پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم كە جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بكەمەوە. گەلی كوردستان هەردەم بڕوای بە ئاشتی و برایەتی بووە و خوازیاری ئەوەیە كێشە و گرفتەكانی لە ڕێگەی دیالۆگ و بە زمانی لەیەكتێگەیشتن و دووركەوتنەوە لە دەمارگیری و نكۆڵیكاری چارەسەر بكرێت.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش پێمانوایە ئێستا هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق لەئارادایە و بە هەموو توانایەك پشتگیریی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە دەكەین كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەروەها لەنێوان حكوومەتی هەرێمی و حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق بەستراون.

ئەو چاوەڕوانییە هەیە كە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوەكانی حكوومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و، بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی گەلانی عێراق و هەروەها ڕەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازاندا بێت.

لە كۆتاییدا ئومێدی ئەوە دەخوازم ساڵی تازە، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق و، ئاشتی و تەبایی بۆ ناوچەكەمان و سەرجەم مرۆڤایەتی بێتە دی.

مسعود بارزانی

31ی كانوونی یەكەمی 2022

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *