بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران: بە چاودێریی مەسرور بارزانی ماستەرپلانی گەشتیاریی سۆران جێبەجێ دەکرێت

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران: بە چاودێریی مەسرور بارزانی ماستەرپلانی گەشتیاریی سۆران جێبەجێ دەکرێت

ڕۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەبارەی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی گەشتیاریی سنووری سۆران ڕایگەیاند؛ دوو ساڵ پێش ئێستا تیمێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان کرد بە مەبەستی ئامادەکردنی ماستەرپلانێک بۆ پەرەپێدانی شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکە. دواتر ماستەر پلانەکە لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت و لایەن تیمێکی پسپۆڕی نێودەوڵەوتییەوە؛ بە ستانداردێکی جیهانی و مۆدێرن، ئامادە و دیزاینی بۆ کرا.

لەبارەی جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە، د. فەیسەڵ سادق باسی لەوەش کرد، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە، 24ـی تەممووزی 2025، لە گەلی عەلی بەگەوە، وەکوو هەنگاوی یەکەم دەستمان بە جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە کردووە؛ چەند ڕۆژێکە ئەو شوێنە گەشتیارییە داخراوە و کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکرێت کە یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی هەرێمی کوردستان و وەکوو ناسنامەیەکە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی ئەو ماستەرپلانەی ئامادە کراوە، نزیکەی پێنج ساڵە و دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی گەلی عەلی بەگ، ناوچە گەشتیارییەکانی بێخاڵ، باڵەکایەتی، سیدەکان، ڕواندز و شوێنەکانی دیکەش نۆژەن دەکرێنەوە.

وەکوو د. فەیسەڵ باسی کرد، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە نزیکەوە چاودێریی جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە دەکات و ئەمەش وایکردووە، کارەکان خێراتر و باشتر بەڕێوەبچن. گوتیشی، ئامانجی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە قاڵبە لۆکاڵییەکەی بێتە دەرەوە و بچێتە نێو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و بتوانێت زیاتر سەرنجی گەشتیارانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش داوە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆڵەکەی ژینگەیی و مێژوویی لەبارەی هەیە بۆ ئەوەی، دوای جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە، ناوچە گەشتیارییەکانی بە نێودەوڵەتی بکرێن و ژمارەیەکی زیاتری گەشتیاران سەردانی بکەن؛ تەنانەت لە داهاتوودا ببێتە پایتەختی گەشتیاریی کوردستانیش کە وەکوو خۆی گوتی “خەون و ئامانجی سەرەکیی ئێمەیە.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکەیان کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button