یه‌كێتی له‌نێوان ترس له‌سه‌ر دیموكراسی و ترس له دیموكراسی هه‌رێمی كوردستان
سانا‌و فەرەیدوون جوانڕۆیی:
ئاشكرایه كه یه‌كێتی له‌ترسی شكه‌ست خواردنی له‌هه‌ڵبژاردنی خولی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، ماوەی پتر له‌ساڵ و نیوێك دەبێت، هه‌موو ڕێگایه‌كی دواخستن و ڕێگریی كردنی له‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی، له كات و وادەی یاسایی خۆیدا، گرته‌به‌ر. هه‌ر له خۆدزینهوە له ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وەی په‌رله‌مان بۆ كاراكردنهوەی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، تا دەگاته پێشنیار كردنی ههمواركردنهوەی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستان به‌بیانووی نا دیموكراسیبوونی، و پاشان هه‌وڵدان بۆ دزینهوەی ده‌ستكه‌وته دیموكراسیه‌كانی هه‌رێم له مامه‌ڵه كردنی له‌گه‌ڵ مافی پێكهاته‌كان له‌بوونی نوێنه‌رایه‌تیه‌كی كارایان له‌په‌رله‌ماندا، دواهه‌مینیشیان تانه‌دان له ئامار و تۆماری دەنگدەرانی هه‌رێم. له‌كاتێكدا لای هه‌موو یاساناس و دیموكراتخوازێك ڕوون و ئاشكرایه، كه بیانوەكانی یه‌كێتی هیچ بنه‌مایه‌كی یاساییان نیه و له‌گه‌ڵ هیچ تیۆرییه‌كی دیموكراسیدا یهكناگرنهوە و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕاستیانه‌ن كه واقیعی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی هه‌رێم پێمان دەڵێن.
ئه‌وەی یه‌كێتی له‌ماوەی ڕابردوودا به‌پاساوی دیموكراسی ئه‌نجامیدا و هێشتاش به‌ردەوامه، ئه‌وەتا هه‌ر دوێنێ (٥/٢/٢٠٢٣) سێ داوای تانه‌دانی نادەستوریبوونی له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢ له‌به‌ردەم دادگای باڵای فیدرالی تۆمار كردووە، له‌وەش سه‌یرتر كه داواكان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مان له‌سه‌ر خودی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كه له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتیه، بهرزكراونهوە. هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش ته‌نها ئه‌و لێكدانهوەیه ههڵدەگرێت كه یه‌كێتی له‌پاشه‌كشه‌ی جهماوەریی خۆیدا، بۆ پاراستنی پێگه‌ی خۆی له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا، دەیهوێت پاشه‌كشه به پرۆسه‌ی دیموكراسی هه‌رێم بكات، و بگرە له‌و پێناوەشدا له‌هیچ هه‌نگاوێك سڵ ناكاتهوە و كه‌سایه‌تی هه‌ر كه‌س و پێگه‌یه‌ك، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتی خۆشی بێت، دەكه‌نه قوربانیی داپۆشینی شكه‌ستی خۆیان له‌وەی كه چیتر ناتوانن پارتێكی سه‌رەكی و كاریگه‌ر و جێگای ڕەزامهندی گه‌لی كوردستان بن.
ده‌ستبردنی یه‌كێتی بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢، دهستبردنیهتی، له‌بێ ئومێدی خۆیدا، بۆ دەستكهوتی دامه‌زرانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئه‌وە یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بوو كه یه‌كه‌م په‌رله‌مانی گه‌لی كوردی به‌شه‌رعیه‌تی ناوخۆیی دامه‌زراند و كردیه چوارچێوەیه‌ك بۆ دەستكهوتهكانی خه‌بات و خوێن و تێكۆشانی پتر له حه‌فتا ساڵی گه‌لی كوردستان. هه‌روەها دهستبردنیهتی، له‌بێ ئومێدی خۆیدا، بۆ ئه‌و دەستكهوته دیموكراسیه‌ی كه گه‌لی كوردستان له‌یه‌كه‌م دەرفه‌تی حوكمڕانیی خۆیدا، له‌ناو ناوچه‌یه‌كی پڕ دیكتاتۆردا، نیشانی جیهانی دا، سه‌رەرای بێنمهكی یه‌كێتی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و یاسایه‌ی كه ساڵانێكه لهڕێگهیهوە به‌شدارە له حوكمرانیی هه‌رێمی كوردستان.
