سەرۆك بارزانی: من هەمیشە گەشبینم.

الشرقیة: ئەم چاوپێكەوتنە ئێمە هیوامان دەخواست كە پێش ئەم كاتە بێت، بەڵام لەم باوەڕەی كە هەموو شتێك كاتی خۆی هەیە، ئێستاش كاتی چاوپێكەوتنە. ئێمە حەز دەكەین ناوی (رابەری شاخ) لە جەنابت بنێین وەك ئەوەی لایەنگرەكانت پێی ناوت دەبەن. پرسیارێكمان هەیە بۆ ئەوەی هەموان تێی بگەن، ئایا ئەوەتان بەدەست هێنا كە خەونتان پێیەوە دەبینی و خەباتتان لەپێناویدا دەكرد؟
سەرۆك بارزانی: بەشێكی گەورەی بەدەست هات، بەڵام هەمووی نەبوو.
الشرقیة: چی بوون ئەوانەی بەدەست هاتن؟
سەرۆك بارزانی: پێموایە ئەوەندە بەسە.
الشرقیة: بە شێوەیەكی گشتی دەڵێین چی وەدەست هات لە گۆڕانی ڕژێم؟ پاش ٢٠٠٣ رژێمی سەدام گۆڕدرا و خەباتێكی درێژخایەن دەستی پێكرد، گەیشتینە قۆناغی دوای گۆڕانكاری تا ئێستا، با قسە لەسەر ئەم ماوەیە بكەین لە ٢٠٠٣ تا ئەمڕۆ لە عێراق، ئایا ئەم قۆناغە شایستەی ئەو خەباتە درێژە بوو؟
سەرۆك بارزانی: سەیركە خەباتی گەلی كورد لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول، سەركردایەتیی شۆڕش وای دانا كە خەباتی گەلی كورد وەدی نایەت تەنیا لە ڕێگەی سیستەمێكی دیموكراسی نەبێت، بۆیە دروشمی شۆڕش بەرز كرایەوە كە بریتی بوو لە (دیموكراسی بۆ عێراق، حوكمی زاتی بۆ كوردستان).
پاش ٢٠٠٣ پەرلەمانی كوردستان بڕیارێكی دەركرد و فیدرالیەتی تەبەنی و هەماهەنگیكردن لەگەڵ برایانی دیكە كرد بۆ بونیادنانی عێراقی نوێ لەسەر ئەم بنەمایە،لەسەر ئەوەی عێراقێكی ئیتیحادی بێت. فیدرالیش قۆناغێك بوو، قۆناغێكی نوێ و پێشكەوتوو بوو بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلی كورد، بەڵام وەك گوتم هەموو شتێك وەدەست نەهات. پاش ٢٠٠٣ دەرفەتێكی زێڕین بۆ عێراق هەبوو بە گشتی تاوەكوو سەرلەنوێ بونیاد بنرێتەوە. ئێمە ئەوكات لەسەر ئەوە رێككەوتین كە سێ بنەما هەبێت عێراقی نوێی لەسەر بونیاد بنرێت، شەراكەت، تەوازون و تەوافوق بوو. تەنانەت دەستووریش بە رۆحی ئەم بنەمایانە نووسرانەوە، ئەگەریش دەستوور جێبەجێ بكرابایە، رووبەڕووی زۆر لەو كێشانە نەدەبووینەوە كە تا ئەمڕۆ ڕووبەڕووی بووینەتەوە. زۆر شت وەدیهات، بەڵام دەتواندرا عێراق باشتر و هەرێم باشتر بێت و زۆر لەو كێشانەش روویان نەدابوایە ئەگەر دەستوور جێبەجێ بكرایە.
الشرقیة: ئەمە بەهۆی نیازەكان بوو؟ نیازی هەندێك لە سیاسییەكان و دەستێوەردانی سیاسی بوو؟
سەرۆك بارزانی: بەداخێكی زۆرەوە، پاش ٢٠٠٣ تێبینیی ئەوەمان كرد كە رۆشنبیریی ناوەندگەرایی و حوكمی مەركەزی و هەموو شتێك دەبێت بە مەركەزی بێت، تاوەكوو ئەمڕۆش ئەم ڕۆشنبیرییە لە بەغدا هەیە، ئەمە هەڵەیە. رەنگە دەستێوەردانی دەرەكیش پشكی هەبووبێت لە زیادكردن و سەرنجخستنە سەر ئەم ڕۆشنبیرییە.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك، تەوافوق و تەوازن و شەراكە ئێمە لە دەستوور داماننا و دەستوور لەسەر ئەم بنەمایە نووسرایەوە، ئایا بە كردە ئێمە ئەم سێ چەمكەمان لە سیاسەت و لە پێكهێنانی حكوومەتەكان جێبەجێ كرد؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر، بەداخەوە نەخێر. ئێمە ڕووبەڕووی دۆخێكی عەجیب و غەریب بووینەوە، ڕێك دەكەوتین، بۆ نموونە لەسەر بەرنامەی حكوومەت رێك دەكەوتین، بەڵام كاتێك حكوومەت دروست دەبوو، دەستوور و ڕێككەوتن و هەموو شتێك لەبیر دەكرا و میزاجی كەسی حوكمی دەكرد. ئێمە هیوا دەخوازین كە لە ئێستا بە دواوە ئەمە گۆڕابێت.
الشرقیة: ئایا دەتوانین بڵێین مەزاجی كەسی بوو یان ئێمە سەركەوتوو بووین لە تەرحیلكردنی قەیرانەكان؟
سەرۆك بارزانی: میزاجی كەسی رۆڵی هەبوو، بەڵام ئەوە سیاسەت بوو، وەك پێم گوتیت، ئەو ڕۆشنبیرییەی هەبوو، ڕۆشنبیریی حوكمی ناوەندی بوو، باوەڕیان بە فیدرالیەت نەبوو. فیدرالیەت مانای چییە؟ بە مانای دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی سەروەت و دەسەڵات دێت، ئەوان باوەڕیان بە دابەشكردنی سەرەوت و دەسەڵات نییە.
الشرقیة: باوەڕیان پێی نییە؟
سەرۆك بارزانی: كەمێك هەن، هەن ئەوانەی باوەڕیان پێیە، بەڵام زۆرن ئەوانەی باوەڕیان پێ نییە.
الشرقیة: هەندێكجار دەڵێین دەوڵەت بەرەو ناوەندگەرایی و چەسپاندنی حوكم دەڕوات، لەوانەیە بڵێین یەك دەوڵەتمان هەبێت، بەڵام ئەوەی دەبینین عێراقی ئەمڕۆ لە نێوان دامەزراوە دەستوورییەكان و دەوڵەتۆچكە هاوتەریبەكانیاندایە، ئێستا ئێمە سەركەوتوو نەبووین لە جێگیركردنی فیدرالیەت وەك دەفەرمووی، نە سەركەوتوو بووین لە زاڵبوون بەسەر دەوڵەتۆچكە هاوتەریبەكان، كێ حوكمی عێراق دەكات؟ دامەزراوە دەستوورییەكان یان دەوڵەتۆچكە هاوتەریبەكان؟
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە، دامەزراوە دەستوورییەكان نین كە حوكم دەكەن.
الشرقیة: مانای وایە دەوڵەتۆچكە هاوتەریبەكانن؟
سەرۆك بارزانی: ئەمە كارەساتە، كێشەیە، دوای ئەوە، رابردوو بۆ ئەوەیە سوودی لێ ببینین، ئەگینا بۆچی قسەی لەسەر دەكەین؟ ئەزموونی رابردوو سەلماندی كە حوكمی ناوەندی شكستی هێناوە، بە ئاگر و ئاسن، بە كیمیاوی، بە ئەنفال، هەموو ئامرازێكیان بەكار هێنا، ئەنجامەكەی شكست بوو، ڕژێم ڕووخا، هەر رژێمێكی دیكە هەمان ئسلووب بگرێتە بەر، دەڕووخێت، پێویستە بە كردەوە بگەڕێینەوە بۆ ئەم سێ بنەمایە، شەراكەت، تەوازون و تەوافوق. ئەمانە مانای زۆر دەدەن، ناونیشانن، بەڵام ناونیشانی گەورەن و وردەكاریی زۆریان هەیە.
الشرقیة: ئەم قسانەی فەخامەتی سەرۆك دەیكات، مەترسیدارن، واتە ئەگەر نەڕۆشتین بۆ شەراكەت و تەوازون و تەوافوق كە ئێمە لە بنەڕەتدا لەسەری رێككەوتووین لە ٢٠٠٣، هەروەها زاڵ نەبووین بەسەر دەوڵەتۆچكە هاوتەریبەكان، ئەوا رژێم دەڕووخێت؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ناتوانێت بەردەوام بێت.
