‎مه‌سرور بارزانی: داوا له‌ حكومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن

‎مه‌سرور بارزانی: داوا له‌ حكومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێودەوڵه‌تی دەكات سنوورێك بۆ ئه‌و دەستدرێژییانه‌ دابنێن

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی دەرچوونی قوتابیانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین له‌ هه‌ولێر دەكات.

له‌ میانه‌ی گوتارێكدا مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، زانكۆی سه‌لاحه‌دین رۆڵێكی به‌رچاوی له‌ ئاوەدانكردنه‌وەی وڵات هه‌بووە.

ئه‌وەشی خسته‌ڕوو، زانكۆی سه‌لاحه‌دین بنه‌ما و سه‌رچاوەی زۆرێك له‌ زانكۆكانی كوردستان بووە و سه‌رۆك بارزانی له‌ ساڵه‌ سه‌خته‌كاندا پشتگیری تایبه‌تی له‌ زانكۆكاندا كردووە.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: دڵنیاتان دەكه‌مه‌وە حكومه‌تی هه‌رێم به‌ هه‌موو هێز و توانای خۆی هەوڵدەدات، زانكۆكانمان كه‌ پێویستیان به‌ په‌رەپێدان و پێشكه‌وتنی زیاتر هه‌یه‌ بۆیان دابین بكه‌ین، بۆ ئه‌وەی بتوانن پێشبڕكێ له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ناوچه‌كه‌ و جیهانیش بكەن و له‌ ئاست پێشكەوتنی زانستی و تەكنۆلۆژیای ئه‌م سه‌ردەمه‌دا بن.

هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵێك دەخه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ یارمه‌تیدان و چاكسازی كه‌رتی په‌روەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا و پێشخستنی زانكۆكانی كوردستان، بۆ ئه‌وەی زانكۆكان ته‌نیا شوێنی به‌خشینی بڕوانامه‌ و كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤی بڕوانامه‌دار نه‌بن، به‌ڵكو دەزگا و ناوەندێكی گرنگی داهێنان و پێشكه‌وتن و گۆڕانكاری بن له‌ كۆمه‌ڵگەدا، بۆ ئه‌وەی بتوانن نه‌وەیه‌كی هۆشیار و نیشتمانپه‌روەر و مرۆڤ دۆست و ژینگه‌پارێز په‌روەردە بكه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتارەكه‌یدا، مه‌سرور بارزانی گوتی: له‌ ماوەی رابردوو، بە بیانووی جیاجیا و بێ پاساو په‌لاماری وڵاته‌كه‌مان دەدرێت و پێشێلی سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌مان ده‌كرێت و پێشێلی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان دەكرێت، ئێمه‌ وه‌ڵامی ئه‌م جۆرە هه‌ڵوێستانه‌ به‌وە دەدەینه‌وە خۆمان و وڵاته‌كه‌مان بەهێز بكەین، تا ئێوە زیاتر بتوانن به‌ زانست و خۆشەویستنی وڵات و لێبوردن به‌هێزتر بكەن، وڵاتێكی به‌هێزترمان دەبێت و دەتوانین رووبەڕووی هەموو ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ ببینەوە كه‌ دێنە سه‌ر رێگه‌مان.

هه‌روه‌ها گوتی: ئەو په‌لامارانەی دەكرێنە سه‌ر خاكه‌كه‌مان چارەسه‌ری هیچ گرفتێك ناكەن، ئێمه‌ گه‌لێكی ئاشتیخوازین، نامانەوێت كێشە بۆ هیچ وڵاتێكی دراوسێ درووست بكەین، په‌یامی ئێمه‌ په‌یامی ئاشتیی و ئازادیی و رێزگرتنه‌ له‌ یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای رێزی به‌رامبه‌ر.

دووپاتیكردەوە، ئێمه‌ دەمانەوێت وڵاته‌كەمان پێشبخەین و بژین، ئەوانەی یارمه‌تیمان دەدەن سوپاسیان دەكه‌ین، ئەوانەش نایانەوێت یارمه‌تیمان بدەن، با له‌مپه‌ر له‌سه‌ر رێگه‌مان درووست نەكەن، چونكه‌ ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌ بژین و پێشكەوین و وڵاتمان ئاوه‌دان بكەینه‌وە و نه‌وەكانمان به‌ چه‌كی زانست به‌هێز بكەین و به‌رەو ئاسۆیه‌كی گه‌شتر هه‌نگاو بنێین.

له‌ كۆتایی وتارەكه‌یدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ئێمه‌ سه‌ركۆنەی هه‌موو ئەو په‌لامار و دەستدرێژیانه‌ دەكه‌ین، كه‌ دەكرێنه‌ سه‌رمان، داوا له‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و كۆمه‌ڵگەی نێودەوڵه‌تیش دەكه‌ین، كه‌ سنوورێك بۆ ئه‌و په‌لامار و دەستدرێژییانه‌ دابنێن.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *