سەرۆک بارزانی: دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بە ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر بڕیارێكی مێژوویی بوو

سەرۆک بارزانی: دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بە ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر بڕیارێكی مێژوویی بوو

بازمیدیا ـ هەواڵی ناوخۆیی

سەرۆک مسعود بارزانی بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٥٦ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی دەکات.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و شەش ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.

دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بە ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر بڕیارێكی مێژوویی بوو بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەماندا. مامۆستایانی ئایینی هەمیشە سەنگەرێکی بەهێزی بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و قووڵکردنەوەی هزری نیشتمانپەروەری بوونە و پەیامی خوداپەرستی و دینداری و لێبورده‌یی و میانڕەوی و پێکەوەژیانیان بڵاو کردۆتەوە.

ڕێز و پێزانینی بێپایانم هەیە بۆ ماندووبوون و قوربانیدانی مامۆستایانی ئایینی لە ڕابردوو و ئێستادا. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ هەموویان دەخوازم لە بەجێگەیاندنی ئەم پەیامە پیرۆزە و، ڕێنوێنی و ئاراستەكردنی كۆمەڵگەدا.

خودای گەورە پشت و پەنای هەموو لایەكمان بێت.

مسعود بارزانی
21ی ئەیلوولی 2026

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button