ڕاگه‌یا‌ندراوێک لە گووته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

گووته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی بڵاوکردەوە

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

لە کۆڕێکیدا لە دەرەوەی وڵات، دوێنی سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، په‌یوەندییه‌كانی نێوان پارتیمان و حزبه‌كه‌ی به‌ خراپ له‌ قه‌ڵه‌م داوە و، هۆكاری خراپیه‌كه‌یشی خستووەته‌ ئه‌ستۆی پارتیمان وەكو ئه‌وەی ئێمه‌ی پارتی گرفت‌ و جیاوازیه‌كانمان یه‌كلایه‌نه‌ دروستكردبێ!… دیارە له‌ بیریان چۆته‌وە كه‌ له‌ زۆربه‌ی وێستگه‌كاندا سه‌رەڕای هاوبه‌شیان له‌ حوكمرانی كه‌چی له ‌لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر كێشه‌ و گرفتیان دروستدەكرد بۆ كار و چالاكییه‌كانی حكومه‌ت.

لە قسەکانیدا باس له‌ كێشه‌كانی پارێزگای سلێمانی دەكات به‌بێ خستنەڕووی ڕاستیه‌كان و، باس لەوە ناکات کە حزبه‌كه‌ی هۆكاری سه‌رەكییه‌ و ڕێگربووە له‌ ئاوەدانكردنه‌وە و جێبه‌جێكردنی پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌كان و تا دەگاته‌ بابه‌تی ئه‌منیەت و دەستبه‌سه‌رداگرتنی داهاتی ناوخۆی پارێزگاكه و تەواوی ئەو سنوورە، ئەوەیش ڕوونناکاتەوە کە حزبه‌كه‌ی بووەته‌ به‌دیلی حكومه‌ت و ناهێڵێ دامه‌زراوە شه‌رعییەکان ڕۆڵی خۆیان ببینن و، ناشڵێت ئه‌و هه‌موو ئیمكاناته‌ له‌ كوێ به‌دەستدەهێنن كه‌ له‌ جیاتی دامه‌زراوەكانی حکومەت پاره‌ سه‌رفبكه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وە له‌بیری چۆته‌وە كه‌ چۆن دامه‌زراوەكانی حكومه‌تی فیدڕاڵی و دادگای فیدڕاڵی هێناوەته‌ ناو پرۆسه‌ی حوكمرانی هه‌رێم و چه‌ندە چارەسه‌ری كێشه‌كانی به‌و بابه‌ته‌ ئاڵۆزكردووە.

پارتی یه‌ك مه‌رجه‌عیه‌ت و یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌بووە و ئه‌وەی بڕیاری لێدەدرێت جێبه‌جێدەكرێت، ئه‌وە ئاواتی ئه‌وانه‌ هاوشێوەی خۆیان له‌ كوردستاندا په‌یدابكه‌ن، با دڵنیا بێت مه‌رجه‌عیه‌ت و یه‌ك هه‌ڵوێستی پارتی له‌ هیچ وێستگه‌یه‌ك نه‌گۆڕاوە و له‌مه‌ودواش ناگۆڕدرێت. ئه‌گه‌ر پارتی په‌یوەندی خۆی له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌ساسی قسه‌كردن و ته‌سریحاتی كادیر و سه‌ركردایه‌تییه‌كانیان ڕێكخستبووایە دەبوو هیچ كۆبوونه‌وەیه‌ك ئه‌نجام نه‌درابا،‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیڕادەی ڕێككه‌وتن له‌ دەست خۆیاندا نه‌بوو بیانوو زۆرن بۆ تێكدانی زەمینه‌ی ته‌فاهوم و لێكنزیكبوونه‌وە.

خه‌ڵكی كوردستان ئاگاداردەكه‌ینه‌وە كه‌ پارتیمان جدیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام بۆ هاووڵاتیان و یەکڕیزی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا، هەروەکو ئاشکرایشە باسكردنی كێشه‌ و جیاوازییه‌كان به‌و شێوازە و بردنیان بۆ دەرەوەی هه‌رێم ئاماژەیه‌كی نوێ نییه‌ بۆ به‌خه‌مه‌وەنه‌بوونی یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردستانی.

گووته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٣ـی ٧ـی٢٠٢٣