الشرقیة: كەواتە چۆن دەتوانین بەسەر دەوڵەتۆچكە هاوتەریبەكاندا زاڵ بین؟
سەرۆك بارزانی: پێویستە هەموان هاریكاریی یەكتر بكەین، ئەزموونەكان بگۆڕینەوە و ڕاوێژ بە یەكتر بكەین لەسەر ئەوەی كە چۆن دەتوانین عێراق لەم كێشە و قەیرانە دەرباز بكەین.
الشرقیة: پێشتر دوو مەتبەخ لە عێراق هەبوو، مەتبەخی هەولێر و مەتبەخی بەغدا. چۆن حزبەكان توانییان بڕیاری سیاسی لە هەولێر زەوت بكەن؟
سەرۆك بارزانی: تەبعەن بەغدا پایتەختی فیدرالییە، ناوەندی بڕیارە، دانیشتمان لەسەر كورسییە، ناوەندی بڕیار لای ئەوانە. سوودیان لە ئەزموونەكانی رابردوو وەرنەگرتووە. كاتێك هەماهەنگیی تەواو لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوو، بارودۆخەكە زۆر بە باشی و بە سەركەوتنێكی گەورە دەڕۆشت، بەڵام كاتێك درز و پەراوێزخستنی هەولێر هەبوو، ببینە عێراق هەمووی رووبەڕووی كێشە بووەتەوە. ناتواندرێت هەولێر پەراوێز بخرێت، مەبەستم كوردستانە.
الشرقیة: كێ بەرپرسیارێتیی زەوتكردنی ناوەندی بڕیار یان بڕیاری هەولێری لەسەرە؟
سەرۆك بارزانی: من ڕێگریم لەوە نییە لێژنەیەك دروست بكرێت لە كەسانی شارەزا ئەم بابەتە دیراسە بكەن، بەرپرسیارێتیی هەرێم لە كوێیە و بەرپرسیارێتیی ناوەند لە كوێیە؟ من نامەوێ هەموو تۆمەتەكان بخەمە سەر بەغدا، رەنگە هەرێمیش هەندێك كەموكوڕی هەبێت، بەڵام بەرپرسیارێتیی گەورە لەسەر بەغدا و هەولێرە.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك، ئێوە لە نەوەی یەكەمن كە بە حیكمەت و عەقڵانیەت ناسراون، بەڵام كێشە لە نێوانتان و ئەو حزبانەی كە مەبەستم لێی دامەزرێنەرانی پرۆسەی سیاسین، ئێستا چووین بۆ نەوەی دووەم و ڕەنگە نەوەی سێیەمیش گەیشتبن، بەڵام هێشتا ئەو كێشانە هەڵپەسێردراون، كەواتە نە نەوەی یەكەم و نە نەوەی دووەم چارەسەری كردووە، كەی چارەسەر دەكرێت؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە دەستوورمان هەیە كە بە نەخشەڕێگە دادەنرێت بۆ هەموو كێشەكانی عێراق، بە تایبەتیش كە سرووشتی پەیوەندیی نێوان هەرێم و ناوەند دیاری دەكات، ئەركی هەردوو لایەن و مافەكانی هەردوو لایەنەكان دیاری دەكات، ئەگەر پەنا بۆ دەستوور بردرا و جێبەجێ كرا، ئەوا كێشەكان بەوپەڕی ئاسانی چارەسەر دەبن. كێشە نابن، كێشەش ببن، چارەسەرەكەیان زۆر ئاسان دەبێت ئەگەر دەستوورمان كرد بە ناوبژیوان.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك ئێوە پێویستیتان تەنیا رۆژانی پێكهێنانی حكوومەتە؟
سەرۆك بارزانی: مەبەستت حكوومەتی هەرێمە؟
الشرقیة: نەخێر، حكوومەتی بەغدا، كاتێك حكوومەتەكان دروست دەكرێن، دەبینین سەردانی عێراق دەكرێت، بەڵام پاش ئەوەی حكوومەت دروست كرا، هیچ سەردانێك و هیچ دیدارێك و هیچ هەماهەنگییەك نامێنێت.
سەرۆك بارزانی: تۆ وەڵامت دایەوە.
الشرقیة: هۆكار چییە؟
سەرۆك بارزانی: فعلەن، دیداری چڕ و سەردان و لەسەر بەرنامەی حكوومەتی داهاتوو ڕێكدەكەوین، بەڵام هەر لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەت، بەرنامەكە لەسەر رەفەیەك دادەنرێ و كۆتایی دێ.
الشرقیة: باشە، بۆچی ئێمە راشكاو نەبین لەگەڵ گەل و پێیان بڵێین برایان ئەم بەرنامەیەی حكوومەت بەرنامەیەكی كاتییە؟
سەرۆك بارزانی: ئێستا ئەمەمان هەیە، ئێمە بەشداریمان لەم حكوومەتە كرد و گەڕاینەوە بەغدا پاش ئەوەی پارتی دیموكراتی تووشی پیلانگێڕییەكی قێزەون بوو لە راستیدا، رێككەوتنێكی واژۆكراو لە نێوان هەرێم.. سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە جێگری سەرۆكی پارتییە نێچیرڤان بارزانی، لە لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێز هادی عامری واژۆی كردووە. ئەم كێشانە ڕوویان دا و ئەم شەڕە، بەڵام ئەم ڕێككەوتنە ئەوە بوو كە لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بەشداریمان لەم حكوومەتە كردووە و پێویستیشە ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت، ئەگینا هیچ مانایەك یان پاساوێك بۆ مانەوەمان لە حكوومەت نامێنێتەوە.
الشرقیة: دیارترین بەندەكانی ئەم رێككەوتنە چین؟
سەرۆك بارزانی: لەم نزیكانە رای دەگەیەنین.
الشرقیة: ئەمە كەی واژۆ كرا؟
سەرۆك بارزانی: پێش پێكهێنانی حكوومەت.
الشرقیة: بەپێی شیكردنەوەی من، ماددەی ١٤٠، نەوت و غاز و …
سەرۆك بارزانی: هیچ شتێكی لە دەرەوەی دەستوور تێدا نییە، هەمووی لە چوارچێوەی دەستوورە و هیچ شتێكی تێدا نییە سەرپێچیی دەستوور بێت.
الشرقیة: ئەگەر جێبەجێ نەكرا پێویست ناكات لە حكوومەت بمێنینەوە؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر پێویست ناكات، ئێمە نامانەوێ شایەدی ساختە بین، یان ئێمە كێشەمان ئەوە نییە كە وەزیرێك یان پۆستێكمان هەبێت، كێشەی ئێمە كێشەیەكی بنەڕەتییە، كێشەیەكی كۆنە و بە دەستیەوە ناڵاندوومانە، بابەتی مافەكان و شەراكەت و كەرامەت و هەموو ئەم بابەتانە.
الشرقیة: ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە بە ڕیزبەندیی زەمەنیی رووداوەكان، دەمبینی لە پێكهێنانی هەموو حكوومەتەكان، ئێوە پاڵپشتیی سەرۆكی حكوومەتەكانتان دەكرد و هیوای خێرتان بۆ دەخواستن، لە كۆتایی حكوومەتەكان شتەكان دەگۆڕان؟
سەرۆك بارزانی: ئەمە بەڵگەیە لەسەر نیازپاكیمان و ویستمان بۆ سەركەوتنی حكوومەتەكان. راستە ئێمە پشتیوانی و پاڵپشتیی هەموو سەرۆك وەزیرانەكانمان كردووە، بەڵام لە زۆر حاڵەتدا هەڵوێستی سەرۆك وەزیران و ئاستی تێگەیشتنی و پەنابردنی بۆ چارەسەركردنەكان، لە سەرۆك وەزیرانێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاواز بوو، بەڵام لە راستیدا ئاستەنگ و ئاڵنگاری بۆ هەموو سەرۆك وەزیرانێك هەبوو، سەرۆك وەزیران سەرپشك نەبوو و دەسەڵاتی تەواوی نەبوو، بەردەوام ئاستەنگ هەبوون.
الشرقیة: دەتوانین بڵێین ئیرادەیان زەوت كرابوو؟
سەرۆك بارزانی: تا ئاستێك.
الشرقیة: كێ دەیجووڵاندن؟
سەرۆك بارزانی: ئەو حزبانەی هەن.
الشرقیة: دەتوانین بڵێین چوارچێوەی هەماهەنگی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆیە؟
سەرۆك بارزانی: تەبعەن بە پلەی سەرەكی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، چونكە ئەو دەستی بە حوكمكردن كرد، ئەمەش هەڵەیەكی گەورە بوو، یەك پێكهاتە ناتوانێت حوكم بكات.
الشرقیة: ئێستا دەتوانین بڵێین تەنیا چوارچێوەی هەماهەنگی حوكم دەكات؟
سەرۆك بارزانی: تەقریبەن هەموو شتێك بە دەستیانەوەیە و دەسەڵاتەكان هەمووی دەستیان بەسەرداگیراوە و بە دەست ئەوانەوەیە.
الشرقیة: كەواتە دەتوانین بڵێین فەرمانڕەواییەكە بە پلەی سەرەكی حوكمێكی شیعییە؟
سەرۆك بارزانی: بۆ كەس هەیە پێچەوانەی ئەمە بڵێت؟
الشرقیة: دەڵێن ئێمە پێكهاتەین.
سەرۆك بارزانی: ئێستا گوایە دەڵێن دەگەڕێینەوە بۆ شەراكەت و تەوافوق و تەوازون، ئەگەر ئەمە جێبەجێكرا، باشە. بەڵام ئەگەر بەردەوام بوو لەسەر هەمان میتۆدی كۆن، ئەوە فعلەن چوارچێوەیە حوكم دەكات.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك باسی دوو بابەتتان كرد رەنگە گرنگ بێت، گوتتان پارتی رووبەڕووی پیلانگێڕیی غەدر بووە، كێ پیلانی گێڕا؟
سەرۆك بارزانی: هەندێك لایەن لە چوارچێوە و هەندێك لایەن لە سوننە.
الشرقیة: مەبەستت لە رۆژانی پێكهێنانی حكوومەت بوو؟
سەرۆك بارزانی: پێش ئەم ماوەیە.
الشرقیة: مەبەستت رۆژانی هەڵبژاردن و دواتر. باشە، قسەتان لەبارەی ئەوەی كە لاپەڕەیەكی نوێ دەكەینەوە و هەندێك لایەنی سوننە لە هەرێم پێشوازییان لێكراوە، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە كە بە كردەوە لاپەڕەیەكی نوێمان كردووەتەوە؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، ئێمە لاپەڕەیەكی نوێمان كردووەتەوە، بەڵام ئەنجاممان دەوێ، لاپەڕەی نوێ كراوەیە و ئەنجاممان دەوێ.
الشرقیة: كاتی هەیە؟
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە.
الشرقیة: بە دڵنیاییەوە ئەو ڕێككەوتننامەیەی لە نێوان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز هادی عامری كراوە، ماوەیەكی دیاریكراوی هەیە، ئایا ئێوە چاوەڕێی تەواوبوونی ساڵێك لە تەمەنی حكوومەت دەكەن؟ یان چاوەڕێی ئەنجامەكان دەكەن؟ یان ئەم ماوەیە تەواو نییە؟
سەرۆك بارزانی: نا ئەوە كاتە لە ئێستاوە ئەم بابەتە دەخرێتە ڕوو، ئەم ڕێككەوتنە دەخرێتە بەر گفتوگۆ و چۆنیەتیی جێبەجێكردن، یان دەبێت لێی تێبگەین كە ئەمەش وەك رێككەوتنەكانی پێشترە و دەخرێتە سەر رەفێك و كاری پێ ناكرێت، ئەوكاتەش بابەتەكە بە شێوەیەكی تر دەبێت.
الشرقیة: ئێوە پیلانێكی غەدرتان لێ كرا، رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی كشایەوە و گەیشتە قۆناغی دووركەوتنەوە و تەنانەت بەشداریی لە هەڵبژاردن نەكرد، هەندێك لایەنی تریش بەشداریی هەست بە پەراوێزخستن و فشار دەكەن، كەواتە ئێمە بەرەوپێش نەچووین، گەڕاوینەتەوە دواوە؟
سەرۆك بارزانی: راستە.
الشرقیة: كەواتە لە ئەنجامدا ئەگەر ئێوە لە مەشهەدەكە دوور بكەونەوە و رەوتی سەدر لە گۆڕەپانەكە نییە، ئایا دەتواندرێت فەرمانڕەوایی بەم شێوەیە بەردەوام بێت؟
سەرۆك بارزانی: دەبێتە حوكمێكی ناقس و ئیفلیج. ئەگەر رەوتی سەدر بوونی نەبوو، ئێمە بوونمان نەبوو، ئەگەر خەڵكی تر لە لایەنەكانی دیكە ئامادە نەبوون، تەبعەن ئیفلیج دەبێت.
الشرقیة: لە ریزبەندیی پیلانگێڕییەكە، ڕازین لە بابەتی دانیشتنی دەنگدان لەسەر وەزارەتەكان؟
سەرۆك بارزانی: ئەمە بەشێك بوو لەو پیلانگێڕییەی كە باسم كرد.
الشرقیة: لەم پیلانگێڕییە چیان دەوێ؟
سەرۆك بارزانی: ڕەنگە بیانەوێ هێزیان بۆ پارتی نیشان بدەن بەوەی ئەوان كوتلەگەرییەكی گەورەن و سەركردایەتیی عێراق دەكەن و پارتی پەراوێز دەخەن، رەنگە وەهمێكی وایان هەبێت.
الشرقیة: ئایا كەسی عاقڵ دەتوانێ بەم رێگەیە بیر بكاتەوە؟ كورد بەشێكی سەرەكییە لە وڵاتەكە؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر، زۆر هەوڵیان دا پارتی نەهێڵن، دواتر ئەوان نەمان و پارتی مایەوە.
الشرقیة: باشە، فەخامەتی سەرۆك، هەرچەندە باسی بەردەوامیی پاڵپشتیی حكوومەت دەكەین، پارتی ئێستا چۆن حكوومەتی بەڕێز زەیدی دەبینێت لەم ماوەیەدا؟ ئایا ئەم پاڵپشتییە بەردەوام دەبێت؟ یان پاڵپشتییەكە وەك ئەوەی كەمێك لەمەوبەر فەرمووت وابەستەیە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە؟
سەرۆك بارزانی: تەبعەن، بەڕێز زەیدی گەنجە و پێشینەی سیاسیی نییە وەك ئەوەی لە پێش ئەو هەیانبوو، بەڵام ئێمە پاڵپشتیمان كرد و پاڵپشتیشی دەكەین. ئێستا گەیشتوومەتە باوەڕێك كە نیازی دروست و باشە، بەڵام هەوڵدەدەین لەگەڵ ئەوانی تریش نەك هەر خۆمان، پاڵپشتیی دەكەین تاوەكوو لە ئەركەكانی سەركەوتوو بێت، چونكە ئەو ئاراستەیەی ئەو پێی دەڕوات ئاراستەیەكی دروستە، بەڵام دەزانم لە هەمان كاتدا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر گەورە دەبێتەوە.
الشرقیة: ئایا دەتوانێت بەسەر گەندەڵیدا زاڵ بێت؟
سەرۆك بارزانی: وەڵا ئەگەر توانی بەسەر گەندەڵیدا زاڵ بێت، ئەمە پەرجووە و دەبێتە پاڵەوانێكی ئەفسانەیی. ئێمە هیوای بۆ دەخوازین كە سەركەوتوو بێت لەم بابەتە، یارمەتیشمان داوە لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بە هێزەوە یارمەتیمان داوە، زۆر لەوانەی كە ویستیان بەرەو هەرێمی كوردستان هەڵبێن یان ئەوەی دزیبوویان لە هەرێم بشارنەوە، هەمووی بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆك وەزیران، گەڕایەوە بۆ بەغدا.
الشرقیة: كوتلە سیاسییەكان پاڵپشتیی دەكەن؟ هەموویان دەناسن، ئایا ئەوان راستگۆن لە پاڵپشتییەكانیان؟
سەرۆك بارزانی: وەڵا ئێمە راستگۆین، بەڵام ئەوانی ترمان نەخوێندووەتەوە.
الشرقیة: وەڵا ئێوە لە هەموان زیاتر دەیانخوێننەوە.
سەرۆك بارزانی: بەڵام ئێمە راستگۆین.
الشرقیة: ئێمە كە دێین دەبینین، هەندێك لە كوتلە سیاسییەكان، وا نیشان دەدەن كە نیازیان راستە، بەڵام لەژێرەوە بەپێچەوانەوە كار دەكەن.
سەرۆك بارزانی: بەهەرحاڵ، ئەوەی كە دەستی پێكردووە باشە، بەڵام ئەگەر لێرە وەستا، هیچ كاریگەرییەكی نابێت.
الشرقیة: دوو دۆسیە هەن كە وابەستەی یەكترن، دۆسیەی گەندەڵی و دۆسیەی كۆكردنەوەی چەك لە دەست دەوڵەت.
