هاوپۆل: وەرزش

  • رامۆس: مێسی باشترین یاریزانە

    رامۆس: مێسی باشترین یاریزانە

    سێرخیۆ رامۆس، بەرگریکاری ئیسپانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا باس لە رووبەڕووبونەوەی مێسی و یاری لە پاڵ ئەو یاریزانە دەکات.

    بەرگریکارەکەی شازادەکان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی یانەکەی دەڵێت “ ساڵانێکی زۆرە بەدەست مێسیەوە دەناڵینم، بەڵام ئێستا چێژی لێوەردەگرم. ئەو باشترین یاریزانە کە تۆپی پێ بەرهەمی هێنابێت”.

    ئەم قسانەی رامۆس کاردانەوەیەکی گەورەی لە ماوەیەکی بە دوای خۆیدا هێناوە، لەبەر ئەوە پێشتر چەندین ساڵ لەگەڵ رۆناڵدۆ دژی مێسی یاریی کردووە و هاوڕێیەکی نزیکی ئەستێرە پۆرتوگالیەکەیە.

  • گواردیۆلا باسی هۆکاری رۆیشتنی کانسێلۆ دەکات

    گواردیۆلا باسی هۆکاری رۆیشتنی کانسێلۆ دەکات

    لە میانەی گواستنەوەی زستانەدا، دوور لە پێشبینییەکان جواو کانسێلۆ ریزەکانی مانچێستەر سیتی بە خواستن جێهێشت و پەیوەندیکرد بە بایەرن میونشنەوە.

    بەگوێرەی هەواڵەکان، هۆکارەکەی ناکۆکی ئەو یاریزانە بووە لەگەڵ پێپ گواردیۆلای راهێنەر. ئەمڕۆش پێپ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یارییەکەی تۆتنهام وتی ” کێشەی کانسێلۆ ئەوە بوو، دەیویست هەمیشە لە پێکهاتەی سەرەکی بێت و لە سەرجەم یارییەکان بەشداربێت، ئەگەر یەک یاری بەشدار نەبووایە ، دڵتەنگ دەبوو ، هیوادارم لە بایەرن ئەوەی بۆ فەراهام ببێت، نازانم وەرزی رابردوو دەگەڕێتەوە ئێرە یاخود نا بەڵام هیچ شتێکی خراپم نیە بیڵێم لەسەر ئەو، چونکە پیشەگەر و بەهرەمەند و پڕ خرۆشە”.

    کانسێلۆ لە یەکەم یاریدا لەگەڵ بایەرن لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا بوو، وەتوانی گۆڵێکیش دروست بکات.

  • شێرکۆ کەریم پەیوەندی بە یانەی دهۆکەوە دەکات

    شێرکۆ کەریم پەیوەندی بە یانەی دهۆکەوە دەکات

    بەپێی چەند زانیارییەکی تایبەت کە دەست باز میدیا کەوتووە لە دهۆک

    پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شێرکۆ کەریم یاریزانی هەلبژاردەی عێراق، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی دهۆک بکات، تەنها چەند خاڵێک ماون کە هەردوولا لەسەری ڕێک بکەون و لە ماوەیەکی نزیکدا دەبێتە یاریزانی یانەی دهۆک

    شێرکۆ کەریم پێشتر یاری بۆ یانەی هەولێریش کردووە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە جارێکی تر دەگەڕێتەوە یانەی هەولێر، بەڵام هیچ دەستپێشخەریەک لە یانەکە بەدی نەکرا.

  • لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا پەیوەندی بە خولی پۆرتوگالی كرد

    لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا پەیوەندی بە خولی پۆرتوگالی كرد

    ئەستێرەی هەڵبژاردەی ژاپۆن كازویۆشی میۆرا درێژە بە كاروانی وەرزشی خۆی دەدات لە یاریگاكان دوای پەیوەندیكردنی بە خولی پلە دووی پۆرتوگالیەوە.

    میۆرا سەركەوتوو بوو لە پەیوەندیكردنی بە یانەی ئۆلیڤرێنسی كە یانەیەكە لە خولی پلە دووەكانی پۆرتوگال لە یانەی یۆكۆهامای ژاپۆنیەوە.

    كازویۆشی میۆرا تەمەنی ٥٥ ساڵە و بەتەمەنترین یاریزانی تۆپی پێیە كە لە ڕووی پیشەگەرییەوە بەردەوامە لە یاریكردن.

    كازویۆشی بۆ ماوەی ٣٧ ساڵە لە یاریگاكان بەردەوامە و لە چەندین یانەی وڵاتی جیاواز یاری كردووە.

    بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٨٦ لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلی یاریكرد و لە ماوەی یاری كردنیدا یاری بۆ ١٥ یانەی جیاواز كردووە.

  • ئەنتۆنیۆ كۆنتی نەشتەرگەری بۆ كراوە

    ئەنتۆنیۆ كۆنتی نەشتەرگەری بۆ كراوە

    یانەی تۆتێنهام هۆتسبێری ئینگلیزی ڕایگەیاند ئەنتۆنیۆ كۆنتی ڕاهێنەری ئیتاڵی یانەكەیان بەهۆی هەستكردن بە ئازار لە سكیدا نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دراوە.

    وا بڕیارە رۆژی یەكشەممە كاتژمێر ١٩:٣٠ بە كاتی كوردستان تۆتێنهام لە یاریگای خۆیدا میوانداری مانچێستەر سیتی بكات، لە میانەی یارییەكانی هەفتەی بیست و دووەمی خولی ئینگلیزیدا.

    هەژماری فەرمی سپێرز لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توویتەر ڕایگەیاند، ئەنتۆنیۆ كۆنتی لەم دواییانەدا ئازارێكی زۆری هەبووە لە سكیدا و ئەمڕۆ نەشتەرگەری بۆ كراوە و دوای ماوەیەك دەگەڕێتەوە و هیوای باشبوونەوەی بۆ دەخوازین.

    چاوەڕوان دەكرێت بۆ یارییەكەی رۆژی یەكشەممە كۆنتی لەگەڵ یانەكەی نەتوانێت ئامادە بێت.

    تۆتێنهام بە كۆكردنەوەی ٣٦ خاڵ لە ڕیزبەندی پێنجەمی خولی ئینگلیزیدا دێت.

  • كۆناتێ بەهۆی پێكانەوە لە یاریگاكان دووردەكەوێتەوە

    كۆناتێ بەهۆی پێكانەوە لە یاریگاكان دووردەكەوێتەوە

    یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی گورزێكی دیكەی كوشندەی بەركەوت بە پێكانی ئیبراهیما كۆناتێ بەرگریكاری فەڕەنسی یانەكەی.

    برایتۆن لە یاریگای خۆیدا میوانداری لیڤەرپولی كرد لە قۆناغی چوارەمی جامی یەكێتی ئینگلتەرا و یاریەكەشی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لێ بردەوە، بەوەش برایتۆن گەشتە قۆناغی داهاتوو و ڕێدز ماڵئاوایی كرد.

    لیڤەرپول ئیكۆ لە ڕاپۆرتێكیدا ڕایگەیان كۆناتێ لە ئەژنۆیدا تووشی پێكان بووە و بە هۆیەوە ماوەی سێ هەفتە لە یاریگاكان دادەبڕێت.

    هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشكردووە كە گومان لە بەشداریكردنی كۆناتێ هەیە لە یاری چوونی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدرید لە قۆناغی شانزەدا.

    لیڤەرپول لە بارودۆخێكی خراپدا تێدەپەڕێت و لە ئێستادا لە ڕیزبەندی نۆیەمی پرێمەرلیگ دێت بە كۆكردنەوەی ٢٩ خاڵ.

  • ئارسناڵ ٧٠ ملیۆن پاوەندی بۆ گواستنەوەی یاریزانێک ئامادەکردووە

    ئارسناڵ ٧٠ ملیۆن پاوەندی بۆ گواستنەوەی یاریزانێک ئامادەکردووە

    یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی بڕی ٧٠ ملیۆن پاوەندی ئامادەکردووە بۆ گواستنەوەی مۆیس کایسیدۆی ئەستێرەی برایتۆن هەڤ ئەلبیۆن.

    پێشتر برایتۆن گرێبەستێکی ٦٠ ملیۆن پاوەندی بۆ ئەو یاریزانە رەتکردبووەوە، بەڵام بەگوێرەی فابریزیۆ رۆمانۆ ئێستا گەنەرز بە ٧٠ ملیۆنەوە گەڕاونەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دەیانەوێت سوود لەوە ببینن کە خودی یاریزانە ئارەزووی رۆیشتن دەکات.

