سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەكات
ڕۆژی دووشەممە 13ی ئایاری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی کرد لە شاندێكی ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان پڕۆفیسۆر میسێل ڤیڤۆركا و پڕۆفیسۆر فابیریسل بەلانش و ماریۆس ئیكسپۆزیتۆ و تیالی یلمەن و دكتۆر عادل باخەوان.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینی بۆ قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلی كوردستان هەبوو لە خەبات و كۆڵنەدانی بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بەرز نرخاند و هەروەها ستایشی فەرهەنگی پێكەوەژیان و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستانیان كرد.
هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆیەكی تێروتەسەل و كراوە لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پێشهات و هەڕەشە و مەترسیەكان لە عێراق و ناوچەكە و هاوكێشە هەرێمایەتی و دەولییەكان و هەروەها ڕەوایەتی و ئاییندەی دۆزی گەلی كوردستان و سەقامگیریی ناوچەكە كرا. پەیوەست بە مافەكانی گەلی كوردستان سەرۆك بارزانی وێڕای شیكردنەوەی ڕەهەندە مێژوویی و سیاسی و یاساییەكانی ڕەوایەتیی دۆزی گەلی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و هەروەها خەباتی گەلی كوردستان بۆ پارێزگاریكردن لە مانەوە و پێشخستنی دۆزی خۆی، جەختی لەوە كردەوە كە یەكلاییكردنەوەی كێشەكان لەڕێگەی شەڕ و نكۆڵیكاری و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی گەلی كوردستان هیچ ئەنجامێكی نەبووە و نابێت و باشترین ڕێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە كێشەی گەلی كوردستانیشەوە لە ناوچەكەدا لەیەكتێگەیشتن و ئاشتی و ڕێكارە دیموكراتییەكان و دیالۆگە. سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا بە درێژایی مێژوو، گەلی كوردستان ئاشتی و تەبایی و هاوبەشی ویستووە و هیچكات دەستپێشخەری شەڕ و گرژی نەبووە.