سەرۆك بارزانی: دۆسیەیەكی دیكەش كە لە هەردووكیان مەترسیدارترە، ماددەی هۆشبەر. لە چەك و لە گەندەڵیش مەترسیدارترە.
الشرقیة: ئەو دوو دۆسیەی كە حكوومەت دەستی داوەتێ، دۆسیەی گەندەڵی و دۆسیەی چەكە، ئێوە پێشتر گوتتان كە پاڵپشتیی حكوومەت دەكەن لە دۆسیەی گەندەڵی، ئایا بەڕێز زەیدی دەتوانێ بە كردەوە چەك لە دەست دەوڵەت كۆ بكاتەوە؟
سەرۆك بارزانی: ئەو بە تەنیا زەحمەتە، بەڵام پێویستیی بە پاڵپشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە. وا دیارە وەك بیستوومانە كە چوارچێوە پاڵپشتی دەكات، بەڵام هیوا دەخوازم كە ئەم بابەتە نەگاتە شەڕكردن، ئەمە نە لە بەرژەوەندیی عێراق و نە لە بەرژەوەندیی هەرێم و نە لە بەرژەوەندیی هیچ یەكێكمانە، بەڵام من وای دەبینم بابەتەكە قورسە.
الشرقیة: قورسە، لە ماوەیەكی دیاریكراو كە ٣٠ی ئەیلوولە، قورسە؟
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە قورسە، پاش ٣٠ی ئەیلوول تەنانەت ئەگەر پێویستیی بە چەند مانگێك هەبێت تاوەكوو ئەم بابەتە چارەسەر بكات، لە راستیدا دەبێتە سەركەوتن بۆ هەموو عێراق، تەنانەت بۆ خودی گرووپە چەكدارەكانیش، گرنگ ئەوەیە ئەو چەكە ڕێك بخرێت، ئەگەریش بەكار بهێندرێت، بە فەرمانی سەركردایەتیی باڵا بەكار بهێندرێت، نەك هەركەس بە ئارەزووی خۆی هەڵسووكەوت بكات.
الشرقیة: ئایا ئەم بڕیارە لەدەست عێراقە یان بە دەست دەرەوەیە؟ بە كورتی، هەندێك دەڵێن ئەم بڕیارە بەدەست ئێرانە. ئێمە بۆچی ناچین لەگەڵ ئێرانییەكان ئەم بابەتە باس بكەین؟
سەرۆك بارزانی: گرنگ ئەوەیە ئەم دۆسیەیە بە ڕێگەیەكی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، لەگەڵ ئێران و غەیری ئێرانیش بێت، شتێكی باشە، بەڵام من وای دەبینم كە قورسە لە راستیدا.
الشرقیة: قورسە، واتە جێبەجێ ناكرێت؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، چونكە كەسانێك هەن كە سوودیان لەم دۆخە دیوە و واز لە چەك ناهێنن.
الشرقیة: ئێستا فشاری ئەمریكاش هەیە.
سەرۆك بارزانی: ئەمەش دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بابەتێكی زۆر گرنگە، ئەگەر ئەمریكییەكان سزایان بەسەر عێراقدا سەپاند؟ بۆیە من دەڵێم بابەتی چەك لە بەرژەوەندیی عێراقە و چارەسەرنەكردنیشی دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق بەدەست زۆر كێشەوە بناڵێنێت.
الشرقیة: كێشەی گەورە كە دەیبیستین خۆی لە سزا و پەراوێزخستنی نێودەوڵەتیدا دەبینێتەوە؟
سەرۆك بارزانی: هەموو ئەمانە.
الشرقیة: ئێمە بینیمان قسەیەك هەیە كە پێش ئەوەی سەرۆك وەزیران بچێتە نیویۆرك، بەوەی كە لەوانەیە مۆڵەتەكە ببێتە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧؟
سەرۆك بارزانی: ئەگەر جێبەجێ بكرێ و ئەنجامێكی ئەرێنی هەبێ و ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت، با بكەوێتە ٣٠ی حوزەیران.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك، ئێمە هەموو شتێك لە بەرنامەی حكوومیدا وەها دەبینین كە نووسینەوە ئاسانە بەڵام جێبەجێكردنی قورسە، لە ئەنجامدا نەمانتوانی بابەتی كۆكردنەوەی چەك جێبەجێ بكەین و بڕیارەكەش فعلەن عێراقیی تەواو بێت، ئایا پێتوایە ئەگەر رێككەوتنێكی راستەقینە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بكرێت، عێراق بتوانێت چەك لە دەستی دەوڵەت كۆبكاتەوە؟
سەرۆك بارزانی: پێموایە كە عێراق بە شێوەیەكی سەرەكی بەوە بەستراوە كە شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران كۆتایی بێت، وابەستەیەكی راستەوخۆی هەیە.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك ئێوە قسەیەكی پێشترتان هەیە رەنگە لەبیرت بێت، گوتتان ئەگەر ئەمەریكا كشایەوە، چ گەرەنتییەك هەیە كە داعش نەگەڕێتەوە؟
سەرۆك بارزانی: لەبیرمە، دەیڵێم و ئێستاش هەمان شت دەڵێم.
الشرقیة: باشە، بەڵام هێزی ئەمنیمان هەیە، حەشد و سوپا و دژەتیرۆر و پێشمەرگەمان هەیە؟
سەرۆك بارزانی: رەنگە كەمێك بگەڕێمەوە بۆ دواوە لەسەر ئەم بابەتە، لە ساڵی ٢٠١١، تەبعەن ئەوكاتە دەوروبەری ١٠٠ هەزار سەربازی ئەمریكی لە عێراق هەبوون. دیداری زۆر لە بەغدا كران و منیش لە زۆر لەو دیدارانە بەشداریم كرد، بەوەی كە ئایا ئێمە لەگەڵ ئەمریكییەكان ڕێككەوتنی دوولایەنە بكەین یان نا؟ دەبێت بچنە دەرەوە و ئەمانە. لە دیدارێكدا هەموویان ئامادە بوون لە نێویاندا وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆ. پێم گوتن برایان ئێستا ئێمە بابەتێك باس دەكەین با لەوانە بپرسین كە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە بابەتی ئەمنییەوە هەیە، وەزیری بەرگریی پێموایە عەبدولقادر عوبێدی بوو، وەزیری ناوخۆش وابزانم جەواد بوڵانی بوو بەڵام دڵنیا نیم، لێمان پرسی ئەی وەزیری بەرگری، تۆ هێز و تواناتان هەیە وڵاتەكە بپارێزن؟ گوتی نەوەڵا هیچم نییە. وەزیری ناوخۆ تۆ؟ گوتی نەوەڵا ناتوانم بنكەیەك بپارێزم. ئیتر ئێمە باسی چی دەكەین؟ هەندێك موزایەدەیان كرد و پێداگرییان كرد، گوتیان یەڵا. تەنانەت لەبیرمە لێم پرسین، گوتم ئێستا ئەفسەرێكی ئەمریكی ناتوانێ بێتە ئەم هۆڵە و هەموومان بگرێ؟ وەڵا نازانم كێ بوو گوتی: نەك ئەفسەرێك، سەربازێك دەتوانێت. گوتم باشە كەواتە باشتر نییە ڕێككەوتنێك هەبێت لانی كەم تا كە ماوەی داگیركاری كۆتایی دێ؟ سەروەریمان دەگەڕێنینەوە و با ڕێككەوتنی دوولایەنەمان هەبێت. ئەمریكییەكان ڕۆشتن و داعش هات. من ئێستا لە هەمان سیناریۆ دەترسم. بەڵام بارودۆخەكە جیاوازە، ئەوكاتە هێزێك هات و ناوی لە خۆی نا داگیركەر و وەك هێزێكی داگیركەر هەڵسوكەوتی كرد، بەڵام ئێستا دۆخەكە جیاوازە. ساڵی ٢٠١٤ پاش هاتنەناوەوەی داعش، حكوومەتی عێراق ئەوكاتە تكای لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەمریكا و ناتۆ كرد و پێی گوتن تكایە وەرن و بمانگەنێ و یارمەتیمان بدەن، فعلەن هاوكارییان كردین و ئەگەر ئەو یارمەتییانە نەبوایە، بە تایبەتی پاڵپشتیی ئاسمانیی ئەمریكا و هاوپەیمانان، نە پێشمەرگە و نە سوپا، چونكە تا راشكاو بم، یارمەتیی حەشدیان نەدەدا، بەڵام بەبێ ئەو پاڵپشتییە گەورەیە مومكین نەبوو ئەو سەركەوتنە گەورەیە بەسەر داعشدا دەبەست بهێنین. راستە داعش تووشی شكستێكی گەورە بوو و ئەو هێز و توانا كۆنەی نییە، بەڵام هێشتا هەڕەشەیە و ئەو هێزانە لە بنەمادا كاتێك هاتن، لەسەر داوای حكوومەتی عێراق و بۆ ئامانجێكی دیاریكراو هاتن كە ئەویش بریتی بوو لە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی سوپا و پێشمەرگە دژی داعش. ئێستا پێشبینیی دەكەن و هیوا دەكەم پێشبینییەكەیان راست بێت بەوەی كە داعش كۆتایی هاتووە، بۆیە پێویست بە مانەوەی ئەو هێزانە ناكات، با ببینین، ئینشائەڵا.
