سێ ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس تێدەپەڕێ
نهێنییەکی نوێ لەسەر کوژرانیان ئاشکرا دەکرێت .
لە ٣ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠ قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران بە هاوەڵی ژمارەیەك گەورە ئەفسەری سەربازی ئێران و حەشدی شەعبی عێراقی لەوانەیش ئەبو مەهدی موهەندیس، لە رێگەی درۆنێكی ئەمەریكی لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كوژران…
عەلی الجمالی، سەركردە لە هاوپەیمانیی فەتح لەم بارەیەوە بە میدیاكانی عێراقی راگەیاند، لە كاتێكدایە دەبوایە ئاسایشی فڕۆكەخانەی بەغدا لە شوێنەكانی دیكە زیاتر بپارێزرێت، بەهۆی ئەوەی قاسم سولەیمانی وەك میوان دەهاتە عێراق، كەچی ئەو ئۆپەراسیۆنە ڕووی دا كە ئەو بە ”تاوان“ لەقەڵەمی داوە.
ھەروەھا ڕوونیشی كردۆتەوە كە لەبەر ئەوەی وادادەنرێت كە سەردانەكە لەژێر پارێزگاری و سەرپەرشتیی دەزگای هەواڵگری كرابێت، دەزگای هەواڵگری ”بەرپرسیارێتی“ی ئەو ئۆپەراسیۆنە هەڵدەگرێت كە لە دژی سولەیمانی و موهەندیسدا كرا.
گوتیشی: ”زانیاریی پشتڕاستكراوەی ئەوتۆ بەردەستە كە پێمان دەڵێت، دەزگای هەواڵگریی عێراقی هەماهەنگی و هاریكاری لەگەڵ لایەنی ئەمریكی كردووە لەم پرۆسەیەدا، هەروەها هەندێك كۆمپانیای سەر بە هەندێك كەس لە ناوخۆی عێراق لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەستیان هەبووە.“
سەركردەكەی فەتح جەختی كردەوە كە ئەو هێرشەی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا ئەنجام درا، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ناوخۆیی پلانی بۆ دانراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتریش لە راپۆرتێكدا كە لە نیوەی یەكەمی ٢٠٢١ بڵاوی كردەوە، ماڵپەڕی (یاهوونیوز)ی ئەمریكی ئاشكرای كرد كە یەكێك لەو لایەنانەی هاریكاریی ئەمریكییەكانیان كردووە لە ئۆپەراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، دژەتیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە. هەرچەندە ئەم هەواڵە بووە هۆی سەرسوڕمانی خەڵكی، بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لە نێوان یەكێتی و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبوو.