پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەستپێدەکات
بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێکردن، لە هەولێر دەستمان پێکردووە و وەبەرهێنەر و زەوی دەسنیشان کراوە و نرخ و قیستی یەکەکان دیارکراون”.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی: هەموو فەرمانگە و ئیدارە سەربەخۆکانمان ئاگادار کردونەتەوە پەلە بکەن لە دەستنیشانکردنی زەوی و وەبەرهێنەرەکان.
سەبارەت بە دیارکردنی نرخی یەکەکان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهبێنەران ئاماژەی بەوەشکرد: لە هەولێر نرخێکمان وەرگرتووە زۆرباشە و بڕی پارەی پێشەکی و قیستی مانگانەی کەمە، هەروەها ماوەکەی درێژخایەنە و 15 ساڵە.
هەروەها راشیگەیاند: “هەفتەی داهاتوو لە هەولێر گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنەر واژۆ دەکرێت و لە سلێمانیش خەریکی دابینکردنی زەویین، لیژنەیەک لە پارێزگا پێکهێنراوە”.
بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن. لە ماوەی رابردوودا هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە لە رێگەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی ناوی خۆیان تۆمار کردووە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونیش ئاشکرای کردووە، یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان دەدرێت بەو کەسانەی پێشتر سوودمەند نەبوونە.