سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای پەرلەمانی شانشینی ئوردن دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای پەرلەمانی شانشینی ئوردن دەكات

ئێوارەی ڕۆژی هەینی 4ی ئابی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی شانشینی ئوردن بە سەرۆكایەتی بەڕێز دكتۆر ئەحمەد ئەلخەلایلە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی شانشینی ئوردن كرد.

لە دیدارەكەدا كە بەڕێز مونتەسەر ئەلعەقلە باڵیۆزی ئوردن لە عێراق و بەڕێز فواد ئەلمجالی كونسوڵی ئوردن لە شاری هەولێر ئامادە بوون، شاندی میوان سڵاوی تایبەتی شای ئوردنیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند و بە بایەخەوە باسی پەیوەندییەكانی نێوان شانشینی ئوردن و هەرێمی كوردستانیان كرد و هەورەها پێزانینیان بۆ پێشكەوتن و گەشەی هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكان هەبوو و ڕایانگەیاند كە بەچاوی ڕێزەوە سەیری ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە پێكەوەژیان و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە دەكەن. هەروەها ڕۆڵی هەرێمی كوردستانیان لە حەواندنەوەی سەدانهەزار ئاوارە و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە وردی ئاماژەی بە مێژووی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئوردن كرد كە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر و شا حوسێن بنیاتنراوە. هەروەها سوپاسی شا عەبدوڵڵا پادشای ئوردنیشی كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكان و لەشەڕی دژی تیرۆردا پاڵپشت و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بووە. سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆشی نیشان دا بەوەی كە دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئوردن لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا قووڵ بووەتەوە و پێشڤەچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.