ڕێکەوت شێخانی: گوایە خۆپیشاندانیان کرد دژ بە چوار پارچە کردنی کوردستان، کەچی بە چوار ئاڵای جیاواز بەژداری کۆنفرانسیان کرد و بە دوژمنیان گۆت ئێمە چوار پارچەین
لە چەند ڕۆژی ڕابردووا بەناو کۆنفرانسی سەد ساڵەی لۆزان لەلایەن شوێنکەوتووانی پەکەکە و هەندێک کادیری یەکێتی لە ئەورووپا ڕێکخرا، بەداخەوە ئەو کۆنفرانسە بە هیچ شێوەیەک تەعبیری لە قەزیەی کورد نەکرد، چونکە تەواو بەحیزبی کرا و پەکەکە و یەکێتی و پاشکۆکانی بە ئاشکرا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێنا.
لەوەش ناخۆشتر و کارەساتتر ئەوەبوو کە چوار ئاڵای جۆراوجۆر نمایش کران، ئەوەش سووکایەتیکردن بوو بە ئاڵای کوردستان، چونکە کوردستان یەک ئاڵای هەیە، ئەویش ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی کوردستانە کە بە درێژایی مێژوو کورد دانی پێدا ناوە و خوێنی بۆ پاراستن و شەکاوەیی ڕشتووە، بۆیە ئەو فرەئاڵاییەی کۆنفرانسەکەی لۆزان پیادەکردنی ئەجێندای پەکەکە و داگیرکارانی کوردستانە و لێکترازان لەنێو گەلی کوردستاندا قووڵتر و برینەکانیش زیندوو دەکاتەوە، بەداخەوە بۆ ئەو کادیرانەی یەکێتی لەوێبوون، کەچی لە ئاست ئەو سووکایەتییە بێهەڵوێست بوون.
بە درێژایی مێژووی دروستبوونی، پەکەکە بۆ یەکجاریش کوردایەتی نەکردووە، تەنیا ویستوویەتی لە دۆزی ڕەوای کورد بدات، بۆیە ئەمساڵ لەو بەناو کۆنفرانسەی لۆزان یادەکەی بە حیزبی کرد، بۆیه تەنانەت لەناو کوردانی تاراوگەش پێشوازی لێ نەکرا و ژمارەیەکی کەمی خەڵکی کورد بەشدار بوون، تەنانەت دەگوترێت هەندێک لەوانەی بەشداربوون، لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستان نییە، کەچی بۆ موزایەدەکردن و سپیکردنەوەی ڕوویان بەشداریان تێدا کرد. ئاخر حیزبێکی وەک یەکێتی کە کەرکووکی ڕادەستی حەشد و سوپای عێراق کردبێت، چۆن کوردانی ڕەسەن گاڵتەیان بە کادیرەکانیان نایەت کاتێک باسی قەزیەی کوردی بکەن!
پەکەکە و یەکێتی و هەموو حیزبەکانی کوردستان دەبێت بزانن هەر کۆنفرانسێک تایبەت بە کورد ئەگەر پاڵپشتی پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ نەبێت، سەرکەتوو نابێت و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ڕێز لەو جۆرە بەناو کۆنفرانسانە ناگرێت، چونکە ئاشکرایە بەحیزبی کرابوو بۆ بەرژەوەندی گرووپێکی پەکەکە و یەکێتی و پاشکۆکانی.