گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوان لە ئامێدی دۆزرایەوە

گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوان لە ئامێدی دۆزرایەوە
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕەکە، ڕووفاتی 7 ئەنفالکراوی تێدایە کە پیاوانی گوندی مێرگەتی بوونە و جل و بەرگی کوردییان پۆشیووە ئەو کاتەی شەهید کراون، لەسەر داخوازیی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، مۆنۆمێنتێکیان بۆ دروست دەکرێت.
ئارام نوری، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ساڵی 1988 لەچوارچێوەی پرۆسەی ئەنفالی کورد بەدەستی ڕژێمی بەعس، ئەو 7 کەسەی ئێستا ڕووفاتەکەیان دۆزراوەتەوە، لە چۆڵایی گولـلە باران کراون و دواتر ژێر خۆڵکراون.
دەڵێت: کارەکانمان بە دوو قۆناغ دەبێت، قۆناغی یەکەمیان هەڵگرتنەوەی ڕووفاتەکانە، دواتر دەگوازرێنەوە دادپزیشکی پارێزگای دهۆک، لەوێ نموونەی DNA لە ڕووفاتەکان وەردەگیرێت، دواتر دەگوازرێنەوە زێدی خۆیان بۆ ئەوەی بە خاک بسپێردرێنەوە.
بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەڵێت: لە قۆناغی دووەمدا مۆنۆمێنتێک لە گوندەکەی خۆیان دروست دەکەین کە گوزارشت لە ئەنفالکردنی خەڵکی سنوورەکە بکات.