حكومه‌تی هەرێم زیاتر له‌ ترلیۆنێك دینارى بۆ رێگاوبان خه‌رج كردووە

حكومه‌تی هەرێم زیاتر له‌ ترلیۆنێك دینارى بۆ رێگاوبان خه‌رج كردووە

یه‌كێك له‌و سێكته‌رانه‌ى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گرنگى زۆرى پێداوە، رێگاوبانه‌ كه‌ له‌ماوەى ئه‌م حكومه‌ته‌دا دەیان پڕۆژەى رێگاوبان جێبه‌جێ كراوە و كوردستان بووەته‌ خاوەنى ستراتیجیترین رێگا كه‌ دیارترینیان شه‌قامى 150 مه‌ترى له‌ هه‌ولێر و شه‌قامى بارزان له‌ دهۆك و شه‌قامى 100 مه‌ترى له‌ سلێمانى.

د. ئاگرین عه‌بدوڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنه‌وە و نیشته‌جێكردنى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ وردی باس له‌ كار و پڕۆژەكانی رێگه‌وبان و قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی دەکات.

باسی لەوەش کردووە له‌ ماوەی ئه‌و چوار ساڵه‌ی كاركردنی كابینه‌ی نۆیه‌مدا، بڕی تریلیۆنێك و 18 ملیار 492 ملیۆن دیناری عێراقی بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژەی رێگه‌وبانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كراوە، تیشكیش دەخاته‌ سه‌ر پلانی حكومه‌ت بۆ ساڵی 2023 كه‌ به‌ بڕی 500 ملیار دینار پڕۆژەیان پێشكه‌ش كردووە.

د. ئاگرین عه‌بدوڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنه‌وەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌بارەی ئه‌وەی كه‌ له‌ ماوەی چوار ساڵی كاركردنی كابینه‌ی نۆیه‌مدا، بۆ دروستكردنی رێگه‌وبان و قیڕتاوكردنی شه‌قامه‌كان چی كراوە؟ ڕایگه‌یاند، ئه‌وەی هه‌یه‌ له‌ ماوەی چوار ساڵی كاركردنی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وەزارەتی ئاوەدانكردنه‌وە نیشته‌جێكردن كۆمه‌ڵێك پڕۆژەی ڕێگه‌وبانی ئه‌نجام داوە به‌م شێوەیه‌:

یه‌كه‌م/ له‌سه‌ر بودجه‌ی وەبه‌رهێنان 65 پڕۆژەی رێگه‌وبان ته‌واو بووە كه‌ گوژمه‌ی گشتی ئه‌و 65 پڕۆژەیه‌ 883 ملیار و چوار ملیۆن دیناری عێراقی بووە، ئه‌و 65 پڕۆژەیه‌ هه‌زار و 295 كیلۆمه‌تر ڕێی خستووەته‌ خزمه‌تی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه‌وە كه‌ پڕۆژەی دووسایدی گه‌ورەی تێدا بووە، پرد و تونێل و ڕێی لاوەكی و ڕێی گوندیشی تێدا بووە.

دووەم/ له‌سه‌ر بودجه‌ی ئاسایی كه‌ زۆربه‌یان پڕۆژەی مامناوەند و بچووكیان له‌سه‌ر ئه‌نجام دەدرێت، 143 پڕۆژە ته‌واو بوون كه‌ گوژمه‌ی گشتی ئه‌و 143 پڕۆژەیه‌، 14 ملیار و 527 ملیۆن دیناری عێراقی بووە.

