ناوەندی هاوكاریی: سوپاسی بێ پایانی جەماوەری خەڵكی باشوری كوردستان دەكەین

ناوەندی هاوكاریی: سوپاسی بێ پایانی جەماوەری خەڵكی باشوری كوردستان دەكەین

لەپاش هێرشی موشەكی و درۆنەكانی رژیمی ئیسلامی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان كە بەداخەوە ژمارەیەك پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری حیزبەكان و ژن و منداڵ شەهید و برینداربوون، شەپۆلێكی بەرین لە هاودڵی و هاوخەمی لەلایەن خەڵكی باشوری كوردستان لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك و بەتایبەتی لەو ناوچانەی بارەگای حیزبەكانی رۆژهەڵاتی لێبووە ئاراستەی حیزبەكان كرا. هەر كەس لەلایەن خۆیەوە باوەشی گەرمی بۆمان كردەوە ئامادەیی خۆیان بۆ هەر جۆرە هاوكارییەك نیشاندا و بەمەش هەستی ئینسانی و نیشتمانپەروەرانە و نەتەوەیی خۆیان بە گەرموگوڕی نیشاندا.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەم رێگەوە سوپاسی سەرجەم خەڵكی بەشەرەفی باشوری كوردستان و هەموو كەسانە دەكات كە بەشێوازی جۆراوجۆر هاوخەمی خۆیان ئاراستە كردین و دەرگای دڵ و ماڵەكانیان بەڕووماندا واڵا كرد، ئەگەرچی هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕوان دەكرا. سوپاسی ئەو دكتۆر و پەرستارانە دەكەین كە لەكاتی رووداوەكەدا خۆبەخشانەو بە خێرایی و بەدەمانەوە هاتن و چارەسەری بریندارەكانیان كردین.

ئەم هەڵوێستە جوامێرانەی خەڵكی باشور جارێكی دیكەی ئەوەی سەلماند كە هەر خۆمان پشتوپەنای یەكترین و ئەمەش باشترین وەڵامە بۆ ناحەزانی كورد وەك كۆماری ئیسلامی كە هەمیشە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەكی لەنێوان كوردانی باشور و رۆژهەڵات و پارچەكانی دیكە دەدات.

ئەزمونی هەرێمی كوردستان گلێنەی چاوی هەموو كوردێكە و فەرزە لەسەر هەموومان وەك گلێنەی چاو بیپارێزین.

سڵاو لە خەڵكی بەشەرەف و نیشتمانپەروەری هەرێمی كوردستان

بڕوخی كۆماری پەت و سێدارە

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *