بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە مێدیاکاندا وەها خۆیان دەردەخست کە لەگەڵ هەڵبژاردنن، تۆمارکردنی سکاڵاکانی لە دادگای باڵای فیدڕاڵی، سەلماندی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان نایەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
دوێنێ، واتە رۆژێک پێش ئەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیار بوو بڕیاری کۆتایی بدات لەسەر یاسایی بوون یان نەبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، یەکێتی بەپەلە خۆی گەیاندە بەغداو سێ سکاڵای لە دادگای باڵا تۆمار کرد.
یەکێتی، بۆمبێکی هەڵدایە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، کە هاوپەیمانان جەخت لەسەر ئەنجامدانی دەکەنەوە، کە خودی سەرۆکی پەرلەمانەکەی خۆیان پێوە بوو، چونکە سکاڵاش لەسەر بەڕێزیان تۆمار کراوە. هەرچەندە ئەوە بەرێککەوتنی خۆیان ئەوکارەیان کردوەو خودی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بەکارەکە هەستاوە.
پێشتر یەکێتی کۆمەڵێک مەرجی هەبوو لەپێناو دواخستن یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکان، بەڵام پارتی لاری لە مەرجەکان نەبوو، هەرچی وتیان و هەرچی داوایانکرد بەڵێی بۆکراو رێککەوتن، دەرکەوت ئەو مەرج و داوایانەش تەنها بۆ پێناوی ئەنجامنەدان یان دواخستنی هەڵبژاردن بووەو هیچی تر!، دەنا خێرە دوێنێ هانا بۆ بەغدا دەبات، لەکاتێکدا چەندین هەڵبژاردن لە کوردستاندا ئەنجامدراون و کێشەیان نەبووە. ئێستا بەهۆی خراپی دۆخی حزبەکەیان و تێگەیشتن لەوەی کە ناتوانن هێزی دوەمیش مسۆگەر بکەن بۆیە هەرچۆن بووە، دەیانەوێ هەڵبژاردن نەکرێت.
دراسەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و راپۆرتەکانی دەزگای هەڵبژاردنی حزبەکەیان و راپۆرت و راپرسییەکانی دەزگای زانیارییان ئەوەیان بۆ سەلماوە کە بەهەموو شێوەیەک توشی گەورەترین شکست و پاشەکشە دەبنەوە لە هەڵبژاردندا، چونکە چەندین کێشەی قوڵ بەرۆکی یەکێتی گرتوە. یەکێتیش بێگوێدانە لەکەداربونی هەرێم و دیموکراسی و حزبەکانی تر بڕوبیانو و کێشە بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکان دروست دەکات.
هەرچەند ئەمەی کە دوێنێ ئەنجامیاندا راستییەکەی بۆ هەمووان دەرخست کە یەکێتی نایەوێ هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام دیار نییە کە چۆن بەسەریاندا دەشکێتەوە، چونکە ئەنجامدانی هەڵبژاردن جگە لەوەی خواستی پارتی و بەشێک لە حزبەکانە، خواستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشیەتی، بەردەوام جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەنەوە. بۆیە ئەم رێگایەی یەکێتی زۆر بڕ ناکات و هەردەبێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
خدیجە عمر مزوری
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان