پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٦٥)ەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٦٥)ەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و پێشڕەویی پارتیمان لە (١١ی ئەیلوولی ١٩٦١)، کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر چارەنووسی سیاسیی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانیمان؛ شۆڕش بە پەیامێکی هەقخوازانە و ڕەوا سەلماندی، کە ڕەگ و ڕیشەی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەبن نایەن و تا بەدیهێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەن.

ئەو بزووتنەوە سیاسییە لەو هەلومەرجەی ئەوسادا لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە، هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی بوو، ناسنامەیەکی جیاوازیشی هەبوو بە جۆرێک خەباتێکی نەپساوەی گشتگیر بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەوەزەنگی زۆرداری و نەهامەتی.

یەکێک لە بنەما بێوێنە و ڕەسەنانەکانی شۆڕش، ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی فرەڕەنگی کوردستان و کولتووری شۆڕشگێڕیی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بوو، لەسەرینی ئەمەشەوە شۆڕشێکی درێژخایەن، مەزن و سەرتاسەری بوو، لەو ڕێگایەشدا لەسەرجەم چین و توێژەکان، شۆڕش قوربانییەکی بێشوماری پێشکەش بە خاک، نەتەوە و کێشە ڕەواکەمان کرد.

شۆڕشی ئەیلوول و پارتیمان بە نەخشەڕێگایەکی نوێ، گونجاو و ڕێکوپێک بۆ بەدیهاتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نەتەوەکەمان ڕێگای تێکۆشانی گرتەبەر و هەرگیزاوهەرگیز لەسەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازە لایان نەدا، نەک لە پیلانگێڕی و ناپاکیەکان سازش و سڵ نەکرایەوە، بەڵکوو سوورتر بووین لەسەر جۆشدان و ڕابوونی سیاسی، ئابووری، کولتووری، هۆشیاربوونەوە و گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەرتاسەری کوردستانی کردە یەک هێز و یەک دەست، هەموو سنوورە ناوچەیی، ئایینی و مەزهەبییەکانی سڕییەوە و تەواوی گەلی کوردستانی لە چوارچێوەی هێزێکی بەرهەڵستکارانەی پتەو دژ بە دیکتاتۆری و ستەمکاران، بەرەو یەک ئامانج یەکخست.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تەنیا دەروازەی یادگە و
یادەوەرییەکی هاوبەش و زیندووی گەلەکەمان نییە، بەڵکوو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی بۆ قۆناغێکی سیاسیی پێشکەوتووتر گواستەوە، بە جۆرێک لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی ناوخۆیی و جیهانیدا وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێت و چەندین دەستکەوتی گرنگ و مێژووییش بەدیبێنێت لەوانەش: ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، زەمینەساز و پاڵنەری ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و، بنیاتنانی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێم.

ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین وەک هەمیشە جەخت لەسەر ڕێبازی ڕەگداکوتاوی کوردایەتی، نەتەوەیی و ڕێبازی بارزانی و پارتایەتیمان بکەینەوە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوهەڵوێستیی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان، پاراستنی قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان.

لەو یادە مەزنەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری
دڵسۆزی کوردستان و خەباتکار و پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕش دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆییی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و ڕێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان، سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لەم بۆنە گرنگەدا، پەیمان بۆ سەرۆک بارزانی، بۆ گەل و نیشتمان دووپاتدەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازی بارزانی بەردەوامبین بۆ بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکانی گەلەکەمان.

سڵاو لە بیرەوەریی (٦٥) ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.

سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو.

بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان.

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button