الشرقیة: كێشە لەوە نییە داعش كۆتایی هاتووە، كێشە ئەوەیە بابەتی كشانەوەی هێزە بیانییەكان بەستراوەتەوە بە بابەتی كۆكردنەوەی چەك بەدەست دەوڵەت؟
سەرۆك بارزانی: ئەمە پاساوی گرووپەكانە، بەوەی تا ئەو هێزانە بوونیان هەبێت، بەڵام ئەو هێزانە لە راستیدا هێزی داگیركەر نین، بەڵكوو لەسەر داوای حكوومەتێكی شەرعی كە حكوومەتی عێراقە هاتوون بۆ یارمەتیدانی عێراق دژی داعش، دەڵێن ئەگەر ئەوان نەكشێنەوە ئێمە چەك رادەست ناكەین، باشە ئێستا ئەوان دەكشێنەوە، ئایا چەك رادەست دەكەن یان نا؟ با ببینین.
الشرقیة: لەو دیدارانەی لەگەڵ سەركردەكانی لایەنە سیاسییەكان كردمان، گەیشتینە ئەو ئەنجامانەی كە هەر هێزە بیانییەكان نین، بابەتی هێزەكانی توركیا، پەكەكە، كۆنتڕۆڵی ئاسمانی عێراق، كڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و.. وردەكاریی ئەوتۆ هەن كە بە رۆژ و شەوێك بەدی نایەن، ئایا ئەمە پاشەكشەیە لەم دۆسیەیە؟ ئایا ئەمە ترسێكی راستەقینەیە لەوەی كە ئایا ئەگەر چەك لە دەست دەوڵەت كۆبكرێتەوە، هەندێك لایەن هەژموونیان لەنێو پرۆسەی سیاسی لەدەست دەدەن؟
سەرۆك بارزانی: من كەمێك لەمەوبەر گوتم، زۆر قورسە ئەم ئامانجە وەدی بێت. ئەم مەرجانە لە راستیدا بە ئامانجی ئەوەیە كە وەدی نەیەت و تەعجیزین.
الشرقیة: كەواتە فەخامەتی سەرۆك جێگرەوە چییە بۆ بابەتی رادەستكردنی چەك؟ ئاوا بمێنینەوە؟
سەرۆك بارزانی: دەبێت، لە راستیدا لەسەر برایانە لە چوارچێوەی هەماهەنگی كە ئەم بابەتە چارەسەر بكەن. من جارێكی تر دەڵێمەوە هیوادەخوازم ئەمە نەگاتە شەڕ و ئەمە لە حیساباتەكان وەدەر دەكەین، بەڵام دەبێت چارەسەرێك بۆ ئەم بابەتە هەبێت ئەگینا هەموو وڵاتەكە بەرەو نادیار دەچێت، هەموومان لە یەك كەشتین و ئامادە نین چارەنووسمان بە هەڵسوكەوتی نابەرپرسانە ببەستینەوە.
الشرقیة: رەنگە لە كۆبوونەوەی پێش كۆتایی ئیدارەی دەوڵەت كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئامادەی بوو، تەقریبەن هەموو ئەو ئەندامانەی لەوێ بوون، دەنگیان لەسەر ئەوە دا كە دوای ٣٠ ئەیلوول هەركەس چەك بەرز بكاتەوە دەبێ دژایەتی بكرێت و ناوی تیرۆری بخرێتە پاڵ، ئێستا دەبیندرێت هەنگاو بە هەنگاو پاشەكشە هەیە، لە وشەی داماڵینەوە بۆ وشەی كۆكردنەوە، لە وشەی كۆكردنەوەوە بۆ وشەی ڕێكخستن، لە وشەی تیرۆرەوە بۆ وشەی برایان، پاشەكشەیەكی گەورە هەیە، هۆكاری چیە؟
سەرۆك بارزانی: وەڵاهی منیش وەك تۆ ئەم پرسیارە دەكەم.
الشرقیة: ئەم پاشەكشەیە غەریبە، كەواتە دەتوانین بڵێین ئەگەر ئێران سەركەوت لە فشاركردن لە هەندێك لایەن بۆ پاشەكشەكردن لەم دۆسیەیە؟
سەرۆك بارزانی: بەڵام ئەنجام، ئەنجامەكە لە كوێیە؟ عێراق بۆ كوێ دەچێت؟
الشرقیة: بەرەو نادیار؟
سەرۆك بارزانی: تەبعەن.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك ئێوە لەگەڵ هاوبەشەكانتان قسەتان نەكردووە بۆ ئەوەی ناوبژیوانی بكەن لەگەڵ فەسیلەكان بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەئامانج نەگرن بۆ نموونە؟
سەرۆك بارزانی: زۆر جار قسەمان لەگەڵدا كردوون نەك جارێك، هەمووی دەیخاتە سەر یەكێكی دیكە، دەڵێن ئێمە پەیوەندیمان نییە و ئەوانە گرووپەكەی ئێمە نین و ئێمە نایانناسین و ئەوانە كەس نایانناسێت و لایەنی نادیارن، بەڵام هەموو جارێك پاساو دەهێننەوە، بەڵام ئێمە بەشێكیان بە ناو دەناسین و سەر بە چ لایەنێكن و هەموو ئەو وردەكارییانەمان لایە.
الشرقیة: كێن؟
سەرۆك بارزانی: بمبوورە، ئەمە بۆ بڵاوكردنەوە نییە.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك ئایا هاریكاریی لە نێوان ئێوە و لایەنی ئەمەریكا؟ ئایا پابەند دەبن بە بابەتی كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان؟
سەرۆك بارزانی: ئەم بابەتە پەیوەستە بە بڕیاری حكوومەتی فیدرالی، بەپێی تێگەیشتنم، كە هێزەكان دەكشێنەوە، ڕێككەوتنی دوو لایەنە لە نێوان ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ئەمریكا لەگەڵ عێراق دەكرێت، بۆیە دۆخی هەرێم و بابەتی هەرێم و ماف و پابەندییەكانی هەرێم لە نێو ئەم ڕێككەوتنانە دەبێت. ئەگەر رێككەوتن كرا، هەرێم بەدوور نابێت.
الشرقیة: باشە تا ئێستا ئێوە لێكتێگەیشتنتان لەگەڵ لایەنی بیانی هەیە؟
سەرۆك بارزانی: ئەمە لێكتێگەیشتنە ئەگەر رێككەوتنی دوو لایەنە هەبێت، هەرێم دەبێتە بەشێك لەم ڕێككەوتنە.
الشرقیة: ئێستا ڕێككەوتن هەیە، پێش چەند ڕۆژ بیستمان بۆ نموونە هەڵسووڕێنەری كارەكانی باڵوێزخانەی ئەمریكا لەگەڵ وەزیری دەرەوە بنكەی ڤیكتۆریان رادەست كردەوە، ئایا هەرێمیش دەگرێتەوە؟
سەرۆك بارزانی: تەبعەن، لە هەرێمیش تەقریبەن هەموو بنكەكانیان چۆڵ كرد. بوونیان وەك بەغدا نەبوو لە راستیدا، لە فڕۆكەخانەی هەولێر بوون، فڕۆكەخانەی هەریریش دوو یان سێ ساڵە چۆڵیان كردووە.
الشرقیة: باشە، جێگرەوەی ئەم بابەتە چییە؟ ئایا گرێبەستی هاوبەشی و بەرگری و ستراتیژی هەن؟
سەرۆك بارزانی: پێم گوتیت ئەمە دەبێتە بەشێك لە رێككەوتنە دوولایەنەكەی نێوان عێراق و ئەو وڵاتانە.
الشرقیة: باشە، هەرێم پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ واشنتن هەیە، ئایا دەتواندرێت وەبەربهێندرێت بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و واشنتن؟ ئایا دەتوانن ئەو رۆڵە بگێڕن لە نێوان واشنتن و بەغدا لەبارەی كۆكردنەوەی چەك و بابەتی دۆلار و بابەتی ئابووری؟
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی زۆر ئەرێنی بۆ هاریكاریی نێوان عێراق و واشنتن دەگێڕێت، پێشتریش هەرێم ئەم ڕۆڵەی گێڕاوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە سنووردارە و هەرێم ناتوانێت هەموو شتێك بكات.
