بەیاننامەیەک لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانەوە

بەیاننامەیەک لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانەوە
بەداخەوە لەکاتێکدا کەوا هەموو لایەک چاوەڕێ بوون کە وەزارەتى داراییى فیدڕاڵ و حکومەتى فیدڕاڵ پابەندییەکانى خۆى بەرانبەر هاووڵاتییان و مووچەخۆرانى کوردستان جێبەجێ بکات و شایستە داراییەکان بەپێى رێکەوتننامەى واژۆکراو بنێرێت، کەچى بەبێ رەچاوکردنى دەستوور و یاساى بودجە و بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵ و بێباکانە و یەکلایەنە و بەشێوەیەکى نایاساییى بڕیاریان دا بە ڕاگرتن و وەستاندنى شایستە داراییەکان و مووچەى فەرمانبەران و خاوەن پێداویستیى تایبەت و کەسوکارى شەهیدان.
ئەو هەڵسوکەوتە نایاساییە وەزارەتى داراییى عێراق کە سزادانى بەکۆمەڵى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، کە بەپێى دەستوور و یاسا هەمان ماف و ئیمتیازاتى مووچەخۆرانى بەشەکانى دیکەى عێراقیان هەیە، لەگەڵ پرەنسیپە یاساییەکان یەکناگرێتەوە و بەداخەوەش ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى فیدڕاڵیش دەسەڵاتى یاساییى خۆیان بۆ ناردنى مووچە بەکارنەهێنا.
داواکارین حکومەتى فیدڕاڵ و وەزارەتى داراییى بەو بڕیارەى خۆیان دا بچنەوە و بە زووترین کات، مووچە و شایستە داراییەکانى فەرمانبەران و هەرێمى کوردستان بنێرن و نەکەونە ژێر فشارێکى هیچ لایەنێک و ئەجێنداى گرووپى لەیاسا دەرچوو.
دیباجەى دەستوورى هەمیشەیى عێراق بەبیرى دەسەڵاتدارانى عێراق دەهێنینەوە، کە جێبەجێکردنى بڕگەکانى دەستوور زامنى یەکپارچەیى و یەکیەتیى عێراقە.
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان