فراکسیۆنی پارتی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر کوردستان دەکات

فراکسیۆنی پارتی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر کوردستان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان؛ بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە، لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناڕەواکاندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەرزاوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، لەنێویشیاندا ژێرخانی ئابووری، پاڵاوگەی نەوت، سەرچاوەی وزە.

فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق بۆ “تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی حکوومەت لەمبارەوە” دەکات، ئەمەش بە مەبەستی، بە‌‌هێزکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە پاراستنی وڵات و هاووڵاتییاندا.

هاوکات فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کردووە، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نشتیمانیمان، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات هەڵبگرێت و هەنگاوی جیددی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بنێت؛ هاوکات هێرشکارەکان ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی یاسایان بکاتەوە.

فراکسیۆنەکە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە “پەرەسەندنێکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی” ناو دەبات و دووپاتی کردووەتەوە، هێرشەکان زیانێکی زۆر بە ئابووریی عێراق دەگەیەنن.

لەبارەی ئەوانەی کە لە پشت هێرشەکانیشەوەن، فراکسیۆنەکە باسی لەوە کردووە، زۆر بە ڕوونی دیارە، ئەو کەسانەی لە پشت هێرشەکانن، بە هیچ ڕەنگێک نیشتمانپەروەر نین، بەڵکوو کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندا دەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانیان دەگەیەنن لەسەر حیسابی گەلی عێراق و یەکڕیزییەکەی.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button