ئەوانەی بەشداریان لە یادکردنی شۆڕشی ئێران کردووە، گەر کەمێک کەرامەت و مەبدەئیان هەبووا بیریان نەدەچوو کە تا ئێستا کوردستان بریندارە

فرسەت سەید شکور :
ئەوانەی بەشداریان لە یادکردنی شۆڕشی ئێران کردووە، گەر کەمێک کەرامەت و مەبدەئیان هەبووا بیریان نەدەچوو کە تا ئێستا کوردستان بریندارە

لە چل و پێنجەمین ساڵیادی شۆڕشی ئێراندا هەندێک بە ناو کورد، بەشداریان لە ساڵیادەکە کردووە، بەبێ ئەوەی ئەو ڕووداوەیان بیرمابێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە <مووشەک>ی دوور هاوێژی جەبانانە هێرشکرایە سەر هەولێری پایتەخت، لە ئاکامدا هاوڵاتی سڤیل و تەنانەت منداڵی کەمتر لە یەک ساڵە کرانە ئامانج، لەگەڵ ئەوەی ڕووداوە شورەییەکی گەورەی بۆ دەسەڵاتی ئێران بە دوای خۆی هێنا سەڕەرای ئەوەش دەسەڵاتدارانی ئێران بێشەرمانە پێیان لە تاوانی خۆیان نەنا و بەوپەڕی شانازییەوە باسیان لە کردەوە ترسنۆکەکانیان کردووە.

ئەگەر ئەوانەی بەشداریان لەم بۆنەیە کردووە، کەمێک کەرامەت و مەبدەئیان هەبووبا پرەنسیپی کوردایەتیان بەسەردا زاڵ دەبوو ئەوەیان بیرنەدەچوو کە کە تا ئێستا کوردستان و هەولێر هەر بریندارن بە دەستی ڕەشی داگیرکەرانی زوڵم و ستەمی ناڕەوای ئێران.

ڕۆژانە، ڕژێمی سێدارەی ئێران ڕۆڵەکانی کورد لەسەر تۆمەتی بێبنەما لەسێدارە دەدات و ئازاریان دەدات، بۆیە ئەوەی کەمێک هەست و سۆزی نەتەوایەتی هەبێت، تێدەگات لەوەی شەهیدکردنی هاووڵاتیانی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان چەند پڕ ئازار و ناسۆر و ئێشە، بەڵام وا دیارە ئەوانەی بە پێکەنین و خۆ بچووکردنەوەیان ڕۆژانە لە خزمەت سیاسەتی خۆسەپێنی کۆماری ئێراندان ئەوەیان بیرچووەتەوە کە زۆرێک لە خۆفرۆشەکانی زەمانی پێشووتر زۆریان بۆ نەیاران و داگیرکەران کرد بەڵان ناویان بەو پەڕی شەرمەزارییەوە دەهێنرێت، هاوسۆز بوون و نۆکەرایەتی بۆ دەسەڵاتێک کە بە ئاشکرا دژایەتی دۆزی ڕەوای گەلێک دەکات، خۆفرۆشییە بە مانای وشە.