دیار نەمانی داھاتی سلێمانی وایکرد قایمقامی پێنجوین دەست لە کار بکێشێتەوە
بەھۆی دیارنەمانی داھاتی سنووری سلێمانی و نەبوونی خزمەتگوزاری لەلایەن دەسەڵاتدارانی سنوورەکە قائیمقامی پێنجوین دەستی لەکار کێشایەوە
ئەمڕۆ هەینی، زانا رەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن دوای زیاتر لە ٨ ساڵ بەڕێوەبردنی پۆستەکەی لە روونکردنەوەیەکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەو پۆستە ڕاگەیاند، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ماوەی زیاتر لە (٨) هەشت ساڵە ئەمانەتی بەرپرسیارێتی پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن لەسەر شانمە و نێوانی خۆم و خودای گەورە بۆ یەک ساتیش خیانەت و کەمتەرخەمیم لە کارەکەمدا نەکردووە و پۆستی قائیمقامییەتیم بۆ بەرژەوەندی تایبەتیم بەکارنەهێناوە. وە هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری مافەکانی هاووڵاتییانی خۆشەویستی قەزاکەم بووم و لەخۆشی و ناخۆشییاندا بەشدار بووم.
بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێکی جدی لە سنوری قەزای پێنجوێن بدەنەوە و بودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بکەن ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکاری پێنجوێنمان گەیاندووە پێیان.
زیاتر لە ماوەی سێ ڕۆژە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی خۆشەویستی قەزاکەم لەسەر جادەن و داوای چاککردنی بارودۆخی کارەبا دەکەن بەڵام تا ئێستا بێ وەڵام ماوینەتەوە و کێشەکەمان بۆ چارەسەر نەکراوە سەرەڕای ئەوەی دەیان جار لە دەرگای لایەنە پەیوەندیدارەکانمان داوە.
زانا ڕەحمان ڕەحیم
قائیمقامی قەزای پێنجوێن