دەبێت بزانین كه دەستبردنی یه‌كێتی بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌هه‌مان كاتدا، لهجههلێكی قوڵیشیهوە به یاسا و دەستور سه‌رچاوەی گرتووە، چونكه به‌پێی ماددەی ١٤١ی ده‌ستوری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقی، هه‌موو یاساكانی هه‌رێم كه له‌ساڵی ١٩٩٢ەوە دانراون كارپێكراو و دەستورین. به‌واتای ئه‌وەی یاساكه هه‌ر خۆی لهبنهماوە دەستورییه، ئیتر چۆن ئێستا وا بهقودرەتی قادر دوای ههژدە ساڵ نادەستوریی بوو، یان ئه‌وەتا له‌ئێستادا بێ ئومێد بوونی یه‌كێتی لهوەدەستهێنانی دەنگی جهماوەری كوردستاندا گه‌یاندویه‌تیه ئه‌و ئاسته‌ی كه مه‌نتیقی قانونیشی لهبیربردۆتهوە.
له‌لایه‌كی دیكه‌وە نابه‌ڵه‌دیی یه‌كێتی له هزری دیمۆكراسی و بنه‌ماكانی دەستور و هه‌ڵبژاردن، گه‌یاندویه‌تیه ئه‌و حاڵه‌ی كه تانه‌كانی لهناوەرۆكی یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمیش، هه‌ر له‌سه‌رەتاوە بێ بنه‌ماو پوچن، چونكه تانه‌ی یه‌كه‌م، كه تایبه‌ته به سیستمی تاك بازنه‌یی هه‌رێم، ئاشكرایه له‌هیچ بنه‌ما و ڕێسایه‌كی دیمۆكراسی و هه‌ڵبژاردندا نه‌هاتووە كه پهیڕەوكردنی شێوازی یه‌ك بازنه‌یی نادیمۆكراسی بێت و پهیرەوكردن له فرەبازنهیی دیمۆكراسیتر بێت، بگرە له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی وەك هه‌رێمی كوردستان فرە حزبیی تێدابێت، سیسته‌می تاك بازنه‌یی دیمۆكراسیترە و ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی له‌و سیستهمهوە ههلدەبژێردرێت پتر ڕەنگدانه‌وەی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگایه، و دەنگی دەنگدەران، به‌تایبه‌تی دەنگدەرانی حزبه بچووكه‌كان، كه‌متر به‌فیڕۆ دەڕوات، ئه‌وە سه‌رەڕای ئه‌وەی كه ئه‌و بابه‌ته دەكهوێته سنووری بژاردەی یاسادانه‌ریی (الخیار التشریعي) په‌رله‌مانه‌وە، به‌واتای لهدەسهڵاتی په‌رله‌مان و ته‌قدیری په‌رله‌مانه چۆن ئه‌و بابه‌ته ڕێكبخات، و به‌پێی پرەنسیپی جیاكردنه‌وەی دەسهڵاتهكان بۆ دەسه‌ڵاتی دادوەریی نیه كه دەستێوەردانی بۆ بكات، بۆ نموونه هه‌ر له‌ژێر سایه‌ی دەستوری عێراقیدا یه‌كه‌م یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقی له دوای دەستوری ساڵی ٢٠٠٥، عێراقی به‌یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن دانابوو و په‌رله‌مانیشی پێ هه‌ڵبژێردراو و هیچ تانه‌یه‌كی نادەستوریبوونیشی لێ نه‌درا، تۆ بڵێی یه‌كێتی له هه‌موو یاساناس و دادوەرە عێراقیه‌كان شارەزاتربێت له دەستور و یاسادا؟!!.
له‌بارەی تانه‌ی دووەم و سێیه‌میش كه تایبه‌تن به سیسته‌می تۆماری په‌راوی و جیاوازی ئاماری دەنگدەرانی هه‌رێمی كوردستان له تۆمارەكانی عێراق و هه‌رێمدا، وەك هه‌واڵی هه‌ندێك سایت ئاماژەیان پێكردووە، دوورونزیك په‌یوەندییان به دەستورەوە نیه و هه‌ندێك بابه‌تی ته‌كنیكین و هه‌ر دادگایه‌كی دەستوریی كه ڕێزی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی بگرێت، هه‌ر زوو ڕەتیان دەكاته‌وە.
ماوەته‌وە بڵێم ئه‌گه‌ر چاوێك بخشێنین به به‌یاننامه ١٨ خاڵیه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان، كه رۆژی ٢/٥/٢٠٢٣ بڵاویان كردەوە، و تیایدا بهدووردرێژی هه‌موو هه‌وڵه‌كانی پارتییان بۆ بیانووبڕینی یه‌كێتی بۆ درێژكردنهوەی ماوەی په‌رله‌مان و دواخستنی ئه‌نجامدانی هه‌لبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، خستۆته‌ڕوو، دەگهینه یه‌ك ئه‌نجام ئه‌ویش ئه‌وەیه:
هه‌موو هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی له‌ماوەی ڕابردوودا بۆ دواخستنی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ترس نیه له‌سه‌ر دیموكراسی له‌هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو ترسه له دیموكراسی هه‌رێمی كوردستان.