الشرقیة: چەند ڕۆژ رەنگە بیستبتان لەبارەی داخستنی فڕۆكەخانەكان و قەدەغەكردنی فڕۆكەكانی عێراق لە هاتنەناوەوە بۆ عێراق، دوێنێ و پێرێ بینیمان كە بارگرژیی سیاسی بە ئاراستەی حكوومەتی زەیدی هەبوو، ئایا ئەم هەڵوێستەی دەهێنا؟
سەرۆك بارزانی: پێموایە ئەمە هەڵوێستێكی دروست نییە، با وایدابنێین عێراق پابەند نەبوو، ئەمریكاش بە یەك سەرەقەڵەم كە ڕێوشوێنێكی زۆر سادەیە، پارەی كاشی لەسەر عێراق بڕی، عێراق بۆ كوێ دەچێ؟ كەواتە ئەم موزایەداتانە چییە؟
الشرقیة: پێت دەڵێت ئێمە پەیوەندیی مێژوویی و وابەستەی عەقائیدیمان هەیە؟
سەرۆك بارزانی: باشە ئەمە كێشەیەكی گەورەترە، كێشەیەكە لە نێوان ئەمریكا و ئێران، ئێمە هیوا دەخوازین كە ئەم كێشەیە بە لێكتێگەیشتن چارەسەر ببێت و دۆخەكە بۆ سروشتی خۆی بگەڕێتەوە، بەڵام بۆچی عێراق باجەكەی بدات؟
الشرقیة: كەواتە عێراق پابەندی سزاكان بێت؟
سەرۆك بارزانی: وە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بدات، بەڵام ئەگەر پابەند نەبوو، ئەگەر ئەم سزایانە سەپێندران، هەموویان نا، تەنیا راگرتنی سیولە لەسەر عێراق، یەڵا هەموو پشتبەستنی عێراق لەسەر نەوتە، ئەگەر دوو مانگ یان سێ مانگ عێراق مووچەی نەدا، چی بەسەر ئەم وڵاتەدا دێت؟ ئەوكاتە ئەوانەی كە موزایەدە دەكەن چی وەڵام دەدەنەوە و چ چارەسەرێكیان لایە؟ بۆیە عێراق دەبێت پابەند بێت و هەوڵ بدات چارەسەر بدۆزێتەوە. رەنگە عێراق بەهۆی دۆخی ئیستسنائی و پەیوەندییەكانی و ئەو پیرۆزییانەی كە هەن لە كەربەلا و ئەوانە، رەنگە ئەمریكا هەندێك ئاسانكاریی لەگەڵ عێراق بكات لە بەشێكی دیاریكراو.
الشرقیة: پەیوەندیتان لەگەڵ ئێران ئایا پەیوەندییەكی گرژە بەهۆی بوونی ئۆپۆزسیۆنی كوردیی ئێرانی لە هەرێم یان دۆخەكە بۆ ئەوە گەڕایەوە كە پێشتر هەبوو؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا پەیوەندیمان هەیە و هی ئەمڕۆش نییە، بەڵام من لەم شەڕەی كە لە نێوان ئەمریكا و ئێران ڕووی دا، من پێم سەیر بوو، تا ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار مووشەك و درۆن لە هەرێمی دا، بۆچی؟ ئێمە لە كاتی شەڕ بە ئێرانییەكانمان گوت بۆچی؟ ئەمە پرسیارەكەیە؟ پاساو دەهێننەوە كە ئەمە هەڵەیە و زانیاریی هەڵە بووە و ئێمە لە حاڵەتی شەڕین و كۆنتڕۆڵی تەواومان هەیە، بەڵام پاش تەواوبوونی شەڕ هەرچەندە ڕێژەییش بێت، بەڵام لە بارەگای سەركردایەتییان دا، لە ماڵی بەرپرسانیان دا، ئەمە شتێكی جێی سەرسوڕمان بوو، لە هەمان كاتدا جێی سەركۆنەكردن بوو، من تێناگەم چیان لە ئێمە دەوێ؟
الشرقیة: چی پێشبینی دەكەیت بۆ چارەنووسی ئەم شەڕەی نێوان ئێران و ئەمەریكا؟
سەرۆك بارزانی: دەبێ ئەم دۆخەی ئێستا دەبێ بگۆڕێت، ناتواندرێت بەردەوام بێت. هیوا دەخوازم كۆتاییەكە ئاشتییانە بێت، بەڵام ئەم دۆخە قابیلی بەردەوامی نییە نە بۆ ئەوان و نە بۆ خەڵكی تریش، چونكە دەزانی دۆخێكی قەلەق و ناسەقامگیریی لە هەموو بوارەكان دروست كردووە.
الشرقیة: پێشبینیی رووخانی ڕژێمی ئێران دەكەیت یان بەرەو ڕێككەوتن دەچن ئەمریكا و ئێران؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا خاڵێك هەیە كە دەبێ ئاماژەی پێ بكەم، گەلی ئێران بوو سیستەمی سیاسی پاراست، گەلی ئێران بڕیار دەدات، پێموانییە هیچ گۆڕانكارییەك لە ئێران بكرێت لە دەرەوەوە، بەڵكوو گەلی ئێران بڕیار دەدات و دەتوانێ بگۆڕێت یان بیپارێزێت.
الشرقیة: ئایا هەرێمی كوردستان دەتوانێ وەك لایەنێكی ناوبژیوان بچێتە نێوانیان؟
سەرۆك بارزانی: لە نێوان كێ و كێ؟
الشرقیة: لە نێوان هەردوو لایەن، ئێوە لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریكا و ئێران پەیوەندیتان باشە؟
سەرۆك بارزانی: بابە ئەمە (رَحِمَ اللهُ امْرَءًا عَرَفَ قَدْرَ نَفْسِهِ).
الشرقیة: بەڵام بەپێی پەیوەندیی باش.
سەرۆك بارزانی: قەیناكە بەڵام ئەمە لە ئێمە گەورەترە.
الشرقیة: بابەتی یەكخستنی پێشمەرگەمان لەم دواییانە بیست، لە راستیدا وەك وردەكاری نوێیە بۆ ئێمە، پێشتر چی بوو؟ بۆچی بەرەو یەكخستن دەچین و سوودی چییە؟
سەرۆك بارزانی: لە بنەڕەتدا پێشمەرگە هێزێك بوو كە پێشتر سەر بە پارتی بوو بەشێكیشی سەر بە یەكێتی بوو. پاش ٢٠٠٣، پەرلەمان دروستكرا و بوو بە یەك حكوومەت و وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام تا ئاستێك مایەوە كە ئەو هێزانە وابەستەی وەزارەتی پێشمەرگە بوون لە هەندێك لایەن، بەڵام هەندێك تایبەتمەندیی حزبی هەبوو لە لایەنی دیكە. ئێستا ئەوەی كراوە هەموو ئەو هێزانە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، واتە پەیوەندییان بە حزبەكانەوە نییە، ئەمەش هەنگاوێكی باشە.
الشرقیة: ئێستا حەشدی شەعبیش هەندێك لایەن دەڵێن پچڕاندنی وابەستەیی بە لایەنە سیاسییەكان و بچنە ژێر فەرماندەیی فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان، فەخامەتی سەرۆك، بابەتی مووچەی پێشمەرگە ماوە نا ماوە ئەم بابەتە دێتەوە بەرباس، كەی ئەم دۆسیەیە چارەسەر دەبێت؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا هەر بابەتی مووچەی پێشمەرگە نییە، بودجەی هەرێم هەمووی.
الشرقیة: ئێستا لە بودجەی ٢٠٢٧ چەندیان داناوە؟
سەرۆك بارزانی: پێویستە دەبێت بەپێی سەرژمێریی كۆتایی بێت هەرچەندە وردیش نییە، بەڵام زیاترە لەوەی پێشتر بڕیاریان دابوو، چونكە دەبێت لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان حیساب بكرێت.
الشرقیة: بیستمان كە پەرلەمانتارانی پارتی ناڕەزاییان هەیە لەسەر ڕێژەكە، بەڵام نەمانزانی چەندیان دیاری كردووە؟
سەرۆك بارزانی: سەرەتا ڕێژەكە ١٧٪ بوو، بەڵام یەكجاریش ١٧٪یان نەدا، پاشان دایانبەزاند بۆ كەمتر لە ١٠٪، تەنانەت یەكجاریش ١٠٪یان نەناردووە، بەڵام لە بنەڕەتدا ١٢٪یە. لەو سەرژمێرییەی كە كرا، دەركەوت بە دەركردنی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان یان با بڵێین ناوچە كێشەلەسەرەكان، رێژەی هەرێمی كوردستان ١٤٪ و نیو بێت رەنگ، كەواتە دەبێت رێژەكە ١٤٪ بێت.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك با بێینە سەر بابەتی مافە دەستوورییەكان، هەندێك مافی دەستووری هەن كە وابەستەن بە دەستووری عێراقەوە، لە دیارترین ئەو مافە دەستوورییەكان بریتییە لە ماددەی ١٤٠، من ئەم راشكاوییە و بوونت لەم دیدارە بە بەهادار دەنرخێنم، چونكە دیدارێكی مێژووییە، هۆكاری راستەقینە لەسەر جێبەجێنەكردنی ماددەی ١٤٠ چییە؟ ئایا بەهۆكاری ناوخۆییە یان بە هۆكاری دەرەكییە یان چییە؟
سەرۆك بارزانی: وەڵا رەنگە ناوخۆیی و دەرەكی بێت.
الشرقیة: باشە یەك بە یەك بێینە سەری كە بۆچی ماددەكە جێبەجێ نەكرا؟
سەرۆك بارزانی: ماددەكە دەستوورییە، یان هەندێك دەڵێن ماددەكە كۆتایی هات، كۆتایی نایەت، ئەم ماددەیە كۆتایی دێت كاتێك دەستوور كۆتایی دێت، مادام دەستوور هەیە، ماددەكەش هەیە. ئەگەر جێبەجێ كرابوایە دۆخەكە بە تەواوی جیاواز دەبوو، ئەمە كێشەیەكە یەكەمجار بۆ كورد ناكرێت قەبووڵ بكرێت كە واز لەو ماددەیە بهێنین، هەتا ئەگەر بشڵێن جێبەجێش نەكرێت، ناتواندرێت دان بەوەدا بنرێت كە ئەم ماددەیە كۆتایی هاتووە، كۆتایی نایەت. دواتر من پێم سەیرە، ئێستا هەرێم بەشێكە لە عێراق، هەولێر راستە پایتەختی عێراقە، بەڵام دۆخی هەمان دۆخی بەغدا، بەسڕە، مووسڵ، شارێكی عێراقییە، كەركووكیش هەمان شت. ئەم ماددە دەستوورییە دیاری كردووە كە یەكەمجار دەبێت ئاساییكردنەوە، سەرژمێری و راپرسی بكرێت، ئەوان بڕیاریان دەدەن، ئایا خەڵك دەتانەوێ لەگەڵ هەرێم بن یان لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی؟ كەواتە ئەگەر لەگەڵ هەرێم بن یان لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی شتێك ناگۆڕێت، ئەوان دەمێننەوە وەك بەشێك لە عێراق، بەڵام ئەوەی سەر بە هەرێم دەبن، تەبعەن هەڵهاتن لەم ماددەیە زەرەری لە عێراق و پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا دا. هەر چەندە بە خێراتر ئەم ماددەیە جێبەجێ بكرێت، باشترە و كار لەگەڵ لایەنەكانی تر دەكەین كە ئەم ماددەیە دەبێ كارا بكرێت و لە خەڵك دەپرسین ئایا خەڵكینە دەتانەوێ لەگەڵ هەرێم بن یان بەغدا؟
الشرقیة: ئەمە هۆكاری ناوخۆیی، ئەی هۆكاری دەرەكی؟
سەرۆك بارزانی: هۆكاری دەرەكی رەنگە هەستیاری هەبێت.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك: چی نامۆیە كە تەنیا لەگەڵ بەڕێز هادی عامری رێككەوتن واژۆ دەكەن؟
سەرۆك بارزانی: ئەو نوێنەرایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكرد، بە ناوی چوارچێوە واژۆی دەكرد.
الشرقیة: پێموایە ئەو سەرۆكی لێژنەی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ بوو، ئایا لەگەڵ ئەو هیچ ئەنجامی نەبوو؟
سەرۆك بارزانی: ئێستا ئەم دۆسیانە هەمووی دەكەینەوە.
الشرقیة: دۆسیەی نەوت و غازیش دەكەنەوە؟
سەرۆك بارزانی: ئەمە چیرۆكێكی نامۆیە، بۆت باس دەكەم بۆ بینەران، ساڵی ٢٠٠٧ زۆر دیدار لە بەغدا و هەولێر كرا بۆ نووسینەوەی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز، پسپۆڕی كەنەدی و ئەورووپی و لە زۆر وڵاتی جیاواز هێنامان، یارمەتییان داین لەوانەی تەقریبەن هەمان حاڵەتیان هەبوو، شارەزایانی وەزارەتی نەوت لە بەغدا و لێرە لە هەرێم، بە ئامادەبوونی باڵوێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا. تەنانەت باڵوێزی بەریتانیا كەمێك قسەخۆش بوو، جارێكیان مشتومڕ بوو، گوتی ئێوە رێك ناكەون؟ بڵێن نەوتی هەرێم بۆ سكوتلەندا بێ چونكە ئەو سكوتلەندایی بوو. یاسایەكی زۆر گونجاومان ئامادە كرد بە رەزامەندیی شارەزایانی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی كوردستان، عەلاساس دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران، لەوێش یاساكە دەچێتە پەرلەمان و ئەوانە، لە ئەنجوومەنی وەزیران وەزیری تایبەتمەند نەك هەر رەتی كردەوە، سووكایەتیی ئاراستەی گەلی كورد كرد بەداخەوە.
الشرقیة: وەزیری نەوتی ئەوكات؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، ئێمە بۆچی خۆمان بە هەموو ئەو یاسا و پابەندییانەوە پابەند بكەین؟ كورد تەنانەت جیاوازیی لە نێوان نەوت و ئاو لەژێر زەوی ناكەن، نەیهێشت یاساكە بڕوات، ئەم كێشەیە مایەوە تا ئەمڕۆ. ئەو یاسایە بێت یان یاسایەكی نوێ، ئێمە ئامادەین لە هەر كاتێكدا تاوەكوو لە كێشەیەكی بنەڕەتی رزگارمان بێت. وەرن، دواتر دەستوور لە ماددەی ١١١ یان ماددەی ١١٢ دەڵێ نەوت و غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە، كێشەمان نییە، ئەو كێڵگانەی كە كۆن لێیانەوە دەرهێندراوە، لە لایەن حكوومەتی فیدرالی لەگەڵ هەرێم ئیدارە دەدرێت، تەبعەن ئەو كێڵگانەی لە هەرێمن، بەڵام ئەو كێڵگانەی تازە دەردەهێندرێن، لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە ئیدارە دەدرێت، تەنانەت بۆ وشەی (لەگەڵ – معا) چەندان كات گفتوگۆمان كرد، گوتمان (معا) هەتا كێشەمان نەبێت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەم بنەمایانە كێشەمان نییە.
ئێمە برایانمانمان لە بەغدا و ناوەندی سەركردایەتیی حزبمان ئاگادار كردەوە كە ئێستا لە بەغدان، تاوەكوو لەگەڵ برایانی تر هەموویان ئەم بابەتە بكەنەوە، با بێن و هیوادارین بگەینە چارەسەر.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك با بە راشكاوی ئەم پرسیارە بكەین، هەردوو لایەن لە قەیرانی متمانە دەژین، ئێوە لە ئەنجامی ئەوەی كە بەرتان كەوتووە لە هەندێك حزب یان لە بەغدا، متمانە نەماوە وەك متمانەی كۆن دوای ئەوەی سەداممان ڕووخاند.
سەرۆك بارزانی: راستە.
الشرقیة: ئەوانیش بە هەمان روانگە سەیرتان دەكەن، بە روانگەی نامتمانەیی، وای لێهاتووە ڕیشەی هەركێشەوە، قەیرانی متمانە لە نێوان هەردوو لایەن، كەی چارەسەر دەبێت؟
سەرۆك بارزانی: راستە، دەبێت هاریكاریی بكەین، هەرلایەك بەرەوپێش بچێت، نەك هەرلایەك لە شوێنی خۆی دابنیشێ و بڵێ تۆ وەرە پێشەوە. با هەردوولا بەرەویەكتر بچین و لە خاڵێكی دیاریكراو یەك بگرین. دواتر ئێمە مافی خۆمانە كە شكمان هەبێ و راڕا بین.
