وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 61 کەس لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت مردوون

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ناوەندێکی بازرگانیی پێنج نهۆمی، لە شاری کوت، ناوەندی پارێزگای واست بڵاو کردەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، بەهۆی ڕووداوەکەوە، 61 کەس گیانیان لە دەست داوە کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵێکی زۆرەوە خنکاون و تەرمی 14 کەسیش بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتان، ناناسرێنەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، 45 کەس لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە ڕزگار کراون کە لە باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو، باڵەخانە بازرگانییە پێنج نهۆمییەکە، لە خواردنگەیەک و هایپەرمارکێتێک پێکدێت و تەنیا حەوت ڕۆژە کراوەتەوە.

وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، بە مەبەستی زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە، هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت، ڕێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر. ڕاشیگەیاندووە، دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button