مەسرور بارزانی: پابەند دەبین بە ستراتیژیی هاوبەشمان لەگەڵ ئەمەریکا

مەسرور بارزانی: پابەند دەبین بە ستراتیژیی هاوبەشمان لەگەڵ ئەمەریکا
چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانەی نوێێ کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، وێڕای بەخێرهانی میوانەکان، ڕایگەیاند: زۆر شەرەفمەند و دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لێرەم، ئەم باڵەخانە نوێیە وەک چیایەک وایە نالەرزێت، ئەمە نیشانەی پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
هاوکات دەڵێت: پیرۆزبایی لە هەمووان دەکەم بۆ ئەو باڵەخانەیە زۆر جوان و ناوازەیە، کە بەردی بناغەی پەیوەندییەکانی ئێمە و نموونەیەکی جوانی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ ئەمەریکا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا لە ڕابردوودا شانبەشانی ئێمە وەستاوە هەر کاتێک ئێمە پێویستمان پێیان بووبێت لەگەڵمان بوونە، لە ساڵی 1991 لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەوە، ئەمەریکا هاوکاری ئێمە کرد و نوای ئارام و ناوچەی دژە فڕینیان بۆمان دروست کرد.
باسی لەوە کرد، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر چەند پارێزگایەکی عێراق و بووە مایەی مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا جارێکی دیکە هات و هاوپەیمانی دروست کرد و هاوکاریمانی کرد بۆ لەناوبردنی تیرۆر.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: هەر ئەمەیکا بوو هاوکاری ئێمەی کرد بۆ بنیاتنانی ئەو وڵاتەی کە ئێمە تێیدا دەژین، بەبێ ئەمەریکا قورس بوو ئەو شتە ڕووبدات، ئەمەریکا بوو دڕندەترین ڕژێمی دیکتاتۆری لە عێراق لەناو برد.
دەشڵێت: بۆیە لە هەرێمی کوردستان زۆر سوپاسگوزارین بۆ هەموو ئەو شتانەی کە بۆ ئەمەریکا بۆ ئێمەی کردووە، شانازی بە هاوپەیمانێتی ئەمەریکاوە دەکەین و بەردەوام دەبین لەگەڵ ئەمەریکا بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو و قۆناغی داهاتوو.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، “ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواومان هەیە، پاڵپشتی سیاسەتی سەرۆک ترەمپ دەبین، بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا و حکوومەتی عێراق.”



