لە هەولێر ١٣ـەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز، لە ١١ی ئادار دەست پێدەکات، تاکو ئێوارەى نەورۆز بەردەوام دەبێت
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاشکرایکرد ، ئێوارەى ئەمرۆ شەممە ٢٠٢٣/٢/٢٥ ،بە مەبەستى ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى (١٣) ـەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز و بەرز ڕاگرتنى یادەکانى ڕێككەوتننامەی ١١ی ئادار و ڕاپەرین و ڕزگاركردنی شاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە جێگرى بەرێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و سکرتێرى سەندیکاى هونەرمەندان و ڕاگرى کولێژى هونەرە جوانەکان و بەڕێوەبەرانى، چالاکى قوتابخانەکان، پەیمانگاى هونەرە جوانەکان، هونەرى موزیک، هونەرى شێوەکارى، کەلەپور و هونەرى میللیەکان، سەنتەرە رۆشنبیرییەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لە بارەى ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى (١٣) ـەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز کرا.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئەوەشی ئاشکرا کردووە کەوا بۆ ئەو مەبەستە لیژنەى باڵاى فیستیڤاڵ و چەند لیژنەیەکى دیکە دیاریکران بۆ بەرێوەبردنى ڕۆژانى فیستیڤاڵ، کە لە ڕۆژى١١ی ئادارى ئەم ساڵ بۆ بەرز ڕاگرتنى یادی ڕێككەوتننامەی ١١ی ئادار و ڕزگاركردنی شاری هەولێر و ڕاپەڕین دەست پێدەکات و تاوەکو ئێوارەى نەورۆز ٢٠ى ئادار بەردەوام دەبێت و زۆرترین چالاكی هونەرى جۆراوجۆر لەلایەن هونەرمەندانەوە بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى رۆشنبیرى و هونەرى هەولێر لە چەندین شوێنى هەولێرى پایتەخت، وەک قەڵاى هەولێر، پاركی شانەدەر، چەندین شوێنی دیکە پێشکەش دەکرێت.
ساڵانە بەبۆنەى یادەکانى ڕێككەوتنامەى ١١ی ئادار ی ساڵى ١٩٧٥ و ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ى ڕاپەڕینى جەماوەری شاری هەولێر، لەلایەن پارێزگاى هەولێر فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بۆ ماوەى ١٠ ڕۆژ ساز دەکرێت.