سێیه‌م/ ئه‌وەی پێی دەڵێن بودجه‌ی 30%ی داهاتی وێستگه‌كانی كێش كه‌ وەزارەتی ئاوەدانكردنه‌وە داهاتێكی هه‌یه‌، له‌و وێستگانه‌ی كه‌ بارهه‌ڵگه‌رەكانی كێش تێدەپه‌ڕن، بڕێك پارە وەردەگرن و 30%ی ئه‌و پارەیه‌ دەدرێته‌ وەزارەتی ئاوەدانكردنه‌وە بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژەكانی رێگه‌وبان، له‌سه‌ر ئه‌م داهاته‌ 201 پڕۆژەی ڕێگه‌وبان ئه‌نجام دراون كه‌ پڕۆژەی مامناوەند و بچووكن به‌ گوژمه‌ی 11 ملیار و 961 ملیۆن دینار، ئه‌م جۆرە پڕۆژانه‌ ڕێیه‌ سه‌رەكییه‌كان و ڕێیه‌ پارچه‌ پارچه‌كان یاخۆ ڕێیه‌كانی گوندی له‌خۆ دەگرن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ باسى له‌وە كرد كه‌ له‌ پاڵ ئه‌وانه‌شدا وەزارەتی ئاوەدانكردنه‌وە له‌ ڕێی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیی چاككردنه‌وە و پاراستنی رێگه‌وبان كه‌ له‌ زۆربه‌ی پارێزگاكان و ئیدارە سه‌ربه‌خۆكان ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌ هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌كی دەوری به‌ درێژایی ڕۆژانی هه‌فته‌ و هه‌ر 12 مانگه‌كه‌ی ساڵ، چاككردنه‌وەی رێگه‌وبانه‌كان دەكه‌ن، ئه‌م به‌ڕێوەبه‌رایه‌تییانه‌ پێشینه‌كیان له‌ به‌ردەمدایه‌ پێی دەگوترێت پێشینه‌ی چاككردنه‌وەی مانگانه‌یی كه‌ وەزارەتی دارایی دابینی دەكات، له‌ ماوەی ئه‌و چوار ساڵه‌ی كاركردنی كابینه‌ی نۆیه‌مدا ئه‌و به‌ڕێوەبه‌رایه‌تییانه‌ به‌ گوژمه‌ی 30 ملیار دینار كاری چاككردنه‌وەی دەوری و خێرایان له‌سه‌ر رێگه‌وبان و شه‌قامه‌كان كردووە، ته‌نانه‌ت له‌ چوارچێوەی كاری به‌فر ڕاماڵینی رێگه‌وبانه‌كان له‌ وەرزی زستاناندا، یان شوێنه‌واری تێكچوونی شه‌قامه‌كان به‌هۆی با و بارانی به‌هێز. ئه‌م كارانه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی ئه‌و 30 ملیار دینارە ئه‌نجام دراون.

د. ئاگرین گوتیشی، سه‌رجه‌م ئه‌و كار و پڕۆژانه‌ی كه‌ باسی لێوە كردوون له‌ دەرەوەی شاره‌كان ئه‌نجام دراون و سه‌رجه‌میان ته‌واو كراون.

پلانی كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ كار و پڕۆژەی نوێ چییه‌؟
د. ئاگرین ڕایگه‌یاند، بۆ ساڵی 2023 به‌ بڕی 500 ملیار دینار پڕۆژەیان پێشكه‌ش كردووە، ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌ عێراق دانراوە به‌ ڕێكوپێكی وەك خۆی جێبه‌جێ بكرێ و بنێرێ، ئه‌وا 350 ملیار دینار بۆ وەگه‌ڕخستنه‌وەی پڕۆژە وەستاوەكان دانراوە، به‌ بڕی 150 ملیار دیناریش پڕۆژەی تازەیان تۆمار كردووە.

له‌بارەی ئه‌وەی كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ ڕێیه‌ ستراتیجییه‌كانی وەك هه‌ولێر-كۆیه‌ و كه‌لار- سلێمانی كاره‌كانی به‌چی گه‌یشتوون؟
د. ئاگرین دەڵێت ، كارەكانی ته‌واوكردنی ڕێی هه‌ولێر – كۆیه‌ به‌هۆی نه‌بوونی پارە وەستاوە، ڕێی كه‌لار – دەربه‌ندیخانیش وردە وردە ئیشی تێدا دەكرێ و به‌ردەوامه‌.