سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی ڕۆمانیا دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی ڕۆمانیا دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 28ی ئەیلوولی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای پەرلەمانی ڕۆمانیا بە سەرۆكایەتیی سێناتۆر تیتۆس کورلاتسیان سەرۆكی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ڕۆمانیا كرد.

لە دیدارەكەدا کە بەڕێز ڕادۆ ئۆکتاڤیان دۆبرێ باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراقیش ئامادە بوو، سەرۆكی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ڕۆمانیا ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە خەباتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان كرد و، هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵ و قوربانیدانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هەبوو. جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی زۆر بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و داواشی كرد كە پەیوەندییەكانی ڕۆمانیا و هەرێمی كوردستان لە بواری كولتووری و ئابووری و وەبەرهێنان و كەرتی تایبەتدا پەرە بستێنێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕۆمانیای بە دۆستانە وەسفكرد و خوازیاری ئەوەش بوو كە ئەو پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن بە تایبەت لەبواری ئابووری و كشتوكاڵ و وەبەرهێنان. هەروەها سوپاسی ڕۆڵی ڕۆمانیای كرد كە لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیماناندا لە شەڕی تیرۆر یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە. پەیوەست بە شەڕی تیرۆر سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەڕەشەی تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە. ڕاستە كە لەڕووی سەربازییەوە داعش تێكشكاوە بەڵام هۆكارەكانی دەركەوتن و بەهێزبوونەوەی داعش هێشتا هەر بەردەوامن و بە پێویستیشی زانی هاوپەیمانیەتی و هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بنبڕكردنی تیرۆر هەر بەردەوام بێت و لە ئەولەوییەتی سیاسەتی جیهانیدا بێت.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و كۆسپ و تەحەددیاتی بەردەم سەقامگیری لە ناوچەكە و جیهان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.