وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چەند بڕیارێک دەردەکات سەبارەت بەو کۆمپانیایانەی کە خەڵکیان بردووە بۆ حەج بەڤیزای ساڵی و گەشتیاری
پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر بردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی سعوودیە،بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لەدەرەوەی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی، کە بووە هۆی مردن و بێ سەروشوێن بوونی چەند هاوڵاتییەکمان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەفەرمانی وەزاری ژمارە (117) لە 2024/6/3، لێژنەیەکی پێکهێناوە بەبەشداری نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتی، وەک یەکەم هەنگاویش بڕیاریاندا بە:
1-ئەو کۆمپانیایانەی، کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوەو بەڤیزای ساڵی و ڤیزای گەشتیاری و ڤیزا جۆراوجۆرەکان خەڵکیان بردووە بۆ وڵاتی سعودیە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتایی پێدێت، سڕ دەکرێن و مافی بەشداریکردنیان نییە بۆ گەشتەکانی عومرە.
2- ئەو کۆمپانیایانەی، کەهیچ کێشەیەکیان و نییەو لە ڕێگای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەشێوەیەکی یاسایی خەڵکیان بردووە بۆ حەج، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئاگاداردەکرێنەوە، کە بەشدار دەبن لەگەشتەکانی عومرە، دوای دەرچوونی رێنماییەکان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە.
3-هەر هاووڵاتییەک سکاڵای لەسەر هەر کەس و کۆمپانیاییەک هەیە، کەوا مافی زەوت کردووەو بەنایاسایی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و زەرەرمەند بووە لەرێگەی ڤیزا جۆراوجۆرەکانەوە، تاوەکو (10) دە ڕۆژی دیکە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن .
4- شوێنی تۆمارکردنی سکاڵا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتی یاسایی و گرێبەستەکان.