مونا قەهوەچی وەڵامێكی توندی سەعدی پیرە دەداتەوە
مونا قەوەچی سكرتێری پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی توركمان وەڵامی سەعدی پیرەی دایەوە و دەڵێت، تكایە ئاگاداری تەندروستی خۆت بە، پێدەچێت صەحەتت باش نەبێت، چونكە لێدوانەكانتان لە ئاستی بەرپرسیارتی نییە ناوزراند و بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەما، ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی كۆنترۆڵی خۆتان، ئاماژە كردنتان بە هەندێك بابەت كە پێوەندی خودی بەندەوە هەیە لە كاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆم لە پەرلەمان وەكو ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، ئێمە هیچ كاتێك درێغیمان نەكردووە و رێگام نەداوە كێشە لە ناو پەرلەمانی كوردستان دروست بێت و هەمیشە سەرۆكایەتی بە یەك تیم كاری كردووە.
سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان باس لەوەش دەكات، سەبارەت بە دەوامكردن و ئەوەی كە رۆژێك غایب نەبووم لە دەوامی پەرلەمانم، بەپێویستی دەزانم بە بیر جەنابتان بهێنمەوە كە كاری پەرلەمانی، ئەركێكی پیرۆزە و ناكرێت نۆینەری خەڵك بیت، بەڵام پێوەی پابەند نەبیت، من سوپاست دەكەم لە دەرخستنی راستیەكان كە هەمیشە رێگام بە خۆم نەداوە رۆژیك لە رۆژان پەرلەمان بەجێ بەهێڵم و بی ئاگابم، هەمیشە هەوڵم داوە خوای گەورە و خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكەی خۆم رازی بكەم و ویژدانم ئاسودە بێت.
قەهوەچی لە درێژەی قسەكانی دەڵێت، لێرەوە پێشنیاز دەكەم و داوا دەكەم لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێداچوونەوەیەك بكەن لە دەستنیشان كردنی گوتەبێژی حزبەكەیان چونكە بوونی سعدی پیرە كاریگەری خراپ لەسەر حزبەكەتان دروست كردەوە لەلایەن پێكهاتەی توركمان كە دژایەتی حزبە توركمانیەكان لە بەرژەوەندی هیج لایەنیك نییە.
لە كۆتایی قسەكانی مونا قەهوەچی دەشڵێت، ئێمە وەكو پارتی چاكسازی توركمان هەمیشە باوەرمان بە پێكەوە ژیان هەیە و هیوادارین سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هاوكار بن لە بە هێزكردنی پێكەوە ژیان، تۆمەت بەخشین ئاسانە، بەڵام سەلماندنی قورسە بۆیە خۆتان بەدوور بگرن لەم جۆرە لێدوانانە كە دەركەوتەی سیاسی لێ دەكەوێت، بۆیە لە كۆتاییدا هیوادارم صحەتە باشەكەت بپارێزی