سهرۆكی حکومەت نامهيهكى له وەزيرى دەرەوەى ئهڵمانياوە پێگەیشت
مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، نامهيهكى له ئانالێنا بێربۆك وەزيرى دەرەوەى ئهڵمانياوە پێگهيشت
لە نامەکەدا وەزيرى دەرەوەى ئهڵمانيا، سوپاسی سەرۆکی حکومەت دەکات بۆ پێشوازی گەرم و دۆستانەی لە کاتی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان له ڕۆژانى 7 ـ 10ی ئادار، هەروەها جهخت له بهردەواميى پشتيوانيى ئەڵمانیا بۆ ههرێمى كوردستان دەكاتهوە.
وەزيرى دەرەوەى ئهڵمانيا، لە نامەکەیدا هەروەها دەڵێت : خۆشحاڵ بووم لە بەڕێزتانم بیست، کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافەکانی ژنان و میدیاکاران، جێگەی بایەخی تایبەتی حكومەتەکەتانە. هەروەها پیشوازیی گەرم لەوە دەکەم، کە دەتانەوێت چالاکانە ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی قەیرانی کەشوهەوا ببنەوە. هەموو ئەمانە پێشمەرجی ئەوەن، خەڵک لە نیشتمانی خۆیان ئاسۆی ئایندەیی ببینن.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا نووسیویەتی سوپاستان دەکەم بۆ ئەوەی کە هەرێمەکەتان لە ساڵی 2014ـەوە زۆرترین ئاوارەی ناخۆی لە سەرتاسەری عێڕاقەوە گرتوونەتە خۆی و تا ئێستاش دەیانپاریزێت. ئێزیدی، مەسیحی و خەڵکی سەر بە کەمینەکانی دیکەش پێویستیان بە ئاسۆگەلێکی ئایندەیی هەیە، کە لە ژیانی نێو کەمپەکان زیاتر بێت و ئاسایشێکی جڤاتی و کۆمەڵایەتییان پێ ببەخشیت.
دەمەوێت هانتان بدەم، لەم بارەیەوە هەم لە هەرێمەکەتان و هەم لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادا لەکارکردن لەسەر ئەمە بەردەوام بن.
لە کۆتایی نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتووە: هیواخوازم، کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، دوای پێکهێنانی سەرکەوتووانەی حکومەت لە بەغدا، لەسەر بناغەیەکی نوێ و جێمتمانە بنیات بنرێن، بۆ ئەوەی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی عێڕاق و هەرێم بە باشترین شێوە بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی بەکاربهێنرێن.