هانا چۆمانی: بەهۆی خیانەتی سیاسییەكی ناوخۆیی، خەریكە كێشە بۆ دەروازەی سێمێلكا دروست دەبێت

🔶 هانا چۆمانی: بەهۆی خیانەتی سیاسییەكی ناوخۆیی، خەریكە كێشە بۆ دەروازەی سێمێلكا دروست دەبێت
ڕۆژنامەنووسێکی دیاری کوردستان ئاشکرای دەکات، ” فشارێكی زۆری نێودەوڵەتی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ توندكردن و كۆنتڕۆڵكردنی دەروازەی سێمێلكا، كە خەڵكی باشووری كوردستان و هاوكارییەكان نەتوانن بگەیەندرێتە ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەشی بە خیانەتی سیاسییەكی ناوخۆیی .
هانا چۆمانی، ڕۆژنامەنووس، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووک) لەسەر دۆخ و پەیوەندیی ئێستای نێوان ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان، نووسیوویەتی: “سێمێلكا مەکەنە بەڕەڵایی! فشارێکی توند لەسەر حکومەتی هەرێم هەیە.”
هەروەها نووسیوویەتی: “هەر کەسێک هەڵدەستێت، دەڵێت، دەچمە ڕۆژئاوا و کیلۆیەک شەکر، فەردەیەک برنج و قوتوویەک دۆشاوی تەماتەم پێیە. یا دەڵێت دەچم شەڕ دەکەم، بەبێ ئەوەی بزانێت دۆخەکە چۆنە یان ڕێگای چوون چۆنە، چونکە نازانێت ئەمە وەک شەڕی دا.عش نییە و حیساباتی سیاسیی توندی لەسەرە. من سوپاسی هەر کەسێک دەکەم کە هاوکاریی ڕۆژئاوای كوردستان بکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان شوێنی تایبەت و کەمپین هەیە، بڕۆ بیدە بەوان و مەڵێ (خۆم دەیبەم) تەنها بۆ ئەوەی بچیت لەوێ وێنەی پێوە بگریت.”
دەشڵێ، “ئێستا بەهۆی خیانەتی ناوخۆی سیاسییەک (کە دەیەوێت لە دەرەوە خۆی شیرین بکات)، چونکە بەو هەڵمەتە کوردایەتییەی هەیە. ڕێگای بەغدا لێ کردووەتە دۆزەخ، خەریکە کێشە بۆ سێمێلكا دروست دەبێت. جەزیرەی کەزاب و میدیا عەرەبییەکان هێرشێکی میدیایی توندیان دەست پێکردووە بۆ سەر دەروازەی سێمێلكا، گوایە بووەتە دەروازەیەکی جیهانی بۆ هەسەدە، تا چە.ک و چەکداری ئەورووپی و کورد و بیانی ڕوو لە ڕۆژئاوا بکەن.”
ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە “ئێستا قەتەر، سعوودیە و تورکیا بە پشتیوانیی ئەمریکا، فشارێکی زۆر گەورەیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە بەوەی دەبێت دەروازەکە توند بکات و کۆنتڕۆڵی بکات. تا ئێستا حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە، سەرۆکی حکومەت گوتوویەتی: ئێمە کارێکی نایاساییمان نەکردووە، تەنها کەلوپەل و پێداویستیی مرۆیی بۆ خەڵک دەڕوات وەک ئەرکێکی مرۆیی و کوردایەتی.”



