سەرۆک بارزانی بە جیا پێشوازی لە ھەردوو کونسوڵی گشتی هۆڵەندا و کۆریای باشوور لە هەولێر دەکات
ڕۆژی سێشەممە 20 کانوونی یەکەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز یاکو بریندز کونسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا پەیوەندییە دۆستانە و مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا خرایە بەر باس بەتایبەت لە شەڕی دژی تیرۆر کە هۆڵەندا بەشێک بوو لە هەوڵی نیودەوڵەتی لە یارمەتیدانی پێشمەرگە بۆ شکاندنی داعش.
تەوەرێکی تری ئەو دانیشتنە ئاساییشی خۆراک و پێویستیی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ بوو بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ لە تەنیشت سەرچاوە پڕ خێر و بەرەکاتەکانیتری کوردستان.
ھەر ئەمڕۆ سێشەممە ، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە چۆ کیچۆنگ کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور کرد
لە دیدارەکەدا کونسوڵی کۆریای باشوور پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی هەبوو لە پاراستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان
و فرەلایەنی و ڕاشیگەیاند کە ئەو فرەییە جوانی و هێز و دەوڵەمەندیی داوەتە کوردستان و هەروەها ئەو هاوسەنگییەی لەناو پێکهاتەکاندا هەیە بووەتە هۆی سەقامگیری.
هەروەها کونسوڵی کۆریای باشوور پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شکاندنی داعش هەبوو.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی جەختی لە پاراستنی فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و پێکەوەژیانی برایانەی پێکهاتەکان و گەرەنتیکردنی سەقامگیری و ئاسایش کردەوە.
هەروەها سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپات کردەوە کە پێویستە
هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت چونکە هەڕەشەیە بۆسەر هەموو ناوچەکە و پێکهاتەکانی.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نیوان کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان کرایەوە.