الشرقیة: بۆچی؟
سەرۆك بارزانی: با بگەڕێینەوە پێشتر، ئێمە ١٨٢ هەزار هاووڵاتیمان لە كوردستان لە ژنان و منداڵان تا ئێستا لە بیابانەكانی باشوور ژێرخاك كراون، بۆ یەكەمجار لە مێژوودا دەوڵەتێك چەكی كیمیاوی دژی هاووڵاتیانی بەكار هێناوە، ٤٥٠٠ گوند وێران كرا، پاش هەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی كورد كرا، ئێمە گەڕاینەوە و گوتمان ئێمە بەشێكین لە عێراق و عێراقێكی دیموكراتی و فیدرالیمان دەوێ لەسەر ئەم سێ بنەمایە، پاش هەموو ئەم تاوانانە گەڕاینەوە و ئامادەییمان دەربڕی، هێشتا لۆمەمان دەدەن؟
الشرقیة: وای لێهات هەرێم بەئامانج دەگرن، بە درۆن؟
سەرۆك بارزانی: ئێ تەبعەن، نامتمانەیی راستە، بەڵام پێویستە هەوڵ بدەین ئەم متمانەیە بگەڕێنینەوە.
الشرقیة: پاش دوو دەیە لە نووسینەوەی دەستوور، ئایا ئێستاش دەستوور گەرەنتیی مافەكانی كوردە؟ یان بووەتە چەترێك بۆ دروشمی دەستووری و مەركەزیەت؟
سەرۆك بارزانی: دەستوور وەك ئەوەی هەیە دەستوورێكی باشە، بەڵام ئەگەر پابەند نەبوون پێی وەك ئەوەی لە رابردوو پێی پابەند نەبوون، بەهای دەستوور چییە؟ دواتر لە دیباجەی دەستووردا هاتووە كە پابەندبوون بەم دەستوورە گەرەنتیی پاراستنی یەكپارچەیی عێراقە وەك گەل و خاك و ئاسمان، لەبیرم نییە، بەڵام دەستوور دەڵێ گەرەنتیی یەكپارچەیی عێراق پابەندبوونە بەو دەستوورە، بۆیە نازانم زیاتر لەمە كەسێك چی بڵێت؟
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك لە بەشی كۆتاییدا باشی پەیوەندییە دەرەكییەكان دەكەین، عێراق تا ئێستا لە ململانێی هەژموونی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەژیەت، ململانێی شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئێران، بووین بە گۆڕەپانێك بۆ ئەم شەڕە، بووینە هەژموونێكی دابەشكراو بەشێك بۆ ئەمەریكا و بەشێك بۆ ئێران، بەم ئاراستەیە تا ئەمڕۆ ڕۆشتووین، نە شەڕی ئەمەریكا و ئێران كاریگەریی لێ كردین، نە دانوستانەكانی ئەمەریكا و ئێران كاریگەریی لێكردین، نە تەنانەت ڕێككەوتنی ناوەنكیی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ٢٠١١ كاری لێكردین، ئێمە بووینە گۆڕەپانێك بۆ پاكتاوكردنی ململانێكان، كەی عێراق دەبێتە خاوەن بڕیاری سەروەریی خۆی، لەسەر بڕیاری زاڵ بێ و دوور لە هیچ دەستێوەردانێك و دوور لەو ململانێیانە؟
سەرۆك بارزانی: لۆمەكە لەسەر كێیە؟ نە لەسەر ئەمەریكا و نە لەسەر ئێران و نە لەسەر هیچ وڵاتێكی ترە، لۆمەكە لەسەر عێراقییەكان خۆیانە، ئەگەر كەسێك خۆی نەچەمێنێتەوە، كەس ناتوانێت سەر پشتت بكەوێت.
الشرقیة: راستە، ئێمە چەماینەوە؟
سەرۆك بارزانی: بە دەستی عێراقییەكانە، بڕیار بدەن و سەروەرییان بپارێزن و باشترین پەیوەندیی لەگەڵ دراوسێكانیان و هەموو دونیا بپارێزن، بەڵام كاتێك دەبێت عێراق بڵێت نەخێر، دەبێت بڵێت نەخێر بۆ ئەم بێت یان ئەو.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك هەندێك گۆڕانكاریی لە ناوچەكەدا كراوە، بۆ نموونە ئەوەی لە سووریا ڕووی دا، كورد لە سووریا سەیری جەنابت دەكەن كە رابەریت، پێشتر بیستوومانە كە مەزڵووم عەبدی هاتووە و گوتییە جەنابت كە تۆ رابەر و باوكی رۆحی و من ڕێزت دەگرم، تەنانەت بەدەر لەوەی تۆ كوردی سووریای و تۆ كوردی عێراقیت، چۆن لە كوردی سووریا و دۆخەكەیان دەڕوانن؟ ئایا پاڵپشتیی دروستكردنی هەرێمێك بۆ كوردی سووریا دەكەن یان دەتانەوێ سووریا یەكگرتوو بێت؟
سەرۆك بارزانی: كورد لە سووریا بەشێكی ئازیزە لە جەستەمان، ئێمە یەك میللەتین، ئێمە هیوامان دەخواست كە زیاتر لەوە بەدەست بهێنن كە ئێستا بەدەستیان هێناوە، بەڵام ئێستاش دەرفەتێكی باشە، ئێمە لەگەڵ شەڕ یان جەنگ نین لە راستیدا. دەتواندرا زیاتر بەدەست بهێنن لە راستیدا، بەڵام بەداخەوە ڕووی دا ئەوەی ڕووی دا. ئێستا گرنگ ئەوەیە كە یارمەتییان بدەین تاوەكوو پارێزگاریی لە دۆخەكەیان بكەن و لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی لە دیمەشق لێكتێگەیشتن بكەن، یارمەتییان دەدەین بۆ بونیادنانی دۆخەكەیان و وڵاتەكەیان. تەبعەن دۆخەكەیان هەندێك قورسە.
الشرقیة: لە هەردوو حاڵەت رەنگە دوو ڕووداو لەگەڵ كورد ڕووی داوە بەهۆی ئەمەریكییەكانەوە، لەبیرمە لە ڕۆژانی كۆتایی ڕیفراندۆم، ئەمەریكییەكان دەستیان هەڵگرت، لە ڕۆژانی كۆتایی گۆڕینی ڕژێمی سووریا، دیسان دەستیان هەڵگرت لە هەسەدە، ئایا كوردی عێراق و سووریا خیانەتیان لە لایەن ئەمەریكییەكان لێ كرا؟
سەرۆك بارزانی: من بە ڕێگەیەكی دیكە وەڵامت دەدەمەوە، ئەگەر پشت بە خۆت نەبەستیت، متمانەت بە خۆت نەبێت، ئەگەر پشت بە ئەوانی تر ببەستیت تەنانەت ئەمەریكاش بێت، لە ڕۆژێك لە ڕۆژاندا دەكەویت. پێویستە پشت بە خۆت ببەستیت.
الشرقیة: فەخامەتی سەرۆك بەوە كۆتایی دێنم لەگەڵتان، عێراق لەژێر ڕۆشنایی ئەم دۆخەی ناوچەكە و لەژێر ڕۆشنایی قەیرانی دارایی كە تێیدا دەژیەت، لەژێر ڕۆشنایی قەیرانەكانی چەك و كۆكردنەوەی چەك و ئەوانەی تر، لەژێر ڕۆشنایی قەیرانی نەمانی متمانە، عێراق بەرەو كوێ؟
سەرۆك بارزانی: هەموو هەوڵێك دەدەین لەگەڵ لایەنەكانی تری شیعە و سوننە كە چارەسەر بۆ ئەم دۆخە دابنێین و بۆ قەزا و قەدەری بەجێ نەهێڵین، یان لێبگەڕێین دۆخەكە كەڵەكە ببێت. پێویستە چارەسەر بدۆزینەوە و پشت بە خوا ببەستین.
الشرقیة: چاوەڕێی چی لە حكوومەتی زەیدی دەكەن؟
سەرۆك بارزانی: سەرەتا هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین و هیوا دەخوازین دەستوور جێبەجێ بكات.
الشرقیة: چاوەڕێی چی لە هادی عامری دەكەن؟ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن؟
سەرۆك بارزانی: هەردوو واژۆكە دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت، واژۆكەی نێچیرڤان و واژۆكەی هادی عامری، ئێمە لە لایەن خۆمانەوە پابەندی واژۆی نێچیرڤانین، پێویستە چوارچێوەش رێز لە واژۆی هادی عامری بگرن.
الشرقیة: من سوپاست دەكەم، زۆر سوپاس فەخامەتی سەرۆكی پێشووتری هەرێمی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی، بۆ هەموو ئەوانەی فەرمووتان و سوپاست دەكەم بۆ قەبووڵكردنی ئەم بانگهێشتە و بۆ سینگفراوانیت بۆ هەموو ئەو پرسیارانە.
سەرۆك بارزانی: سوپاس.
الشرقیة: بەڵام تۆ گەشبینیت جەنابی سەرۆك؟
سەرۆك بارزانی: من هەمیشە گەشبینم.



