یەکێتی چۆن کەرکوکی ڕادەستی حەشد کرد؟

سەرۆك بارزانی لە کتێبی بۆ مێژوو باسی سەقەفەی نەهێنی یەکێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێت:

دوای سەرکەوتنی ڕیفراندۆم هەندێ باس لە گۆڕێ بوو کە بەشێکی یەکێتی سەرقاڵی جورێک لە سەودا (سەقەفە)ـــی نهێنین لەگەڵ حەشد بۆ بەدەستەوەدانی کەرکووک. لە 12ــی ئوکتۆبەری 2017 بەشێک لە هێزەکانیان بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لە باشووری کەرکووک کشاندەوە بەبیانوی ئەوەی دوای شەڕی داعش پێویست بەوە ناکات هێز لەو ناوچانە بمێنێت، هەر هەمان ڕۆژیش هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی لە میحوەری باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووک هەوڵی پێشڕەویان دابوو بەڵام لە لایەن هێزی پێشمەرگە بەرپەرچدرانەوە.

لە ڕۆژی 13ــی 10ــی 2017 ــیش هێزەکانی پشتیوانی 2 بە فەرمانی بەرپرسێکی سەربازی یەکێتی پێگەی خۆیان لە گوندی ستراتیژی عەبادات چۆڵ کرد و ڕێگەی سەرەکی خورماتوو ــ کەرکووک کەوتە دەست حەشدی شەعبی و دابڕان لە نێوان ئەو پێشمەرگانەدا دروست بوو کە لە خورماتوو هەتا داقوق سەنگەریان گرتبوو. لە 12 و 13ــی ئوکتۆبەر هەتا 15ــی ئوکتۆبەر بە درێژایی بەرەکان لەو میحوەرەدا ناوچەکانی سەبعە نیسان و داقوق و دوزخورماتو و مریەم بەگ هەر هەمووی لە ڕێککەوتنێکی نهێنیدا ڕادەستی ئێرانییەکان و حەشدی شەعبی کرابوون.

لە 15ــی ئوکتۆبەری 2017 لە ماڵی خوالێی خۆش بێ مام جەلال لە هاوینەهەواری دوکان بەشداریی کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتیم کرد، لە کۆبوونەوەکەدا برادەرانی یەکێتی باسی پێشنیارێکیان کرد کە بۆ هەماهەنگی نێوان هەر سێ لا هێزێکی پێشمەرگە و هێزێکی ئەمریکی و هێزێکی عێراقی لە سەربازگەی k1 ــی کەرکووک جێگیر ببن و بۆ ئەوەی شەڕ لە کەرکووک دور بکەوێتەوە، لیوای پاسەوانی سەرۆک کۆماریش شاری کەرکووک بپارێزێ. زۆر روون بۆ کە ئەمە ڕاست نیە چونکە بابەتی هەماهەنگی شتێکی ئاسایی بۆ پێشتریش لە زۆر شوێن بنکەی هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمریکیەکان و پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەبوو. جگە لەوەش زۆر زەحمەت بوو کە ڕێگە بدەن لیوای پاسەوانی سەرۆک کۆمار بێتە کەرکووک.

هەر لە سەرەتایی کۆبوونەوەکەی دوکان دیار بوو کەشوهەوایەکی نا سرووشتی لای برادەرانی یەکێتی هەیە، دوای ئەوە نێچیرڤان بارزانی کە ئەو کات سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو، پرسیاری لێ کردن کە ئایا هیچ ڕێککەوتنێکتان کردووە؟ لە وەڵامدا چ ئەوانەی ڕێککەوتنیان کردبوو و ئەوانەشی ئاگایان لەڕێککەوتن نەبوو گوتیان ئاگامان لە ڕێککەوتن نیە، کەچی دواتر دەرکەوت هەندێ کەسی ناو یەکێتی ڕێککەوتنیان بەبێ ئاگاداری دامەزراوەکان و ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و سەرکردایەتی کوردستان کردبوو. تەنانەت بەشێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش ئاگای لەم ڕێککەوتنە نەبوو کە بە هۆیەوە کەرکووک ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئێرانی و عێراقی کرا. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەی دوکان بڕیار درا سەرۆک کۆمار دەستبەجێ بگەڕێتەوە بەغدا بۆ مەبەستی هەماهەنگی و گفتوگۆی بنیاتنەرانەی نێوان هەرێم و بەغدا، سەرۆک کۆمار گەڕایەوە بەغدا بەڵام کەس ئامادە نەبوو لەگەڵیدا دابنیشێت.
هەر لە هەمان ڕۆژی کۆبوونەوەکەی دوکان لە 15ــی ئوکتۆبەری 2017 لە کاتی کۆبوونەوەکەدا شا عەبدوڵڵای پاشای ئۆردۆن بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوە کردم و گوتی تۆ و عەبادی وەرن میوانی من بن بۆ ئەوەی باسی گرفتەکان بکەین بگەنە لێکتێگەیشتنێک، ئەیاد عەللاویش ئاگاداری ئەم داواکارییەی شای ئۆردۆن بوو. پێم گوت من ئامادەم بێم بەڵام فڕۆکەخانەیان گرتووە، شا عەبدوڵڵا گوتی من خۆم فڕۆکەت بۆ دەنێرم. عەبادیش لە وەڵامی ئەو دەستپێشخەرییەی شای ئۆردۆندا گوتبووی بە مەرجێک ئامادەی ئەو دانیشتنە دەبم کە پێشتر مەسعود بارزانی بێتە سەر تەلەفزیۆن و هەڵوەشاندنەوەی ڕێفراندۆم ڕابگەینێت. ئەو مەرجەی عەبادی بۆ کۆبوونەوە زۆر نابەجێ بوو و خۆشی چاک دەزانی کە کەس ئەو ماف و ئەو نوانایەی نیە کە دەنگی ملیۆنان هاوڵاتی هەڵوەشێنێتەوە. بەڵام ئەو داوا نابەجێیەی نیشانەی لە خۆباییبوونی بوو و جۆری عەقلییەتی دەردەخست.