ئەمڕۆ شەممە، 27-04-2024، تۆماس سەیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەیشی بۆ بریندارانی هێرشەکە خواست.
باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: “ئەم هێرشانە هەموو پەلاماری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن؛ بێجگە لەمە هیچ دەرئەنجامێکی دیکەی نییە”.
یەکێتیی ئەوروپا، وەکو ئەوەی تۆماس سەیلەر باسی کردووە، “زیاتر هاوکار دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی ئاسایش، سەقامگیری و چاکسازی”.
ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 26-04-2024، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.
کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی غازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو غازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800 ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.
جگە لە غازی سروشتی بەرهەمی گازی شل یاخود ئێڵ پی جی نزیکەی هەزار تۆنی ڕۆژانەیە، 22 هەزار بەرمیل نەوتی کۆندێنسەیتی ڕۆژانە لێ بەرهەم دەهێنرێت کە لە ماوەکانی پێشوودا ئەم بڕە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتییەکەی تێکەڵی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرا.
بەپێی گرێبەستێک کە لە مانگی چواری 2007 لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆر کردووە، کۆرمۆر لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دانەغاز و گیسنت پترۆلیۆمەوە سەرپەرشتی دەکرێت.