ڕوونکردنەوەیەک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بەداخەوە پێچەوانەی دەستور و پێچەوانەی ئەو دەقە نووسراوەی پرۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ( ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥) کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ڕێکەوتنی لەسەر کرابوو ، هەروەها پێچەوانەی ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ ، کۆمەڵێک پەرلەمانتاری لایەنەکان دەنگیان بە زیاد کردنی هەندێک بڕگەی نوێ بۆ هەردوو مادەی (١٣و ١٤) ی پرۆژە یاسای بودجە دا ، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دژی ئەم نادادی و غەدرە گەورەیە دەوەستینەوە کە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت و هەوڵەکانمان لە پێناو چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بەگەڕ دەخەین ..

 

ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمانە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جارێکی تر وەک و تەنها حزبی کوردی دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەو دەنگانەی کە دژی مافە یاسایی و دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان وەستانەوە ، بۆ ئەم دژ وەستانەوەشیان بەرامبەر مافە دەستوری و یاسایەکانی خەڵکی کوردستان دەیانەوێت پاسا و بەوە بهێننەوە گوایە پشتگیری گەڕانەوەی بەشێک لە مووچە پاشەکەوت کراوەکانی فەرمانبەرانی کوردستان دەکەن ! ئەمە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و دەمانەوێت بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە کە ئەگەر یاسایی بودجە وەک و ئەوەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەکێتی نیشتیمانی و هەندێک لایەنی تر دەنگیان بۆ داوە تێبپەڕێت ، ئەوا نەک پاشەکەوت ناگەڕێتەوە بەڵکو چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سەرجەم شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە !

 

هۆکاری یەکەمی پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بڕینی بودجەو شایستە دارایەکانی هەرێم لە لایەن بەغدادەوە دەگەڕێتەوە ، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمەش لە فراکسیۆنی پارتی لە هەوڵی جدیدا بووین بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق پابەندێتی خۆی سەبارەت بە دانەوەی بەشێک لە مووچەی پاشەکەوت کراوی فەرمانبەرانی هەرێم جێبەجێبکات ، وە لە حاڵەتێکدا ئەگەر حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەم پابەندیە ئەخلاقیەی خۆیشی جێبەجێ نەکردایە ئەوە بەدڵنیاییەوە لە داهاتوو حکومەتی هەرێم خۆی پلانی بۆ دانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دەبوو ..

 

ئەمەی یەکێتی و نەیارانی هەرێمی کورستان کردویانە پیلانێکی ژەهراوییە دژی هەرێمی کوردستان و هیچی لە خیانەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر کەمتر نییە ..