستان، سۆران كامه‌ران، په‌یامنێری كوردستان24 له میحوەری پردێ بریندار بوو.