بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی كوردستان رایدەگهیهنێت، كردنەوەی بانكی نیشتمان لە هەرێمی كوردستان، دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ کردنەوەى پێشینەكان بۆ هاووڵاتیان و واڵاکردنی دەرگا بۆ بانكەكان تا بکرێنە سیستەم و بە بانکە عێراقى و جیهانییەکان ببەسترێنەوە.
مەولود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی كوردستان، به پێگەی فەرمی حكومەتی ههرێمی كوردستانی راگهیاندووە، بانكی نیشتمان بانكێكی حكومییە، بە یاسای بانكی ناوەندی عێراقی دادەمەزرێت، رێكارەكانی دامەزراندنی دەستپێكراوە و كارەكانی لە هەرێم بە سەرمایەى نزیک بە ٢٥٠ ملیار دینار كۆتایی هاتووە.
ههروەها گوتی: ” ٢ ملیار دینارمان بە کاش لە بانكی ناوەندی عێراقی لە هەولێر داناوە، تەنیا لەسەر بانكی ناوەندی عێراقی ماوەتەوە كە مۆڵەتمان پێ بدات بۆ ئەوەی كارەكانمان ئەنجامبدەین و دەست پێ بكەین”.
لهبارەی سوودی بانكی نیشتمان بۆ هاووڵاتیان، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان دەڵێت: “كە مۆڵەت لە بانكی ناوەندی عێراقی وەردەگرین، واتە هەموو ئەو كارانەی بانكی ناوەندی عێراقی ئەنجامی دەدات لە رووی رێنمایی و یاساوە، ئێمەش لە بانكی نیشتمان جێبەجێی دەكەین، سوودەکانیشی ئەمانەن:
ـ گشت پێشینەكان بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەكاتەوە.
ـ دەرگا وڵا دەكات تا بانكەكانی هەرێم بكرێنە سیستەم.
ـ واڵاکردنی دەرگا بەڕووی دەرەوە و جیهان.
ـ کارکردن لەگەڵ ئەو بانكە نێودەوڵەتییانەی ئێستا كارمان لەگەڵ ناكەن.
ـ لە هەرێمى کوردستان ٩٤ بانك هەن، بە کردنەوەى بانكی نیشتمان، رێژەی بەشێک لە فەرمانبەران كەمدەبێتەوە.
ـ بانكی نیشتمان دەبێته دەرگایەک بۆ وهبهرهێنهران و دروستبوونی متمانە بۆ وهبهرهێنهرانی بیانی.
ـ مانگانە ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری پارهی نهوت لە رێگەى بانکە ئەهلییەکانەوە بۆ مووچهی فهرمانبهران خهرجدەكرێت، بانکى نیشتمان ئەمەش چارەسەردەکات.
سەبارەت به بوونە ئەندامى بانکى ناوەندى عێراق، بهڕێوەبهری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی كوردستان، روونیكردەوە، ئێستا بەهای دۆلار رۆژانە لە بەرزبوونەوەدایە، هەموومان دەپرسین ئایا هۆكار چییە، هۆكارەكەی ئەوەیە بانكی ناوەندی رێژەیەكی كەم دۆلار دەخاتە بازاڕ، ئەگەر ئێمە ئەندام بین لە بانكی ناوەندی عێراقی و بە یاسا مۆڵەت وەربگرین، ئەو كاتە بانكی ناوەندی عێراقی رێژەیەك لەو دۆلارە دەداتەوە بە بانكی نیشتمان و ئێمەش لە هەرێمی كوردستان دەیخەینە بازاڕ، وەرگرتنی دۆلار له بانكی ناوەندی عێراقی و خستنه بازاڕی ههرێمی كوردستان، دەبێته هۆی دابهزینی نرخی دۆلار.