پێشانگەی نێودەوڵەتیی بازرگانی بە بەشداریی زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا دەکرێتەوە

لە پێنجەمین ساڵیادی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا؛ پێشانگەی نێودەوڵەتیی بازرگانی بە بەشداریی زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا دەکرێتەوە
بازمیدیا ـ هەواڵی ناوخۆیی
زاخۆ ــ ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، پێشانگەی نێودەوڵەتیی بازرگانیی زاخۆ بە فەرمی دەکرێتەوە و تا ٢٤ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
پێشانگەکە کە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ دەکرێتەوە، ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٧ی ئێوارە بەڕووی سەردانیکاراندا کراوە دەبێت. زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا لە بوارەکانی خۆراک، بیناسازی، تەکنەلۆژیا و ئۆتۆمبێل بەشداری دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ٦٠٪ی کۆمپانیا بەشداربووەکان بیانی و سەر بە ٢٠ وڵاتن، لە کاتێکدا ٤٠٪ی دیکەیان کۆمپانیا ناوخۆییەکانن. ئامانجی سەرەکیی پێشانگەکەش رەخساندنی دەرفەتی کار و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکاندا، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی زاخۆ بە دەروازەیەکی سەرەکیی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا و ئەوروپا دادەنرێت.
لە هەمان ڕۆژدا، پێنجەمین ساڵی بەئیدارەبوونی سەربەخۆی زاخۆش تێدەپەڕێت؛ ئەو ئیدارەیەی لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری دامەزراندنی درا.
لە چوارچێوەی بۆنەکەدا، کاتژمێر ٤:٣٠ی ئێوارە، مزگەوتی حاجی ئیبراهیم لە قۆناخی دووەمی کۆرنێشی زاخۆ بە فەرمی دەکرێتەوە. مزگەوتەکە کە پێشتر ڕووبەڕووی مەترسیی لەناوچوونەوە بوو، بە هاوکاریی خێرخوازان و حکوومەت بە شێوازێکی مۆدێرن نۆژەن کراوە و دەخرێتە خزمەتی نوێژخوێنانەوە.
پڕۆژە و دەستکەوتەکانی پێنج ساڵی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ:
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ٣٥٥ پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ کراون و ٩ پڕۆژەی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و ژێرخاندا:
ڕێژەی قیرتاوکردنی ڕێگاوبانەکان بە ٦٥٪ زیاد بووە و کۆی گشتیی ڕێگا قیرتاوەکان لە زاخۆ گەیشتووەتە ٩٥٪.
پێداویستییەکانی ئاوی خواردنەوەی گەڕەک و ماڵان دابین کراوە و ٣٨ بیری ئاوی خواردنەوە دروست کراوە.
١٢ قوتابخانەی نوێ دروست کراون و ٧٣ قوتابخانەی دیکە لە سەنتەری زاخۆ نۆژەن کراونەتەوە.
یەکەمین نەخۆشخانەی منداڵان دروست کراوە و سەنتەرێکی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەش لە نەخۆشخانەی زاخۆ ئامادە کراوە، کە بە نزیکەیی بە فەرمی دەکرێتەوە.
١٨ باخچە دروست کراون و ڕێژەی سەوزایی لە ناوچەکەدا لە ١٪ەوە گەیشتووەتە ١٢٪.
ئەم پڕۆژانە و چاڵاکییە بازرگانییەکان، بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ پەرەپێدانی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی ڕۆڵی ناوچەکە لە بازرگانیدا جێبەجێ کراون.