    ئەمە لە کاتێکدایە هەر لە گواستنەوەی زستانەدا، ئارسناڵ لیاندرۆ ترۆساردی هێرشبەری هەمان یانەی بە ٢٧ ملیۆن پاوەند گواستەوە ریزەکانی.

  • ئەنچلۆتی : کوڕەکەم دەیەوێت ببێتە راهێنەر

    ئەنچلۆتی : کوڕەکەم دەیەوێت ببێتە راهێنەر

    کارلۆ ئەنچلۆتی دەڵێت دەیڤدی کوڕی چاوی لەوەیە کە ببێتە راهێنەری یەکەمی یانەیەک.

    راهێنەرە ناودارەکە ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە گووایە دەیڤد دەبێتە جێگرەوەی فرانک لامپارد لە ئێڤەرتۆن، بەڵام وتی “زوو یان درەنگ ئەو دەبێتە راهێنەر چونکە ئارەزووی خۆیەتی بەڵام ئەوە ئێستا روونادات (لەگەڵ ئێڤەرتۆن). ئەوکاتەی من واز دەهێنم یاخود ئەو بیەوێت ئەرکی یانەیەک بگرێتە ئەستۆ بەدڵنیاییەوە رێگەی دەدەم چونکە دەیەوێت کاروانێکی تایبەت بە خۆی هەبێت و توانای ئەوەشی هەیە ئەنجامی بدات”.

    دەیڤد لەکۆتا دوو ئەرکی ئەنچلۆتی لەگەڵ ئێڤەرتۆن و ریاڵ مەدرید دا، رۆڵی یاریدەدەری یەکەمی باوکی دەبینێت بەڵام روون نیە تا چەند سەرکەوتنەکانی دوو ساڵی رابردووی مەدرید، رۆڵی راهێنەرە لاوەکەی تێدا بووە.

  • ساوڵ داوای رۆیشتن لە ئەتلەتیکۆ دەکات و یانەیەکیش لەسەر هێڵە

    ساوڵ داوای رۆیشتن لە ئەتلەتیکۆ دەکات و یانەیەکیش لەسەر هێڵە

    ساوڵ نیگێز بەفەرمی داواکاری رۆیشتنی پێشکەشی ئەتڵەتیکۆ مەدرید کردووە.

    بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، یانەی ڤالێنسیا زۆر گرنگی بە ساوڵ داوە و ئەتڵەتیکۆش بە داواکاری رۆیشتنەکەی رازین. سەرچاوەکە دەڵێن گاتوسۆ ئەم هەفتەیە لەگەڵ ساوڵ قسەی کردووە و هەردوولا رازین، ئەوەی ماوەتەوە ووردەکاری گرێبەستەکەیە و رەنگە بە خواستنیش بێت.

    ساوڵ یەکێک بوو لە یاریزانە گرنگەکانی ئەتلەتی بەڵام لە هاوینی ٢٠٢١ بە خواستن چووە چێڵسی و لەو یانەیە بەجۆرێک ئاستی دابەزی کە پاش کۆتایی هاتنی خواستەکەی، ئەو یاریزانە نەگەڕایەوە ئاستی راستەقینەی و لە پێکهاتەی سەرەکی جێگەی نەبووەوە.

  • وادەی ئەنجامدانی تیروپشكی قۆناغی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا

    وادەی ئەنجامدانی تیروپشكی قۆناغی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا

    سەرجەم یانەكانی قۆناغی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا ئاشكرا كرا و سێ یانە كە خاوەنی زۆرترین نازناوی ئەو پاڵەوانیەتیەن خۆیان گەیاندە قۆناغی پێش كۆتایی.

    ڕیال مەدرید بە بردنەوەیان لە ئەتلەتیكۆ مەدرید و بارسێلۆناش بە بردنەوە لە ڕیال سۆسێداد و ئۆساسۆناش بە بردنەوەیان لە سێڤییا و بلباویش بە بردنەوە لە ڤالینسیا خۆیان گەیاندە قۆناغی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا.

    یاریەكانی قۆناغی چارەكی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا كۆتایی هات و وا بڕیارە لە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ ئەم مانگە تیروپشكی قۆناغی پێش كۆتایی ئەنجام بدرێت.