سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی بەریتانیا دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە ٨/٨، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد .
سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆز کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەی و هەموو پشتگیریی و هاریکارییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.
باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی بەوە دا کە ئەو لە نزیکەوە ئاگاداری خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستانە لە پێناو مافە ڕەواکانی و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان نيشاندا.
چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم ، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون کە ڕۆزی کەیڤ کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو .