لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە قەزای ناوەندن سۆران دەچنە بواری جێبەجێکردن

چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە قەزای ناوەندن سۆران دەچنە بواری جێبەجێکردن

ڕۆژی سێشەممە 27ـی ئابی 2024، لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ژێر چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەردی بناغەی پڕۆژەی درێژکردنەوەی بۆڕی ئاوی خواردنەوە و دروستکردن و قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی گەرەکەکانی 26ـی گوڵان و بەرخودان و هەندرێن، بە گوژمەی(1,170,250,000) ملیار دینار لە سەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانرا،کە لەلایەن کۆمپانیای هەبابان جێبەجێ دەکرێت.

لە مەڕاسیمی دانانی بەردی بناغەکەدا، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆران، قائیمقامی قەزای چۆمان،بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران،سەرۆکی شارەوانی سۆران،بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ، بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی سۆران و بەرپرسانی حکومی و حزبی و دانیشتوانی هەرسێ گەڕەکەکە ئامادەیبوون.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە مەڕاسیمەکەدا چەند وتەیەکی پێشکەش بە دانیشتوانی ئەم سێ گەڕەکە کرد و ڕایگەیاند: “وەک ئاگادارن لە ماوەی سێ ساڵی دروستبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران،سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و فشارانەی لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردوستان هەیە، شۆڕشێکی ئاوەدانیمان بە پاڵپشتی و هاوکاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکان بەتایبەت، ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ تۆڕی ئاوی خواردنەوە، کارەبا،تەندروستی،پەروەردە لەم دەڤەرە دەست پێکردووە و بەردەوامین”.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: “بۆیە جێی خۆیەتی بە ناوی هاوڵاتیان و خەڵکی ئەم دەڤەرە سوپاسێکی تایبەتی سەرۆکوەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی بکەین کە لەم ماوەیەی رابردوو هاوکار و پاڵپشتێکی تەواوی ئەو دەڤەرە بووە،ئەو هاوکاریانەی کە لەلایەن حکومەتەوە لەرێی ئێمەوە پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێت بە ئەمانەتەوە ئەو هاوکاری و پاڵپشتیانە دەگەیێنینە خەڵکی خۆمان.

لە کۆتاییدا هەڵگورد شێخ نەجیب ڕاشیگەیاند: “لەدانانی بەردی بناغەی چەندین پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان لە داهاتوو بەردەوام دەبین خەڵکی ئەم دەڤەرە شایستەی هەموو خزمەتێکن”.

راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران