سالار رواندزی بۆ بازمیدیا : کوڕانی تاڵەبانی بەرنامەیان داناوە هەر کەسێک خەباتی شاخی هەبووبێت بیسڕنەوە

شەوی رابردوو دڵشاد عەبدولڕەحمان وەزیری پێشوتری پەروەردە لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی کردووە و تێیدا نووسیویەتی “ئەرێ چی لە شۆڕش ئیسماعیلی پێشمەرگە و سەرتیپ و نزیکی مام جەلال روویداوە، تا یەکێتی ئەمری پێ بکات لە وەزارەت ئیستقالە بکات و رێی دەوامیشی لێ بگرێت؟”.

لەبارەی نیگەرانییەکانی بەرپرس و سەرکردە و کەسایەتییەکانی یەکێتی نیشتمانییەوە، سالار رواندزی، فەرماندەی دێرین و دانەبڕاوی پێشمەرگە نزیک لە لاهور جەنگی، بە (بازمیدیا)ی ڕاگەیاند: (کوڕانی تاڵەبانی) بەرنامەیان داناوە هەر کەسێک خەباتی شاخی هەبووبێت بیسڕنەوە، چونکە خۆیان هاتوونەتە سەر سفرەی حازر و نایانەوێ کەس ببێت بەبەربەست لەپێش قۆرخکارییەکانیان، ترسیان تەنیا لەو کەسانە هەیە کە خەباتی شاخیان هەیە رووبە روویان بووەستن، بۆیە لەبری ستایش تەسفیەیان دەکەن، تا بەتەواوی حزبەکە لە چنگی خۆیاندابێت.

ئەو فەرماندەیەی یەکێتی دەڵێت؛ ئەمانە دوای کۆنگرە کۆمیدیەکەیان دەبن بە تەیرێکی ماقول، چونکە ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە کادیرانی یەکێتی لە ریزەکانی ئەو حزبە دوور دەکەونەوە و واز دەهێنن.

سالار رواندزی پێیوایە پشتر کە خەڵک لە یەکێتی دوور دەکەوتەوە کاریگەری بەسەر یەکێتییەوە زۆر نەدەبوو، بەڵام ئێستا شێوازەکە گۆڕاوە ئەوانەی لە دەرەوەی یەکێتین هەم سەنگ و قورساییان زیاتر دەبێت، هەم بۆ هەڵبژاردن دەنگی زیاتر لە یەکێتی دەهێنن، ئەو سەردەمە بەسەرچووە کە بڵێن یەکێتی بە یەک کورسیەوە هەر هەمان قەبارە و هێزی هەیە، ئێمە دڵنیای لەبەر پێداگرییەکانی هاوپەیمانان ئەو هێزانەی سەر بەحزبن تا ٢٠٢٥ نامێنن و دەبن بە هێزێکی نیشتمانی، بۆیە حزب ئیدی بە پێی کورسییەکانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

جەختیکردەوە ، کە هێزی نوێ لە دەڤەری سەوز دێتە پێشەوە و دروست دەبێت، یەکێتی نیشتمانی وەک پێشتر ناتوانێت حاکمی ناوچەی سەوزبێت، رێگری لێ دەکرێت ئیدی وەک جاران لەسەر قۆرخکارییەکانی بەردەوامبێت، سەرەڕای ئەوەش سەنگی لای دۆستەکانیان و هاوپەیمانانیش نەماوە، تا بە قورسایەی خۆیان نیشتانبدەن “جام کە زرینگاوە، شکانەکەشی ماوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button